نوێترین زانیاری له‌بارەی مووچه‌ى سێ مانگى كۆتایى ئه‌مساڵ

هەواڵ / کوردستان :: 11/12/2019‌ :: 16628‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار


سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: وه‌زیرى دارایى و به‌ڕێوه‌به‌ى بانكه‌كانى هه‌رێم بانگهێشتى لیژنه‌ى دارایى ده‌كرێن بۆ به‌رچاوڕوونى له‌باره‌ى رێككه‌وتنى نێوان هه‌رێم و به‌غداو چاره‌نووسى سێ مووچه‌ى ئه‌مساڵى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم.


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 11ى كانوونى یه‌كه‌مى 2019) لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستان راگه‌یاندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌ و تێدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌: له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان، تاووتوێى ئاماده‌كارى بۆ هاتنى پڕۆژه‌ پێشنیازى چاكسازى كرا تاوه‌كو لیژنه‌كه‌ راپۆرتێكى تێروته‌سه‌ل بخاته‌ به‌رده‌مى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و لیژنه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ پڕۆژه‌ پێشنیازه‌كه‌، هه‌روه‌ها تاووتوێى میوانداریكردنى هه‌ریه‌كه‌ له‌ وه‌زیرى دارایی حكومه‌تى هه‌رێم و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى بانكه‌كانى هه‌رێم كرا.


له‌باره‌ى بانگهێشتكردنى وه‌زیرى دارایى هه‌رێم كه‌ مانگى رابردووش جارێكى دیكه‌ بانگهێشتكراوه‌ و ئاماده‌نه‌بووه‌، زیاد جه‌بار سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: پێشتر بانگهێشتى وه‌زیرى داراییمان كرد و وه‌زیرى دارایى ئاماده‌بوو بێته‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام به‌هۆى سه‌رقاڵیمان به‌ كۆبوونه‌وه‌كانى په‌رله‌مان نه‌مانتوانى میواندارى بكه‌ین.


وتیشى: "له‌ئێستاد وه‌زیرى دارایى ئاماده‌یه‌ بێته‌ په‌رله‌مان بۆئه‌وه‌ى ورده‌كارى رێككه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدامان بۆ روونبكاته‌وه‌، هه‌وره‌ها بارودۆخى دارایى و چاره‌نووسى ئه‌و سێ مووچه‌یه‌ى ئه‌مساڵیش روونبكاته‌وه‌ كه‌ نه‌دراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ من یه‌قینم هه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم به‌و بارودۆخه‌وه‌ ناتوانێت مووچه‌ى ئه‌و سێ مانگه‌ بدات".


سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: نه‌هاتنى بودجه‌ى گشتى هه‌رێم بۆ په‌رله‌مان و نه‌ناردنى به‌یان مالى وه‌زاره‌تى دارایى له‌گه‌ڵ وه‌زیرى دارایى باسده‌كرێت.


له‌باره‌ى بانگێشتكردنى به‌ڕێوه‌به‌رى بانكه‌كانى هه‌رێم، زیاد جه‌بار وتى: "ده‌یانه‌وێت له‌ دواین هه‌وڵه‌كانى به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنى بانكه‌كان و شێوازى كارى بانكه‌كان دڵنیاببنه‌وه‌".

 








  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure