فراكسیۆنى یه‌كێتى ده‌نگ بە پڕۆژه‌ یاساى چاكسازى ده‌دات؟

هەواڵ / کوردستان :: 11/12/2019‌ :: 557‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌نگ له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی له‌ خانه‌نشینی و مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی دیكه‌، ده‌دات.

لوقمان وه‌ردى، ئه‌ندامى فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: لە خولی رابوردووى په‌رله‌مان، دوای دروستبوونى قەیرانی دارایی و سەپاندنی پاشەکەوتی زۆرەمڵێی مووچه‌ بەسەر فەرمانبەران، تیمی یەکێتی لەحکومەت پێشنیازی نووسینەوەو ئاماده‌كردنى پڕۆژە یاسای چاکسازیان کرد وەک دەرچەیەک بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی، بەڵام دواتر لە نێوان پەرلەمان و حکومەت پڕۆژە یاساکە وەک خۆی مایەوەو پەسەند نەکرا.

وتیشى "له‌ ئێستادا پێداچوونه‌وه‌ به‌ پڕۆژەکە تەواو بووە، كه‌ سێ له‌ به‌رپرسى یه‌كێتى له‌ حكومه‌ت ئه‌ندامى پێداچوونه‌وه‌كه‌ بوونه‌، بۆیه‌ بریارە لە کۆبوونەوەی سبه‌ى ئەنجومەنی وەزیران، پڕۆژه‌كه‌ پەسەند بکرێت و رۆژی دواتر ده‌نێردرێته‌ پەرلەمان بۆ په‌سه‌ندكردنى".

لوقمان وه‌ردى، ره‌تیكرده‌وه‌ فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان بڕیاریدابێت، پڕۆژه‌ى چاكسازى ره‌تبكه‌نه‌وه‌، راشیگه‌یاند: یەکێتی ئاڵا ھەڵگری چاکسازییە لە داھات و خەرجیەکانی حکومەت و سەرسەختانەش داکۆکی لە چاکسازی و پڕۆژە یاسای چاکسازی دەکات، بێگومان لەپەرلەمانیش فراکسیۆنی یەکێتی پێشەنگە لە پشتیوانی پڕۆژەکە و ھەر ھەوڵێک کە ئامانج لێی چاکسازی بێت لەداھات و خەرجییەکانی حکومەتی ھەرێم، یەکێتی و تیمەکەی لەسەنگەری پێشەوە ده‌بن و ده‌نگى له‌سه‌ر ده‌ده‌ن.

له‌ 3ى كانوونى دووه‌مى 2018، حكومه‌تی هه‌رێم پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی له‌ خانه‌نشینی و مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی دیكه‌، كه‌ له‌ 24 مادده‌ پێكهاتووه‌ ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كردو دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كرا ئاڕاسته‌ی شه‌ش لیژنه‌ی په‌رله‌مانی په‌یوه‌ندیدار كرا و له‌ ماوه‌ی كاركردنی نزیكه‌ی دوو مانگی لیژنه‌كان راپۆرتی هاوبه‌ش ئاماده‌كراو خرایه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان بۆ گفتوگۆكردن و په‌سه‌ندكردن.

له‌ ماوه‌ی سێ رۆژی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان و دوای گفتوگۆی چڕوپڕ له‌ رێكه‌وتی 2018/2/28، كۆی یاساكه‌ په‌سه‌ندكرا، به‌ڵام به‌هۆی ناڕه‌زایه‌تیی به‌شێكی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و هاووڵاتیانه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌سه‌ر داواكاری فراكسیۆنه‌كان له‌ 4ی ئازار پارساڵ یاسای چاكسازی له ‌خانه‌نشینی و مووچه‌ی‌ گه‌ڕانده‌وه بۆ حكومه‌ت، به‌وهۆیه‌وه‌ تائێستا پڕۆژه‌كه‌ بۆ په‌رله‌مان نه‌نێردراوه‌ته‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure