ئەگەری هەیە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانەی رابگیرێت

هەواڵ / کوردستان :: 10/12/2019‌ :: 1749‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو


خۆپیشاندان و گرژی و ئاڵۆزیی شارەکانی عێراق بەردەوامە بەڵام تائێستا دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە وەک خۆیەتی و نەبڕاوە. بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم دەڵێت: "تائێستا کێشە نەبووە، بەڵام هەر کاتێک لە شارەکانی عێراق دابەشکردنی بەشەخۆراک بوەستێت، هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە".


نەوزاد ئەدهەم بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێم، بە دواڕۆژی راگەیاند: تائێستا ناردنی بەشەخۆراکی مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان رانەگیراوە و بەردەوامە، بەڵام ئەگەر بارودۆخی شارەکانی عێراق و حکومەت تێکبچێت بێگومان کاریگەریی بۆ ناردنی بەشەخۆراکی ئێرەیش دەبێت.

نەوزاد ئەدهەم دەڵێت: "بەشەخۆراکی ئەم مانگەیش وەک خۆی دابەشکراوە و کێشەی نییە، بەشە ئاردیش کە بەرهەمی خۆمانە و کێشەی نییە، دابەشکردنی بەردەوامە".

ئەمساڵ حکومەتی عێراق بڕی یەک ترلیۆن و 500ملیار دیناری بۆ کڕینی بەشەخۆراکی هاووڵاتیان دابینکرد بوو، بەڵام سەرەتا وەزارەتی بازرگانیی عێراق ناڕەزایی دەربڕی لەوەی كە پارەکە کەمە و بەشی کڕینی هەموو جۆرەکانی کەلوپەلی خۆراک ناکات، بۆیە تائێستا نەتوانراوە تەواوی بەشەخۆراکی مانگانە دابەش بکرێت.

 

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure