ئەگەر زۆر خوو بدەیتە تەندروستیت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 10/12/2019‌ :: 129‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

 

رۆژ نییە ماڵپەڕ و رۆژنامە و كەناڵە تەلەفزیۆنییەكان و سەرچاوەكانی تری زانیاریی چەند دەرزەنێك زانیاری نوێ‌ و ئامۆژگاریی سەیر و سەمەرەمان پێشكەش نەكەن دەربارەی خۆراك و چۆنێتی ژیان و وردەكارییەكانی تری رۆژانەوە. ئەمە رەنگە بە تێپەڕبوونی كات شێوازی بیركردنەوەمان بگۆڕێت و بێ‌ ئەوەی بەخۆمان بزانین زۆر بە وردی پەیڕەوی لەو رێنمایی و ئامۆژگاریانە بكەین كە هەندێك جار یەكتری بەدرۆ دەخەنەوە.

 

گوێگرتن لە راوێژكارە تەندروستییەكان و پسپۆڕانی خۆراك و وەرزش بێ‌ مەڵامەت نابێت. ئەوانە دەست وەردەدەنە شێوازی ژیان و خواردنت؛ بە ناشتا ئەوە بخۆ و پێش نیوەڕۆ لەوە دوركەوەرەوە و حەڤدە دەقە دوای بانگی شێوان فڵانە شت بخۆ و ئینجا یۆگا و وەرزش و رامان. ئاژەڵێكی ماڵی بەخێوكە و لەگەڵ خۆتا بیبە بۆ پیاسە چونكە گوشاری خوێنت كەم دەكاتەوە. رۆژی گاڵۆنێك كرێمی دژەخۆر لە خۆت بدە و هەر چوار كاتژمێر جارێك دووبارەی بكەرەوە، گوێ‌ مەدەرە ئەو باق و بریقەی كە لە جەستەدا دروست دەبن، هەموو ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان بە كۆنترۆڵی تەلەفزیۆنیشەوە لە خۆت دووربخەرەوە چونكە سەرچاوەی میكرۆبن، بۆ ئەوەی تووشی رووداوی كتوپڕ نەبیت و ئەگەر تووش بوویت سەلامەت دەرچیت كە چوویتە دەرەوە خودەیەك بكەرە سەرت. رەنگە ئەو خودەیە بۆناو جێگاش باش بێت. ئەمانە هەموو تەواو دەكەیت و سەرئەنجام ئاماژەكان دەردەكەون، كێشت دادەبەزێ‌ و كۆلیسترۆڵەكەت دێتە خوارەوە و ورگت دادەنێیت و لە هەموو بوارێكدا تەندروست و سەلامەتیت.

 

بەڵام ئەمە لایەنێكی خراپیشی هەیە. زۆر تەندروست بوون كارێكی تەندروستی نییە. خۆسەرقاڵكردن بەو هەموو رێنمایی و پارێز و ئامۆژگارییانەوە وات لێ دەكات هاوڕێ‌ و كەسوكار و تەنانەت ماڵ و منداڵەكەشت فەرامۆش بكەیت. لەكاتێكدا كە گرنگترین پێداویستی بۆ تەندروستیمان هەبوونی تۆڕێكی كۆمەڵایەتی بەهێزە.

پێچەوانەی ئەو جۆرە ژیانە، لایەنە تاریكەكەیە، واتە گوێ‌ نەدان بە خۆراك و ئیسراحەت و تەندروستیت. بەدڵنیاییەوە ئەمەش كارێكی خراپە. میانڕەوی كردن لە هەموو شتێكدا رێگا سەركەوتووەكەیە. جگە لەوەش ئێمە بایەخ بە هەموو مەسەلەكان دەدەین كە پەیوەندییان بە تەندروستییەوە هەبێت جگە لە مەسەلەی دەنگەدەنگ. بیرمان نەچێت ئێمە ئێستا لە جیهانێكی پڕ لە دەنگەدەنگی زۆردا دەژین، ئەو هەموو ئوتومبیل و فڕۆكە و ئامێرە بێزاركەرانەی كە بەردەوام لەگەڵماندا دەژین نەك هەر بۆ مێشك و كۆئەندامی دەمارمان خراپە بەڵكو بە تێپەڕبوونی كات دڵ و بۆرییەكانی خوێنمان تێك دەدەن. راپۆرتێكی تازەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئەنجامی توێژینەوەیەكی گەورەی بڵاوكردەوە كە دەڵێت دەنگە دەنگ وایكردووە ئەوروپا هەموو ساڵێك 1.6 ملیۆن ساڵ ژیانی تەندروستی لەكیس دەچێت بەهۆی دەنگە دەنگ و غەڵبەغەڵبەوە.

 

پێشینان كە شوێنی بیركردنەوە و خوێندنیان كونبڕ كردووە زانیویانە دەنگەدەنگ زیان بە مێشكی مرۆڤ دەگەیەنێت و ناهێڵێت بە باشی بیر بكاتەوە. بەبێ‌ تەكنەلۆجیای مژینی دەنگە دەنگ وڵاتان بەتایبەت وڵاتە پێشكەوتووەكان نەدەگەیشتنە ئەم دۆخەی ئێستایان. تاقی بكەرەوە ماوەیەك سەماعە یان پارێزەری گوێچكە بەكاربهێنە ئەوسا بۆت دەردەكەوێت زیانەكانی دەنگەدەنگ چەند زۆرە. 

 

خاڵێكی دیكە كە بۆ تەندروستی زۆر گرنگە و زوربەمان فەرامۆشی دەكەین مەسەلەی دڵخۆشی و بەختەوەرییە. دەتوانین ئەو تام و چێژەی كە دەكرێنە خۆراكە خێراكانەوە لە خۆراكە تەندروستەكاندا بەكاریان بهێنین. بەتایبەت ئەوانەی كە ناوچەكانی چێژ وەرگرتن لە جەستەماندا دەوروژێنن. بەكورتییەكەی ژیانی تەندروست بەوە نایەتە دی كوێرانە پەیڕەوی لە رێنمایی و ئامۆژگارییە تەندروستییەكان بگریت بەتایبەت ئەوانەی كە سەنتەرە پزیشكییەكان پشتگیریی لێ‌ ناكەن و مەبەستی بازرگانیان لەپشتەوەیە.

 

پ: ل. م

ب: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure