ژیانی سێكسی جاڵجاڵۆكە

هەواڵ / زانست :: 10/12/2019‌ :: 1292‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

 

لە زوربەی فیلمە ترسناكەكانی سینەمادا جاڵجاڵۆكە سەرچاوەیەكی گرنگە بۆ ترساندنی بینەر. تەنانەت لە ژیانی راستەقینەشدا جاڵجاڵۆكە یەكێكە لە زیندەوەرە ترسناكەكان. نەخۆشییەكی دەروونی تایبەت هەیە كە بەهۆی ترسەوە لە جاڵجاڵۆكە دروست دەبێت. جاڵجاڵۆكەی ناو دارستان و شوێنە دووردەستەكان ژیانێكی ئاڵۆز و سەرنجڕاكێشیان هەیە. بەتایبەت لە بواری سێكس و زاوزێكردندا كە هەندێك جار بە مردنی یەكێكیان كۆتایی دێت.


یەكێك لە جۆرە شەڕانییەكانی جاڵجاڵۆكە پێی دەگوترێت (بێوەژنی رەش). ناوەكەی لەوەوە هاتووە كە رەنگەكەی رەشە و پاش جووتبوون هاوبەشەكەی دەكوژێت. لەم جۆرە جاڵجاڵۆكەیە و جاڵجاڵۆكەیەكی دیكەدا كە پشت سوور ناسراوە هەموو جووتبوونێك بۆ نێرەكە وەك خۆكوژی وایە چونكە لەكاتی جووتبوونەكەدا جاڵجاڵۆكە مێیەكە بەشێك لە جەستەی نێرەكە دەخوات. ئێمە بۆی دەبێتە سەرچاوەی خۆراك. واتە نێرەكە بەلای مێیەكەوە هەم سەرچاوەیەكە بۆ زاوزێ‌ كردن و لەهەمان كاتیشدا ژەمێكی سووكی بەتامە. هەندێك جار مێیەكە چاوەڕێ‌ دەكات تا جووتبوونەكە تەواو دەبێت ئینجا نێرەكە دەكوژێت و دەیخوات. هەندێك جاری دیكە نێرەكە هەڵدێت و مێیەكە دوای دەكەوێت تا دەیگرێت و لە زوربەی حاڵەتەكاندا جاڵجاڵۆكە نێرەكە بەبێ‌دەنگی ئەو چارەنووسەی خۆی قبووڵ دەكات.


ساڵی 1996 توێژینەوەكان دەریانخست ئەوەی نێری جاڵجاڵۆكە دەیكات شێوەیەكە لە قوربانیدان بۆ مانەوەی ئەو جۆرە جاڵجاڵۆكەیە. چونكە لەوكاتەدا كە مێیەكە دەیخوات زۆرترین تۆوی نێر لە كۆئەندامی زاوزێ‌ی خۆیدا هەڵدەگرێت بۆ ئەوەی زیاتر لە جارێك بەكاری بهێنێتەوە ئەگەر لە ئایندەدا هاوبەشێكی گونجاوی نەدۆزییەوە.


لە جیهانی جاڵجاڵۆكەدا تەنیا هەمیشە هەر مێیەكە بكوژ نییە. وەك دەركەوتووە لە 80 جۆر جاڵجاڵۆكەدا نێرەكە پەنا بۆ توندوتیژی دەبات بەرامبەر بە مێیەكە، ئەویش لەڕێی لەناوبردن و شێواندنی ئەندامەكانی زاوزێ‌ی مێیەكەوە. زانست دەریخستووە كە ئەم رەفتارە بەهۆی پاڵنەرێكی خۆپەرستانەوە نییە بەڵكو نێرەكە بۆیە ئەنجامی دەدات بۆ ئەوەی بە مسۆگەری جینەكانی بگوێزێتەوە بۆ نەوەی نوێ‌. چونكە جاڵجاڵۆكەی مێ‌ كە لەگەڵ زیاتر لە نێرێكدا جووت دەبێت تەنیا تۆوی نێرینەی یەك نێر بەكاردەهێنێت، بۆیە نێرەكە دەیەوێت هەر جینەكانی خۆی بەكار بهێنرێت. لەبەرئەوە پاش تەوابوونی جووتبوونەكە ئەندامی نێرینەی خۆی دەبڕێت و لە ئەندامی مێینەی جاڵجاڵۆكەكەدا دەیهێڵێتەوە بۆ ئەوەی رێگە بگرێت لە نێرێكی تر و نەتوانێت لەگەڵ ئەو جاڵجاڵۆكەیەدا جووت ببێت. بەم شێوەیە نێرەكە تا هەتایە ئەندامی زاوزێ‌ی لەدەست دەدات، بەڵام ئەوەی مسۆگەر كردووە كە وەچەیەكی خستووەتەوە جینەكانی ئەمیان هەڵگرتووە. واتە لەم جۆرە جاڵجاڵۆكانەشدا جگە لە مێیەكە نێرەكەش دەبێتە قوربانیی.


جۆرێكی دیكەی جاڵجاڵۆكە كە پێی دەگوترێت جاڵجاڵۆكەی راو، شێوازی جووتبوونەكەیان وایە كە نێرەكە لەو پڕۆسەیەدا سووڕی خوێنی بەتەواوی تێك دەچێت و لەگەڵ كۆتاییهاتنی جووتبوونەكەدا دەگاتە سەرەمەرگ. بەڵام دەست بەجێ‌ نامرێت بەڵكو نزیكەی 3 كاتژمێر ئازار دەچێژێت ئینجا ئیسراحەتی مەرگی دەست دەكەوێت. سەیرەكە لەوەدایە لەم گەشتە بەئازارەدا مێیەكە وازی لێ‌ ناهێنێت بەڵكو ورد ورد دەست دەكات بە خواردنی. واتە نێرەكە زیندووە و مێیەكە بە زیندوویی دەیخوات كە هەندێك جار بە كەمتر لە 3 كاتژمێر رزگاری دەبێت.


توێژینەوەكان دەریانخستووە كە جاڵجاڵۆكەی مێ‌ لەكاتی جووتبووندا دەقیژێنێت و بە هات و هاوار نێرەكە دەترسێنێت. مەبەستەكەش بۆ ئەوەیە تۆوی نێرەكە بە مسۆگەری بگاتە شوێنی مەبەست لە جەستەی مێیەكەدا. جاڵجاڵۆكەی مێ‌ پاش بەدەستهێنانی بڕی پێویست لە تۆوی نێر هێندەی پێ‌ ناچێت نزیكەی سێ‌ هەزار گەرا دادەنێت. تەنیا رێژەیەكی كەمی جۆرەكانی جاڵجاڵۆكە ئەو خەسڵەتەیان تێدایە كە دایكەكە چاودێری گەراكان بكات. زۆرینەیان رەفتاری وا دەنوێنن كە بە هیچ شێوەیەك لە رەفتاری دایك ناچن تەنانەت هەندێك لە دایكەكان ئەگەر برسییان بێت گەراكانی خۆیان دەخۆن.

 

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure