شەڕی گەندەڵی و بەرگری لە دەسەڵات عەرەبی کەرکوک دابەشدەکات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 14/12/2019‌ :: 106‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

لەدوای ئەو هەلەی هۆزی جبور قۆستییەوە بۆ دەستگرتن بەسەر ئیدارەی كەركوكدا، ناكۆكیە سیاسیەكانی ئەو عەشیرەتە لەگەڵ هۆزی عوبێددا رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر پەرەدەسێنێت، بەشێوەیەك لەنێوان لایەنگری بۆ حكومەت و خۆپیشاندەراندا دابەشبوون، هەرچەند بەشێك لە سیاسیەكانیان واینابینن كاریگەری بكاتە سەر پەیوەندیە عەشایەریەكانیان.


لەدوای رووداوەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 و دورخستنەوەی نەجمەدین كەریم لە پۆستی پارێزگاری كەركوك لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، راكان سەعید جبوری جێگری پارێزگار لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە راسپێردرا بۆ ئەوەی بەوەكالەت پۆستی پارێزگار بەڕێوەبەرێت.

دوای دەستبەكاربوونی راكان جبوری لەپۆستی پارێزگاردا، زۆربەی پشكەكانی عەرەبی لەپۆستە ئیدارییەكان بە كەسانی نزیكی خۆی و كەسانی عەشیرەتەكەی (جبور) پڕكردەوە و پۆستە هەستیارەكانی ئیدارەی پارێزگاكەشی بەخزم و كەسوكارەكەی خۆی سپاردوە.

هۆزی جبور بەگەورەترین هۆزی عێراق هەژماردەكرێت. بەپێی سەرچاوە مێژوییەكان دابەشبوون بەسەر 717 قەزا و ناحیە و گوندا و لەسەدا 10ی دانیشتوانی عێراق پێكدەهێنن.

ئەو هۆزە لەسەر ئاستی كەركوكیش بەگەورەرتین هۆزی عەرەبی دادەنرێت و لە 130 گوندی قەزای حەویجە بەتەنها دانیشتوانەكەی جبورن.

ئەو گۆڕانكاریانە نیگەرانی بەشێك لە عەشیرەت و سیاسەتمەدارەكانی ئەو سنورەی لێكەوتوەتەوە كە بەردەوام پارێزگار بەزاڵكردنی عەشیرەتەكەی تۆمەتباردەكەن، بەتایبەتی عەشیرەتی عوبێد كە بەدووەم گەورەترین هۆزی عەرەب لە كەركوك دادەنرێت دوای جبور، ناكۆكیەكانی نێوان كەسایەتیەكانی ئەو هۆزەیش بەئاشكرا بەدیدەكرێت.

لەماوەی رابردوودا زیاتر لە جارێك ئەنجومەنی عەرەبی سیاسی كە لەلایەن راكان جبوری سەرۆكایەتی دەكرێت، لەگەڵ بەرەی عەرەبی یەكگرتوو بەسەرۆكایەتی وەسفی عاسی عوبێدی، بەیاننامەی دژ بەیەكیان دەركردووە.

دوایین ناكۆكی نێوانیشیان، بانگەوازەكەی وەسفی عاسی سەرۆكی بەرەی عەرەبی بوو بۆ خۆپیشاندان و پشتگیری كەركوكیەكان بوو لەداواكاری خۆپیشاندەرانی عێراق، بەڵام راكان جبوری پارێزگاری كاتی كەركوك هەر زوو وەڵامی دایەوە و هۆشداریدا كە هەر خۆپیشاندانێك بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت بەسەرپێچیكردنی یاسای لەقەڵەم دەدرێت.

نازم شمەری، جێگری سەرۆكی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو بە دواڕۆژی راگەیاند: بەرەی عەرەبی و شێخ وەسفی عاسی ناكۆكیان لەگەڵ ئیدارەی كەركوكدا نیە، بەڵكو رەخنەمان لە ئیشوكارەكان هەیە، چونكە كارەكانی ئیدارە بەبێ شەفافیەتە و بە عەشایەری بەڕێوەدەبرێت، ماوەی دوو ساڵە كە عەرەب پارێزگارە بەشێوەیەك دەسەڵات بەڕێوەبراوە كە هاوڵاتی عەرەب هەست بە شەرمەزاری دەكات.

وتیشی: "ئێمە پێشتریش لە رووی گەندەڵییەكانی ئەم ئیدارەیە وەستاوینەتەوە و بەردەوام دەبین، ئەو دۆسێیانەی لەلایەن دادگای كەركوكەوە كراونەتەوە و لەسەر بەشێكی فەرمانی دەستگیركردن دەرچووە شایەتحاڵی ئەو راستیەن، كە چەند بەخراپی شارەكە بەڕێوەدەبرێت".

بەڕێوەبەری ئیدارە بەو شێوە عەشایەریە كاریگەری لەسەر یەكگرتوی عەرەب دروستكردووە لەهەموو روویەكانەوە، راكان جبوری هۆكاری سەرەكی پەرتەوازەیی نێو ماڵی عەرەبە، بەشێوەیەک هاووڵاتی عەرەب هەست بەشەرمەزاری دەکات. نازم شمەری وای وت.

پێشتریش لە سەروبەندی ناو تۆماركردن بۆ دامەزراندن لە پەروەردەی كەركوك (24ی ئابی ئەمساڵ) وەسفی عاسی، كەسە نزیكەكانی راكان جبوری تۆمەتباركرد بە بازرگانیكردن بەدامەزراندنەكانی پەروەردەوە، ئەوەشی خستەڕوو كە نرخی پلەیەكی دامەزراندن گەیشتوەتە 12 هەزار دۆلار.

دەیان دۆسێی گەندەڵی لەسەر پارێزگاری کاتی کەرکوک و کەسوکار و دارودەستەکەی لەدادگای دەستپاکی کراونەتەوە، تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوە لەدۆسێکان بەردەوامە و زیاتر لە ١٢ کەسیان بەکەفالەت ئازادکراون.

بەپێی دوایین نوسراوی دەستەی دەستپاکی عێراقیش، بەبڕی ٢٥ ملیار دینار گەندەڵی لەسەر راکان جبوری ئاشکرادەکات کە لە پڕۆژە خزمەتگوزاریەکاندا کردوێتی.

لەئێستاشدا جێگری سەرۆكی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو نایشارێتەوە كە ئیدارەی كەركوك، جیاواز لەنێوان گەڕەكەكانیشدا دەكات لەروی پڕۆژە خزمەتگوزاریەكانەوە، نمونەیش بۆ قسەكانی دەهێنێتەوە و دەڵێت: "گەڕەكەكانی واحد حوزەیران و قادسیە و عەسكەری پشتگوێخراون، لەكاتێكدا دەیان ملیۆن لەو شەقامانەدا خەرجدەكرێت كە لەبنەڕەتدا هیچ پێویستێكی بەپڕۆژە نیە چونكە كێشەیان نیە."

هۆزی عوبێد، لەمێژوی عێراقدا هەمیشە رۆڵی گرنگیان هەبووە، بەسەر ناوچەیەكی فراواندا دابەشبوون، بەپێی سەرچاوە مێژوییەكان، بەشداربونیان لەهەڵگیرساندنی چەند شۆڕشێك دژی عوسمانیەكان و ئینگلیزەكان وایكردووە لەناوچەكە بۆ ماوەیەك دوربخرێنەوە.

ئەنجومەنی عەرەبی سیاسی، كە لەلایەن راكان جبوریەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، بەرەی عەرەبی تۆمەتباردەكەن بەدروستكردنی ئاڵۆزی لەپێناو دەستەبەركردنی پلەو پۆست.

شێخ بورهان مزهر عاسی ئەگەرچی كەسایەتیەكی دیاری عوبێدە و خزمی نزیكی وەسفی عاسیە، بەڵام لەراوبۆچونەكانیدا تەواو دژی ناوبراوە و بەكەسێكی گەمەكار ناویدەبات، ئەو كە سیاسیەكی عەرەبی كەركوكە بە دواڕۆژی راگەیاند: هەردوو عەشیرەتی جبور و عوبێد پەیوەندی خزمایەتی و مێژویی بەیەك دەیانبەستێتەوە، هەر كەسێك بیەوێت كێشە و ئاڵۆزی بخاتە نێوانیانەوە ئەوە خەون و خەیاڵ دەكات.

وتیشی: "ئێمە لە2003وە لەسیاسەتدا كاردەكەین و هیچ جیاوازیەكمان نەبووە، بەڵام هاتنە ناوەوەی خەڵكانێكی نوێ بۆ نێو گۆڕەپانی سیاسی كەركوك ئامانجیان دروستكردنی كێشەیە بۆ ئەوەی دەستكەوتی سیاسیان بەركەوێت كە ئەمە قبوڵكراو نیە و پەیوەندییەكانی نێوانمان لەگەڵ جبور لەوە گەورەترە".

بورهان عاسی، ئەوەشی خستەڕوو كە لێدوانەكانی وەسفی عاسی، هیچ كاریگەریەكی نابێت، چونكە وەسفی سیاسی نیە بەڵكو هەر رۆژەی بەرەنگێكە وەكو پەڵكە زێڕینەی لێهاتووە، دواتر ئەو پیاوە لەم دواییەدا هاتوەتە كەركوك تەنها ئامانجی دروستكردنی كێشەیە.

لەبەرامبەریشدا نازم شمەری سەركردە لەبەرەی عەرەبی، وەكو بەرگریەك لەسەرۆكی پارتەكەی، هێرشی توندی كردە سەر ئەنجومەنی عەرەبی و وتی: "سەركردەكانی بەرەی عەرەبی خەڵكی رەسەنی كەركوكن و ناسراون، بەڵام ئەنجومەنی عەرەبی لەلایەن حزب گەلێكەوە بەڕێوەدەبرێت كە لە شارەكانی ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالە، موسڵ و بەغداوە ئاراستە دەكرێن، هیچ هەژمارێكیش بۆ سەركردەكانی كەركوك دانانرێت بەڵكو وەكو فەرمانبەر تەماشادەكرێن، بۆیە داوایان لێدەكەین دەستبەرداری كەركوك بن و سەرقاڵی شارەكانی خۆیان بن".

لەو روەوە سەعد مەلا عەلی چاودێری سیاسی، كێشەكانی نێوان عوبێدەكان و جبوری بۆ مێژویەكی كۆن گەڕاندەوە، بەدواڕۆژی وت: "لە ئێستادا بەركەوتەكانیان زیاتر زەقبونەتەوە بەتایبەتی دوای ئەوەی عەرەبی سوننە نیمچە دەسەڵاتێكیان بەدەستهێنا لەڕێگەی پۆستی پارێزگار و لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە، یاخود هێزی دووەمن لەدوای دەسەڵاتی حەشدی شەعبی لە كەركوك".

وتیشی: "ئەو هێزەی لە ژێر ركێفی ئەنجومەنی عەرەبیدایە لەدژی ئەو هەوڵەكانی عوبێد وەستاوەتەوە كە زیاتر نزیكن لە دەسەڵاتی حكومەت و حەشدی شەعبی و زیاتر گوێیان لێدەگیرێت، ئەمەش ئەنجومەنی عەرەبی نیگەران كردوە و پێیوایە پیلانی لەدژ دەگێڕدرێتەبەر".

بە بڕوای ئەو چاودێرە سیاسیە، ئەم بەركەوتانە كە هەردولا هێزی شاراوەش لە پشتیانەوەیە، عەرەبی سوننەیان كردوتە دوو لەتەوە تا رادەیەك هەندێكیان دژ و ئەوانی تریش لەگەڵ خۆپیشاندانەكانی عێراقن، ئەمە جگە لەوەی ناكۆكی زۆریش لەنێویانە كە كار گەیشتوەتە ئەوەی لە دامەزراندنیشدا هەر لایەنە و ئیش بۆ خۆی بكات.

پ: ک. س
ب: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە