په‌روه‌رده‌ى منداڵ.. رۆژ به‌ڕۆژ هه‌ڕه‌شه‌ى زیاترى ده‌چێته‌ سه‌ر

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 10/12/2019‌ :: 225‌ جار بینراوە

ئاماده‌كردنى: دواڕۆژ

بابه‌تێك كه‌ چاره‌نووسى كۆمه‌ڵگاى پێوه‌ به‌نده‌ و رۆژ به‌ڕۆژ هه‌ڕه‌شه‌ى زیاترى ده‌چێته‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ى منداڵان و شێوازى په‌روه‌رده‌كردنیانه‌. به‌دڵنیاییه‌وه‌ كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوورییه‌كانى ئه‌مڕۆ له‌ڕووى چۆنیه‌تى و چه‌ندایه‌تییه‌وه‌ جیاواز و ترسناكترن له‌ كێشه‌كانى رابوردوو به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا نه‌رێنییه‌كانى جیهانگیریى به‌ چڕیى روویان كردووه‌ته‌ وڵاتانى وه‌كو كوردستان. كرانه‌وه‌ى بێ سه‌روبه‌ر، سه‌رقاڵى دایك و باوك به‌ په‌یداكردنى بژێوى رۆژانه‌وه‌، بێ توانایى سیستمى په‌روه‌رده‌ بۆ له‌خۆگرتنى هه‌موو منداڵان و دابینكردنى پێداویستییه‌ هاوچه‌رخه‌كان، فراوانبوونى جیاوازییه‌ چینایه‌تییه‌كان و تادوایى كۆسپى گه‌وره‌ن له‌به‌رده‌م په‌روه‌رده‌كردنى نه‌وه‌كانى داهاتوودا.


زیادبوونى رێژه‌ى ته‌ڵاق و جیابوونه‌وه‌ و سه‌رهه‌ڵدانى كێشه‌ى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان دوو ده‌ردى كوشنده‌ن كه‌ خه‌ریكه‌ بناغه‌ى خێزان له‌ ره‌گ و ریشه‌وه‌ هه‌ڵده‌ته‌كێنێت، له‌مه‌شدا منداڵ یه‌كه‌مین قوربانییه‌.

بێگومان ناكرێت و ناتوانرێت رێگه‌ له‌ هێرشى به‌رده‌وام و فراوانى جیهانگیریى بكرێت كه‌ كۆمه‌ڵێك به‌ها و رێكار و داب و نه‌ریتى تازه‌ى له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه‌. به‌ڵام ئه‌و سێ كۆڵه‌كه‌ سه‌ره‌كییه‌ى كه‌ چاره‌نووسى منداڵى پێوه‌ به‌نده‌ واته‌ ده‌وڵه‌ت و خێزان و كۆمه‌ڵگا ده‌توانن كه‌م تا زۆرێك منداڵه‌كانمان بپارێزن له‌و چاره‌نووسه‌ ره‌شه‌ى كه‌ هه‌موومان لێى ده‌ترسین.

ئه‌ركى ده‌وڵه‌ته‌ بایه‌خێكى زیاتر به‌ سیستمى په‌روه‌رده‌ و بارودۆخى قوتابخانه‌كان بدات و ژیانى مامۆستایان به‌ جۆرێك مسۆگه‌ر بكات كه‌ بتوانن هه‌موو كاتى خۆیان ته‌رخان بكه‌ن بۆ فێركردن و په‌روه‌رده‌كردن. كردنه‌وه‌ى خوولى راهێنان بۆ مامۆستایان و په‌روه‌رده‌كاران سه‌باره‌ت به‌ په‌روه‌رده‌ى هاوچه‌رخ به‌ ره‌چاوكردنى به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى خۆمان و خۆشویست كردنى خوێندن له‌لاى خوێندكاران بناغه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى سیاسه‌تى دروستى په‌روه‌رده‌یین.

دایكان و باوكانیش نابێت ماندویه‌تى و چاولێكه‌ریى و لاساییكردنه‌وه‌ى كوێرانه‌ى كۆمه‌ڵگا خۆرئاواییه‌كان بكه‌ن به‌ بیانوو. ئه‌ركى گه‌وره‌ى هه‌موو خێزانێك په‌روه‌رده‌ كردن و ئاماده‌كردنى منداڵه‌كانیه‌تى كه‌ بێگومان له‌م بارودۆخه‌ سه‌خت و پڕ ئالێنگارییه‌دا كارێكى ئاسان نییه‌. به‌ڵام پێویسته‌ هه‌موومان ئه‌وه‌ بزانین هیچ سه‌روه‌ت و سامانێك بۆ خێزان هێنده‌ى ئه‌وه‌ به‌نرخ نییه‌ منداڵى باش و سه‌ركه‌وتوو په‌روه‌رده‌ بكه‌یت و پێشكه‌شى كۆمه‌ڵگاى بكه‌یت. ئێستا كه‌متر له‌ جاران ئه‌و شه‌وق و په‌یوه‌ندییه‌ به‌هێزه‌ ده‌بینین كه‌ پێویسته‌ له‌ڕووى په‌روه‌رده‌ییه‌وه‌ باوكان و دایكان ببه‌ستێته‌وه‌ به‌ منداڵه‌كانیانه‌وه‌.

كۆڵه‌كه‌ى سێهه‌م كه‌ كۆمه‌ڵگایه‌ ئه‌گه‌ر له‌ دوو كۆڵه‌كه‌كه‌ى تر گرنگتر نه‌بن هێنده‌ى ئه‌وان گرنگن. چونكه‌ كۆمه‌ڵگا ئه‌و پانتاییه‌یه‌ كه‌ منداڵ به‌شێكى زۆرى كاتى خۆیى تێدا به‌سه‌ر ده‌بات و ره‌وشت و به‌هاى كۆمه‌ڵگا له‌ ره‌وشت و به‌هاى منداڵدا ره‌نگ ده‌داته‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ ئێستا كۆمه‌ڵگا به‌شێوه‌یه‌كى زۆر نه‌خوازراو دابه‌ش بووه‌ و بێ موبالاتى باڵى كێشاوه‌ به‌سه‌ردا. به‌ها هاوبه‌شه‌كان و نموونه‌ به‌رزه‌كان خه‌ریكن كاڵ ده‌بنه‌وه‌ و بۆشایى نێوان چین و توێژه‌ جیاجیاكان فراوانتر و قووڵتر ده‌بێت، به‌جۆرێكى وا كه‌ ئێستا خه‌ریكه‌ له‌ڕووى په‌روه‌رده‌ و ده‌رفه‌تى خوێندنیشه‌وه‌ هه‌ژاران و ده‌وڵه‌مه‌ندان به‌ته‌واوى لێك داده‌بڕێن.

نه‌بوونى راوێژكاریى پیشه‌یى بۆ گروپه‌ جیاوازه‌كانى ته‌مه‌ن كه‌موكوڕییه‌كى گه‌وره‌یه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ى په‌روه‌رده‌كردنى منداڵدا. ئه‌مه‌ بانگه‌وازێكه‌ بۆ ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگا و خێزان و لێدانى زه‌نگى وریاكردنه‌وه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تێكى زۆر هه‌ستیار و چاره‌نووسساز. رۆژانه‌ سه‌دان باڵه‌خانه‌ به‌رز بكه‌ینه‌وه‌ و ده‌یان شه‌قام و رێگاو بانى هاوچه‌رخ دروست بكه‌ین هیچ بایه‌خێكى نابێت ئه‌گه‌ر نه‌وه‌یه‌كى خراپ و به‌رهه‌م نه‌هێن و لاسار و یاخى پێشكه‌ش به‌ كۆمه‌ڵگاى سبه‌ینێمان بكه‌ین.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure