تەمەن و سەركەوتن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 11/12/2019‌ :: 248‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


قسەیەكی بەناوبانگی ئەنیشتاین هەیە دەڵێت: "ئەو كەسەی هەتا تەمەنی 30 ساڵی بەشداری مەزنی نەبێت لە زانستدا ئەوا لە قۆناغەكانی دواتری ژیانیدا هەرگیز نایبێت".

توێژینەوە زانستییەكان بە تایبەت توێژینەوەكانی بواری جینەكان راستیەكی سەرنجراكێشیان بەرجەستە كردووە. دیارە سەركەوتن هۆكار و سەرهەندی زۆری هەیە، بەڵام یەكێك لە پێداویستییە گەورەكانی سەركەوتن چۆنیەتی ئەنجامدانی كارەكەیە. سەركەوتن ئەوەیە كۆمەڵگا چۆن سەیری ئەنجامی كارەكەت دەكات و چۆن دەینرخێنێت، دیارە ئەمەش پەیوەستە بە خۆتەوە كە چۆن كارەكە ئەنجام دەدەیت بۆ نموونە خێراییەكەت چەندە، چ تابلۆیەك دەنەخشێنیت، چ رۆژنامەیەك بڵاودەكەیتەوە و تادوایی.. بە واتایەكی دیكە سەركەوتن پەیوەندی بە كۆمەڵگاوە هەیە و كۆمەڵگا بڕیاری لەسەر دەدات، بەڵام چۆنیەتی ئەنجامدانی كارەكە پەیوەندی بە خۆتەوە هەیە و خۆت چارەنووسەكە دیاری دەكەیت بە شێوەیەكی گشتی چۆنییەتی ئەنجامدانی كار لە نێوان مرۆڤەكاندا جیاوازییەكی زۆری تێدا نیە لە بوارەكانی چالاكی رۆژانەدا، بەڵام لە مەسەلەی سەركەوتندا خاڵێكی جیاكەرەوە هەیە ئەویش ئەوەیە كە سەركەوتن سنووردار نییە چونكە بڕیارێكی كۆمەڵە سەربارەت بە كەسە سەركەوتووەكە.

بە كورتییەكەی چۆنییەتی ئەنجامدانی كار، كاری تاكە كەسە و سەركەوتن كاری بەكۆمەڵە و سنووری نییە. با بگەڕێینەوە بۆ قسەكەی ئەنیشتاین بپرسین بزانین بۆچی ئەو وتە بێواتایەی هەیە كە دەڵێت: "مرۆڤ تەنیا پێش تەمەنی 30 ساڵ دەتوانێت داهێنەر بێت؟ هۆكارەكە ئەوەیە كە كاتێك سەیری چواردەوری خۆی كردووە، بینیویەتی هەموو زانا باشەكانی بواری فیزیا لەو تەمەنەدا بوون. ئەمە هەر لە بواری فیزیادا راست نییە بەڵكو هەڵكەوتووەكانی جیهانی مۆسیقا و ئەدازیاری و بوارەكانی دیكەش كەم تا زۆرێك بەو جۆرەیە واتە داهێنان یەكسانە بە گەنجێتی، خەوشێكی دیكەی تێبینییەكەی ئەنیشتاین لەوەدایە كە تەنیا سەیری بلیمەتەكانی كردووە و نەیڕوانیوەتە زانا ئاساییەكان و خەڵكی ئاسایش". 
ئەگەر بە ژیاننامەی زاناكاندا بگەڕێین بۆمان دەردەكەوێت كە زۆربەیان باشترین توێژینەوەیان لە 10 بۆ 15 ساڵی یەكەمی ژیانی پیشەییاندا بڵاوكردووەتەوە. لێرەدا مەسەلەیەك هەیە پێویستە ئاماژەی پێ بدرێت ئەویش ژمارەی تێزە زانستییەكانە مەسەلەكە وەكو بلیتی یانسیب وایە هەتا بلیتی زیاتر بكڕیت ئەگەری بردنەوەت زیاتر دەبێت، هەتا توێژینەوە و تێزی زیاتر بڵاوبكەیتەوە ئەگەری ناوبانگ پەیاكردنت زیاتر دەبێت. زۆربەی زاناكان زۆرترین بیروبۆچوون و توێژینەوەی زانستیان لە 10 بۆ 15 ساڵی یەكەمی ژیانی پیشەییاندا بڵاودەكەنەوە. پاش ئەوە بەرهەمیان كەمدەبێتەوە یان با بڵێین بیتاقەی یانسیبی كەمتر دەكڕن لەمەوە دەرەنجامێكی زۆر سادەمان دەست دەكەوێت؛ سەركەوتن بۆی هەیە لە هەر قۆناغێكی ژیانی پیشەیدا بەدەست بێت. 

رەنگە لە سەرەتای ژیانی پیشەیدا و رەنگیشە لە كۆتاییەكانیدا بێت. زانا هەیە لە تەمەنی 72 ساڵیدا نامەی زانستیی نووسیوە و پاش 15 ساڵ لەسەر ئەو نامەیە خەڵاتی نۆبڵی وەرگرتووە. گەورەترین سەنتەری زانست و داهێنان و توێژینەوە تەكنەلۆجییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە شوێنێكە پێی دەكوترێت دۆڵی سیلیكۆن. 

لەوێش زۆر بە ئاشكرا دەردەكەوێت كە زۆربەی هەیە زۆری خەڵاتەكان بەر گەنجان دەكەوێت،  گەنجێتی لەوێش یەكسانە بە سەركەوتن، بەڵام لە هەمان كاتدا پێویستە بزانین زۆربەی ئەو كەسانەی كە كۆتاییەكی سەركەوتوویان هەبووە لە ژیانی پیشەییاندا كەسانێكن كە لە پەنجاكان و شەستەكانی تەمەنیاندا بوون. كەواتە پوختەی قسەكە ئەوەیە داهێنان تەمەنی بۆ نییە، بەڵام بەرهەمهێنان و توانای بەرهەمهێنان لەژێر كاریگەری تەمەندایە. بۆیە بەردەوامبوون و هەوڵدانی بەردەوام كلیلی سەركەوتن و داهێنانە.

ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure