پاسه‌وانى به‌رپرسێكى یه‌كێتى رفێندرا

هەواڵ / کوردستان :: 11/12/2019‌ :: 9493‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان و یوسف 

پاسه‌وانى به‌رپرسێكى یه‌كێتى له‌ كه‌ركوك،  له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداره‌وه‌ له‌ سنوورى پارێزگاى دیاله‌ رفێندراوه‌ و له‌ئێستاشدا بۆ ئازادكردنى داواى پاره‌ له‌ كه‌سوكاره‌كه‌ى ده‌كه‌ن. 


سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئاسایشى گه‌رمیان (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 11ى كانونى یه‌كه‌مى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: كارمه‌ندێكى هێزه‌كانى ئاسایش و دوو كه‌سى دیكه‌ كه‌ دانیشتووى كه‌ركووكن دوێنێ به‌مه‌به‌ستى كڕینى ئۆتۆمبێل چونه‌ته‌ سنوورى پارێزگاى دیاله‌ و دواتر له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداره‌وه‌ كه‌ گومان ده‌كرێت داعش بن رفێندراون و ئه‌مڕۆ دوو كه‌سه‌كه‌ ئازادكراون، به‌ڵام كارمه‌نده‌كه‌ى ئاسایشیان هێشتوه‌ته‌وه‌. 

وتیشى: "ئه‌و كارمه‌نده‌ى ئاسایش ناوى (ناجی زاهیر)ه‌ و پاسەوانی تایبەتی عەمید چەتۆ بەڕێوبەری جموجوڵى ئاسایشى یه‌كێتی-بووه له‌ كه‌ركوك و له‌ئێستادا چه‌كداره‌كان له‌گه‌ڵ كه‌سوكاره‌كه‌ى كه‌وتونه‌ته‌ گفتوگۆ و له‌به‌رامبه‌ر ئازادكردنى داواى پاره‌ ده‌كه‌ن". 

ناجی زاهیر (تەمەن 48 ساڵ) دانیشتووی گەڕەکی حەی عەسکەری شاری کەرکوکه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان (ناجى) پاش ئەوەی لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە ئۆتۆمبێلێکی دیاریکردووه‌ تاوەکو لەچەند کەسێکی بەڕەگەزعەرەبی بکڕێت چووه‌ته‌ دیاله‌ و له‌وێ رفێندراوه‌.

بەکر سدیق، زاواى رفێندراوه‌كه‌ به‌ دواڕۆژى وت: بەپێی وتەی یەکێک لە هاوڕێکانی ناجی ئەو کەسانەی رفاندنه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه‌ چەکداربوون.

وتیشى: "لە بەرامبەر ئازادکردنی داوای بڕی 40 دەفتەر دەکەن و ئێمەش لایەنە ئەمنیەکان و دادگامان ئاگادارکردۆتەوە، بەڵام تائێستا هیچ سەرەداوێک نەدۆزراوەتەوە".

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure