شوێنه‌واره‌ ڕوخاوه‌كه‌ نۆژه‌نده‌كرێته‌وه‌

هەواڵ / که‌لتور :: 11/12/2019‌ :: 117‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 


دواى ئه‌وه‌ى به‌ هۆى باران بارینه‌وه‌ به‌شێك له‌ قه‌یسه‌رى كۆنى كفرى داڕوخاو نیگه‌رانى هاووڵاتیان و چالاكوانانى لێكه‌وته‌وه‌، وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار بڕیارده‌دات قه‌یسه‌رییه‌كه‌ نۆژه‌نبكاته‌وه‌. 


به‌رزان كه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى شاره‌وانییه‌كانى گه‌رمیان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند؛ بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی شاری کفری بە تایبەت قەیسەرییەكه‌ى دێرینه‌كه‌ى کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە هۆی باران بارینەوە داڕوخا، سه‌ردانى وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزاریان كردووه‌. 


وتیشى: "بڕیاریداوه‌ هه‌موو هاوكارى و پشتیوانییه‌كیان بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى قه‌یسه‌ریه‌كه‌ بكات و و هه‌روه‌ها به‌نده‌شى ڕاسپار بۆ ئه‌وه‌ى لیژنه‌یه‌كى به‌دواداچوون دروست بكرێت بۆ دیاریكردنى زیانه‌كانى قه‌یسه‌رییه‌كه‌ و ده‌ستكردن به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى". 


عوبێد محه‌ممه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى شوێنه‌وارى كفرى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌و قه‌یسه‌رییه‌ سێ ده‌روازه‌ى هه‌یه‌ كه‌ پێكهاتوون له‌ ده‌روازه‌كانى سلێمانى، رۆژهه‌ڵات و به‌غدا، به‌ڵام له‌ ساڵانى رابردوودا ده‌روازه‌كانى سلێمانى و ڕۆژهه‌ڵات داڕووخاون و ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه‌ ده‌روازه‌ى به‌غدایه‌ و له‌ چه‌ند ڕۆژى رابردوودا به‌شێكى ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ش داڕوخا.

وتیشى: "به‌هۆى باران بارینه‌وه‌ ئه‌م به‌شه‌ى دواییى داڕوخاوه‌ كه‌ به‌ ده‌روازه‌ى به‌غدا ناسراوه‌ و ئه‌و به‌شه‌ى كه‌ داڕوخاوه‌ پێكهاتووه‌ له‌شه‌ش دوكان".


قەیسەریی کفری، گرنگیی مێژوویی هەیە و لەگەڵ دامەزراندنی شاری کفرییەوە دروست کراوە، لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەم قەیسەرییە ساڵانە بە هۆی بارانەوە تووشی داڕوخان دەهات، بەڵام ئەمساڵ زیانى زۆرى پێگه‌یشت.

 

پ: ک. س






created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure