وێنە: لەسەر شەقامەوە بانگەشە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان دەكرێت

هەواڵ / که‌لتور :: 10/12/2019‌ :: 132‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید

جیاواز لە هەڵمەتەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، ئەمڕۆ هونەرمەندێك لە ناوبازاڕی سەیدسادق و بە هەڵواسینی چەند وێنە و كردنەوەی پێشانگاو بەكار هێنانی بڵندگۆ بۆ بانگەشەی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان، چالاكییەكی تایبەتی ئەنجامدا و لە دواڕۆژیشەوە باس لە بیرۆكەكەی دەكات.

 

ئازاد سەوزە، خاوەنی پێشانگاكە و بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری سەیدسادق بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: لە چوارچێوەی چالاكییەكانی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بە هەماهەنگی لەگەڵ گروپی هزر و هونەری بڕیار بە پێویستمان زانی كە چالاكییەكی جیاواز لەو چالاكیانە ئەنجام بدەین كە داوای نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش لەناو بازاڕی سەیدسادق لە پێشانگایەكدا چەند وێنەیەكم هەڵوایسیون كە گوزارشتن لە نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان.

 

ئاماژەی بەوەشكرد، شانبەشانی نمایشكردنی وێنەكان، بە بڵندگۆ هاوار دەكەم توندوتیژی دژ بە ژنان ڕابگرن دەبێت هەموومان ڕێز لە ژنان بگرین و مافەكانیان پێشێل نەكەین، بۆیە ئەمە بوەتە جێگەی سەرنجی ئەو كەسانەی كە نزیكی ئەو پێشانگایە دەبنەوە و بە كارێكی جیاوازی دەزانن بۆ رێگریكردن لە توندوتیژی دژ بە ژنان.

 

بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری سەیدسادق، ئەوەشی وت: "بیرۆكەی كارەكەم لەوە هات كە بازاڕ هەمیشە هەموو جۆرە چین و توێژەكانی تیادا كۆدەبێتەوە و زۆرترین هاوڵاتیانیش ڕووی تێدەكەن بۆیە بە گرنگم زانی كە زۆرترین هاوڵاتیانی لە چین و توێژە جیاوازەكان بە خەم نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنانەوە بێن و سنورێك بۆ حاڵەتەكانی توندوتیژی دژ بە ژنان دابنێین".

 

ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure