وه‌زاره‌تى دارایى و ناوخۆ له‌ "گه‌نده‌ڵییه‌كان"ى خاڵه‌ سنوورییه‌كان ده‌كۆڵنه‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 11/12/2019‌ :: 360‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌هۆى ئه‌و "گه‌نده‌ڵییانه‌"ى له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانى فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كان ئاشكراكراوه‌، وه‌زاره‌تى دارایى و ناوخۆى هه‌رێم ناچاركران لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ن، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى داراییش ده‌ڵێت "لێژنه‌كه‌یه‌كى لێكۆڵینه‌وه‌ دیراسه‌ى كێشه‌كانى خاڵه‌ سنوورییه‌كان ده‌كات".


دواى به‌داوادچوونى ئه‌ندامێكى په‌رله‌مان و لێژنه‌ى ده‌سپاكى په‌رله‌مانى كوردستان، ده‌ركه‌وتووه‌ به‌شێوه‌یه‌ى "نایاسایى و به‌ گه‌نده‌ڵ"ى شه‌وانه‌ چه‌ندین بارهه‌ڵگر خۆراك و كه‌لوپه‌لى ناته‌ندروست هاورده‌ى هه‌رێم ده‌كه‌ن.

به‌پێى راپۆرتى ئه‌ندامانى و لێژنه‌ى ده‌سپاكى، به‌شێك له‌ ئۆتۆمبێلى بارهه‌ڵگر به‌ زه‌برى هێز له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان ئاودیوى هه‌رێم ده‌كرێن.

به‌هۆى ئه‌و گه‌نده‌ڵییانه‌ى كه‌ په‌رله‌مانتاران باسى ده‌كه‌ن، مانگى رابوردوو لێژنه‌ى ده‌سپاكى په‌رله‌مان بانگهێشتى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى گومرگى هه‌رێم و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوانى وه‌زاره‌تى دارایى كرد.

له‌باره‌ى وه‌ڵامى به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى دارایى بۆ ئه‌و "گه‌نده‌ڵییانه‌"ى باسده‌كرێت، سۆران عومه‌ر ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى دارایى پێیانڕاگه‌یاندین كه‌ ناتوانن رێگرى له‌ هه‌ندێك بارهه‌ڵگر بكه‌ن كه‌ شه‌وانه‌ به‌ زه‌برى هێز داخلیى هه‌رێم ده‌كرێن.

هاوكات عه‌لى حه‌مه‌ساڵح، سه‌رۆكى فراكسیۆن گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: سێ مانگه‌ به‌وردی له‌سه‌ر سه‌رجه‌م خاڵه‌ سنورییه‌کان به‌دواداچوونیان کردووه‌، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ به‌ به‌ڵگه‌ی ته‌واو ده‌ستمانکه‌وتووه‌، دزی و تاڵانی له‌ خاڵه‌ سنورییه‌کان ده‌سه‌لمێنێت كه‌ تاڵانییه‌کی بێ وێنه‌یه ده‌كرێت و خه‌ڵکێک ئاماده‌یه‌ بۆ ده‌ستکه‌وتنی پاره‌ هه‌مووان تووشی خراپترین نه‌خۆشی بکات.

عه‌لى حه‌مه‌ساڵح، وتیشى "به‌پێى دواداچوونه‌که‌یان له‌سه‌ر هه‌ر چوار مه‌رزی ئیبراهیم خه‌لیل و حاجی ئۆمه‌ران و باشماخ و په‌روێزخان و هه‌موو مه‌رزه‌ لاوه‌کییه‌کان، گه‌نده‌ڵى ده‌كرێت كه‌ قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ خاڵه‌ سنورییه‌کان نزیکه‌ی 40 ملیۆن دۆلاره‌".

هاوكات شێركۆ جه‌وده‌ت، ئه‌ندامى لێژنه‌ى ده‌سپاكى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌داخه‌وه‌ شه‌و و رۆژ به‌ به‌رچاوى به‌رپرسانى هه‌رێم قافڵەی بارھەڵگری تایبەت له‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كانى هه‌رێم تێدەپەرێنن بەدەر لە سیستمی کۆنترۆڵی جۆری و گومرگی و ھێز ھەیە سەرانە لە بارھەڵگرەکان ده‌سێنێت.

گه‌نده‌ڵییه‌كانى خاڵه‌ سنوورییه‌كانى به‌وه‌ گه‌یشتووه‌ كه‌ له‌چه‌ند رۆژى رابوردوو له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كه‌وه‌ نووسراوێكى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاوى هه‌رێم ساخته‌ كراوه‌ بۆ هێنانى 10 هه‌زار ته‌ن دوگى به‌ستوو كه‌ دواتر له‌ 8ى كانوونى یه‌كه‌مى 2019، وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ سكاڵاى له‌سه‌ر كۆمپانیاكه‌ تۆماركرد.

جگه‌ له‌و به‌دواداچوونانه‌ى كراوه‌، دوێنى ژماره‌ی یاسایى په‌رله‌مانتاران واژۆیان بۆ كۆكردنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان دانیشتنێكى تایبه‌ت به‌ "كێشه‌و گه‌نده‌ڵییه‌كان"ى خاڵه‌ سنوورییه‌كان ئه‌نجامبدات.

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، وتیشى "رۆژی دووشه‌ممه‌ 9ى كانوونى یه‌كه‌م، ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان داوای دانیشتنی په‌رله‌مانیان كردووه‌ له‌سه‌ر خاڵه‌ سنورییه‌كان و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیش له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا ده‌یخاته‌ به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌".

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، به‌هۆى ئه‌و كاره‌ نایاسایانه‌ى له‌ مه‌رزه‌كانه‌وه‌ ده‌كرێت، سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت به‌ نامه‌ى ره‌سمى له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت بڕیاریدا به‌ راسپاردنى هه‌ردوو وه‌زیرى دارایى و ئابوورى و وه‌زیرى ناوخۆى هه‌رێم بۆ رێگریكردن له‌و گه‌نده‌ڵیانه‌ له‌ سنووره‌كانه‌وه‌ ده‌كرێت.

به‌پێى زانیارییه‌كان، هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كه‌ لێژنه‌یه‌كى باڵایان پێكهێناوه‌و لیكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ گه‌نده‌ڵییه‌كان و كاره‌ نایاساییه‌كان.

ئه‌حمه‌د عه‌بدولڕه‌حمان، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى هه‌رێم بۆ دواڕۆژ، پێكهێنانى لێژنه‌كه‌ى پشتڕاستكرده‌وه‌و وتى "لێژنه‌كه‌ دیراسه‌كه‌ى ئه‌و گه‌نده‌ڵییانه‌ ده‌كات كه‌ باسده‌كرێت، دواتر به‌ وردى كێشه‌كان بۆ هه‌ردوو وه‌زاره‌ت ده‌خرێته‌ڕوو تاوه‌كو رێككارى یاسایى بگیرێته‌به‌ر".

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure