له‌سه‌ر راپۆرتێكی دیوانی چاودێری دارایی كێشه‌ ده‌كه‌وێته‌ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم

هەواڵ / کوردستان :: 11/12/2019‌ :: 239‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار


ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌پێی راپۆرتێكی دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم، له‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم بندیوار و پێشلكاری زۆر هه‌یه‌، بۆیه‌ سه‌رۆكی كۆمسیۆن رێگه‌نادات راپۆرته‌كه‌ی دیوانی چاودێری دارایی له‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی كۆمسیۆن بڵاوبكرێته‌وه‌، وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانیش ده‌ڵێت: "لیژنه‌كه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی راپۆرته‌كه‌ی دیوانی چاودێری دارایی ئاماده‌كراوه‌ و به‌م زووانه‌ بڵاویده‌كه‌نه‌وه‌".


عه‌بدولسه‌مه‌د خدر، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی هه‌رێم روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر راپۆرتێكی دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم بڵاوكردۆته‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات: لەم ماوەیەی دوایدا لیژنەیەکی دەستەی چاودێری دارایی سەردانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیانکرد و ماوەیه‌كی زۆر کاریان لەسەر ئیشه‌ کارگێڕی و داراییەکانی کۆمسێون کرد، وێڕای دەستخۆشی زۆرم بۆ کار و ماندووبوونیان دەستخۆشی ئەوەشیان لێدەکەم کە بەوردی و بەجوانی کەموکوڕییەکانیان بۆ کۆمسیۆن دیاریکرد و راسپاردەی باشیان پێداوین، بەڵام بەداخەوە هەست دەکرێ هەندێ بەناو بەرپرس زۆر لەو راپۆرتە خۆشحاڵ نەبن! ئێستاش لەکۆمسیۆن مقۆمقۆی ئەوە هەیە کە بندیوارو پێشێلکارییەکان هەر ئەوەندە نین و زیاترن، بۆیە من وەک ئەندامێکی ئەنجومەنی کۆمسیاران هیوادارم دەستەی چاودێری جددی تر به‌دواداچوون بۆکارەکانی کۆمسیۆن بکات.

له‌باره‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی راپۆرته‌كه‌ی دیوانی چاودێری دارایی له‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی كۆمسیۆن، عه‌بدولسه‌مه‌د خدر وتی: "دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌ فه‌رمانی سه‌رۆكی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن راپۆرته‌كه‌ی دیوانی له‌ ماڵپه‌ری كۆمسیۆن لابراوه‌".

له‌باره‌ی راپۆرته‌كه‌ی دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم، شێروان زار وته‌بێژی كۆمسیاران به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: دوای راپۆرته‌كه‌ی دیوانی چاودێری دارایی، ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران بڕیاریدا به‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆئه‌وه‌ی خاڵ به‌ خاڵ وه‌ڵامی دیوانی چاودێری دارایی بدرێته‌وه‌.

وتیشی: "دیوانی چاودێری دارایی ئاگاداری كاره‌كانی كۆمسیۆن نییه‌ و هه‌ندێك ناحاڵی بوون له‌نێوان كارمه‌ندانی كۆمسیۆن و دیوانی چاودێری هه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر كۆمسیۆن كاره‌كانی به‌ یاسایی كردووه‌".

شیروان زار، راشیگه‌یاند: دوای ته‌واوبوونی وه‌ڵامه‌كه‌یان، له‌ ماڵپه‌ڕی ره‌سمی كۆمسیۆن بڵاویده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌شڵێت: "لابردنی راپۆرته‌كه‌ی دیوانی چاودێری دارایی له‌ ماڵپه‌ری ره‌سمی كۆمسیۆن به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران بووه‌".

ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure