ساڵانه‌ چه‌ند ملیار دۆلار بۆ كاره‌با خه‌رج ده‌كرێت؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 11/12/2019‌ :: 294‌ جار بینراوە

تاگ :: کارەبا

دواڕۆژ، فەرمان رەشاد

بەگوێرەی نوێترین راگەیەنراوی وەزارەتی كارەبا لە ئێستادا بڕی كارەبای بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 3500 مێگاواتە، لەو رێژەیە نزیكەی 90% لەلایەن كەرتی تایبەتەوە بەرهەم دێت كە خەرجییەكەی لە نێوانی 3 بۆ 4 ملیار دۆلاری ساڵانە مەزەندە دەكرێت، هاوكات رێژەی بەفیرۆدانی ئەو كارەبایە بە 35% دەخەمڵێندرێت.


وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرچاوەی یەكەمی كارەبا لە رێگای وێستگەكانی كەرتی تایبەتەوه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێت كە بەو گازە كاردەكەن كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە كێلگەی كۆرمۆر لە سنوری چەمچەماڵ بەرهەمی دەهێنێت.

سەبارەت بە وێستگە ئاوییەكان كە حكومەت خۆی كارەبای تیایاندا بەرهەم دەهێنێت، هەردوو وێستگەی دوكان و دەربەندیخانن، بەشێویەك بەهەردووكیان 350 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنن، دوكان 200 مێگاوات و دەربەندیخانیش 150 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنن.

هەروەها بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتی كارەبا، هەرێمی كوردستان بە پلەی یەكەم لە رێگای وێستگە گازییەكان كارەباكەی بەرهەم دەهێنێت كە لەلایەن كەرتی تایبەتەوە دروستكراون، لە ئێستادا نزیكەی 1900 مێگاوات كارەبا لەلایەن وێستگە گازییەكان بەرهەم دەهێندرێت، بەشێوەیەك وێستگەی گازی هەولێر 800 مێگاوات و وێستگەی گازی سلێمانی 500 مێگاوات و وێستگەی گازی دهۆك كە لە ئێستا بەگازوایل كاردەكات 150 مێگاوات و وێستگەی بازیانیش 450 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنن.

سەبارەت بەو وێستگە هەڵمیانەش كە كارەبا بەرهەم دەهێنن، بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتی كارەبا 1250 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنن كە بەم شێوەیەن، وێستگەی هەڵمی هەولێر 380 مێگاوات و وێستگەی سلێمانی هەڵمی 200 مێگاوات و خورمەڵە 500 مێگاوات و باعەدرێ 140 مێگاوات و تاسلوجەش 30  مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنن.

هاوكات داتاكانی وەزارەتی كارەبا ئاماژە بەوە دەكەن لەدوای ساڵی 2006ەوە تاكو ئێستا ساڵانە بەرێژەی 50% خواست لەسەر كارەبا زیادیكردووە، بەجۆرێك لە ساڵی 2006  كارەبای پێویست 1457 مێگاوات بووە، بەڵام ئێستا بۆ دابینكردنی پێویستییەكانی هەرێم وەزارەتی كارەبا پێویستی بە زیاتر لە 6500 مێگاوات كارەبا هەیە لە وەرزی زستان و هاوین، ئەوەش دەریدەخات لەو ماوەیە خواست بە رێژەی 600% زیادبووە.

هاوكات لە ئێستا 12 یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبا بەهۆی دابیننەكردنی سووتەمەنی كارناكەن، بەوپێیەش بێت وەك كەمال محەمەد وەزیری كارەبا لە دوایین كۆنگرەی رۆژنامەوانی لە سەرەتای ئەو مانگەوە رایگەیاند ژێرخانی كارەبا لە هەرێم نزیكەی 7000 هەزار مێگاواتە، بەڵام بەهۆی دابیننەكردنی سووتەمەنی نەتوانراوە سوود لەهەموو وێستگەكان وەربرگیرێت.

لە ئێستادا بۆ رێگریكردن لە بەفیرۆچوونی كارەبا و كەمكردنەوەی سەرپێچییەكان كە بە هەردووكیان نزیكەی 35%ی كارەبای بەرهەم هاتوو ون دەكەن، وەزارەتی كارەبا دەستی كردووە بە هەڵمەتی بەستنی پێوەری زیره‌ك، پرۆژەكە ماوەی ساڵ و نیوێك دەخایەنێت و بری 300 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانكراوە لەلایەن وەزارەتی كارەبا.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure