ئەوروپاییەكان چۆن لەناودەچن؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 11/12/2019‌ :: 240‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
دابەزینی تێكڕای لەدایكبوون و بەرزبوونەوەی رادەی تەمەن، بەرۆكی زۆر وڵاتی دنیای گرتووە، بەتایبەت وڵاتانی كیشوەری ئەوروپا. پاشەكشەی ژمارەی دانیشتوان مایەی نیگەرانییەكی گەورەیە بۆ نێوەندە سیاسی و ئابورییەكانی ئەوروپا، چونكە كاریگەرییەكی خراپی هەیە لەسەر گەشەكردنی ئابوریی ئەوروپا. كەمبوونەوەی رێژەی لەدایكبوون واتە كەمبوونەوەی هێزی كار و بەرزبوونەوەی رێژەی پیری و سەرەنجام دەوڵەت ئەركێكی زیاتری دەكەوێتە سەر بۆ دابینكردنی مووچەی خانەنشینی كە رەنگە ببێتە هۆی شكستهێنانی ئەوروپا لە بەرامبەر هێزە ئابورییەكانی دیكەی جیهاندا. ئەم كێشەیە هێندە جدییە كە هەندێك كەس پێی دەڵێن (بۆمبە دیموگرافییە تەوقیتكراوەكان).


پێشتر نەتەوە یەكگرتووەكان مەترسیی خۆی راگەیاندبوو لەوەی كە ژمارەی دانیشتوان لە وڵاتانی باشووری خۆرهەڵاتی ئەوروپادا زۆر بە توندی دادەبەزێت، لەهەمانكاتیشدا گەنجەكانی ئەو وڵاتانە وڵاتەكانی خۆیان جێدەهێڵن. لەم چوارچێوەیەدا پێشبینی دەكرێت لە ساڵی 2050دا بولگاریا 25%ی دانیشتوانەكەی لەدەستبدات، وڵاتانی دیكەی ناوچەكەیش هەمان چارەنووس چاوەڕێیانە چونكە هەم رێژەی لەدایكبوون دابەزیوە هەم كۆچكردنیش لەو وڵاتانەوە زیادی كردووە. پێشبینی دەكرێت هەتا ساڵی 2023 ژمارەی بەساڵاچوان لە زۆربەی ئەو وڵاتانەدا دووهێندەی ئێستای لێ بێت. لەكاتێكدا كە ئەو وڵاتانە هێشتا قەیرانی كەمیی هێزی كاریان هەیە بۆیە گەشەكردن لە رووی ئابورییەوە بەرنامەیەكی مەحاڵ دەبێت و هێندەی تر ئەو وڵاتانە لاواز دەبن بەراورد بە ئەوروپاری خۆرئاوا.
هۆكارەكانی كەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتوان لە ئەوروپادا: 
هەرەسهێنانی یەكێتی سۆڤیەت و فراوانبوونی یەكێتی ئەوروپا.
داكشانی ئابووری. ئەمە هۆكاری گەورەی كۆچی بەكۆمەڵە لە ئەورووپای خۆرهەڵات. تێكڕای مووچە لە وڵاتێكی وەكو بولگاریا 575 یورۆیە كە كەمترین مووچەیە لە یەكێتی ئەوروپادا. بۆیە خەڵكەكە كۆچ دەكەن بۆ خۆرئاوای ئەوروپا.
زۆربوونی رێژەی مردن. بەهۆی كۆچكردنی رێژەیەكی زۆری پزیشكانی ئەوروپای خۆرهەڵات بۆ وڵاتانی دیكەی ئەوروپا، رێژەی مردن لەو وڵاتانەدا زیادی كردووە.
بێكاریی. زیادبوونی رێژەی بێكاریی دەبێتە هۆی دابەزاندنی رێژەی وەچەخستنەوە چونكە ژنانیش ناچار دەبن كاربكەن. هەروەها درێژیی قۆناغی خوێندن و چاككردنی شارەزاییەكان وادەكات گەنجان بیر لە هاوسەرگیریی و منداڵخستنەوە نەكەنەوە.
بەها كۆمەڵایەتییەكان. رێگریكردنی بەها كۆمەڵایەتییەكان لەوەی كە ژنان و پیاوان بەبێ هاوسەرگیریی رەسمی منداڵ دروست بكەن، كاریگەریی خراپی هەبووە لەسەر رێژەی لەدایكبوون لە ئەوروپادا. بەڵام رێپێدان بەو مەسەلەیە لە وڵاتێكی وەك ئایسلەندا-دا كە قبووڵێتی ژن و پیاو بەبێ هاوسەرگیرییش منداڵیان ببێت، رێژەی منداڵ لەو وڵاتەدا زیادی كردووە.
دابەزینی تێكڕای توانای منداڵخستنەوە. لەماوەی 15 ساڵی رابوردوودا تێكڕای توانای منداڵدروستكردن لەناو ژنانی ئەوروپاییدا دابەزیوە و پێشبینی دەكرێت لە ساڵی 2050دا ئافرەتی ئەوروپایی تێكڕا توانای دروستكردی دوو منداڵی هەبێت. پێشبینی دەكرێت ژمارەی هەر نەوەیەك بە رێژەی 25% لە نەوەكەی پێش خۆی كەم بكات، واتە لە 30 ساڵی داهاتوودا ژمارەی دانیشتوانی ئەوروپا 50 ملیۆن كەمدەكات.

یەكێك لە مەترسییە گرنگەكان لەناچوونی رەگەزی ئەڵمانییە، چونكە رێژەی لەدایكبوون لە 15 ساڵی رابردوودا 16% كەمی كردووە. لە ئاییندەیەكی نزیكدا زۆربەی دانیشتوانی ئەڵمانیا تەمەنیان لە 60 ساڵ تێپەڕ دەكات. سەرچاوە زانستییەكان پێشبینی دەكەن ئەگەر رێژەی لەدایكبوون لەسەر ئەم رەوتەی ئێستای ئەڵمانیا بەردەوام بێت، ئەوا دوای 300 ساڵی دیكە رەگەزی ئەڵمانی بەتەواوی لەناو دەچێت.
كەمترین رێژەی لەدایكبوون لە وڵاتی ئیسپانیا-یە كە جگە لەم كێشەیە كۆچی بەكۆمەڵی گەنجانی وڵاتەكە هێندەیتر هەڕەشەكانی بۆ سەر ئەم وڵاتە زیاد كردووە. پرتوگال و ئیتالیا و پۆڵەندا و بولگاریا-یش چەند نموونەیەكی دیكەی ئەم وڵاتانەن كە ژمارەی دانیشتوانیان بەردەوام كەم دەكات. 

پ. ل. م
ب: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure