لەسەرەتای ئەمساڵ تائیستا 46 کوردی ڕۆژهەڵات لەسێدارە دراون

هەواڵ / کوردستان :: 10/12/2019‌ :: 125‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عەزیز 


بەپێی خستنەڕووی ئامارەکانی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەسەرەتای ساڵی 2019 تائیستا 46 هاوڵاتی کورد لە سێدارەداون و زیاتر لە 3 هەزارکەس دەستبەسەرکراون و 234 کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و برینداربوون.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ (ئەمڕۆ سێشەممە 10ی کانوونی یەکەمی 2019) بڵاویکردووەتەوە، لەسەرەتای ساڵی 2019 تا ئیستا 46 هاوڵاتی کورد لەسێدارە دراون و 3 هەزار کەس دەستبەسەرکراون و 234 کۆڵبەر و کاسبکاریش کوژراون و برینداربوون.

بەپێی ئامارەکە، لەو ژمارەیە، ١٩ کەسیان خەڵکی پارێزگای ورمێ، ٧ هاووڵاتی خەڵکی پارێزگای ئیلام، ٧ هاووڵاتی خەڵکی پارێزگای سنە، ٦ هاووڵاتی خەڵکی پارێزگای کرماشان، ٤ هاووڵاتی خەڵکی پارێزگای لوڕستان و ٣ هاووڵاتییش خەڵکی پارێزگای خوراسانی باکوور بوون.

هاوکات، ٤١ بەندکراو بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و ٥ بەندکراو بە تۆمەتی  بازرگانیکردن بە ماددە سڕکەرەکان حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و حوکمەکەیان جێبەجێ کراوە. 4  ژن و دوو منداڵ لە ڕێزی ئەو کەسانەدان کە لەسێدارە دراون.

ئەوەشخراوەتەڕوو: لە ماوەی١١ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە سێ هەزار هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە تەنیا ناسنامەی ٧٠٥ کەسیان ئاشکرا بووە.

بەپێی هەمان سەرچاوە، لە کۆی ئەو کەسانەی دەستبەسەر کراون و ناسنامەیان دیارە، ٦١٥ کەسیان بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و پەیوەندی لەگەڵ حزبە کوردستانییەکان، ٣٢ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، ٢٢ کەسیان بە تۆمەتی چالاکیی مەزهەبی و ١٩ کەسیان بە تۆمەتی چالاکیی کرێکاری دەستبەسەر کراون.

هاوکات پێنج کۆڵبەر و١٢ هاووڵاتیی خەڵکی هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
لە کۆی ئەو کەسانەی کە دەستبەسەر کراون، ٢٦ کەسیان خوێندکار، مامۆستای قوتابخانە و زانکۆ و پارێزەر، ٣٢ کەسیان ژن و ١٧ کەسیان منداڵ بوون.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٢٣٤ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون کە ٦٩ کەسیان کوژراون و ١٦٥ کەسیان بریندار بوون، هاوکات لە کۆی ئەو کۆڵبەرانەی کە بوونەتە قوربانی، ١٨١ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ٣٨ کەسیان بەهۆی ڕووداوی سروشتی، ١١ کەسیان بەهۆی تەقینەوەی مین و ٤ کەسیان بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ لەکاتی ڕاوەدوونان بوونەتە قوربانی.

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ١٤٣ چالاکیی سیاسی، مەدەنی، مەزهەبی و کرێکاری کورد لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی سێدارە، بەندکران و لیێدانی قامچییان بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە و لە ماوەی ئەو ١١ مانگەدا، دوو هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و مەزهەبی حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و ١٤١ هاووڵاتیی دیکە سەرجەم حوکمی ٦٤٦ ساڵ و ٤ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure