دوای رۆژێك لەخۆپیشاندان دوو داواكاری پێنجوێنیەكان جێبەجێكرا

هەواڵ / کوردستان :: 10/12/2019‌ :: 188‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن


خۆپیشاندانەكەی قەزای پێنجوێن، بەجێبەجێكردنی دوو بەڵێن بەخۆپیشاندەران كۆتایی هات و ئەمڕۆش رەوشی كارەبا ئاسایی بووە و سبەینێ چوارشەممەش دابەشكردنی نەوت لەناوچەكەدا دەستپێدەكات.


زانا رەحمان، قائیمقامی قەزای پێنجوێن، (ئەمڕۆ سێشەممە 10ی كانوونی یەكەمی 2019) بەدواڕۆژی راگەیاند: دوایئەوەی دوێنێ خۆپیشاندانێكی گەورە لەپێنجوێن بەڕێوەچوو، لەسەر ئەو كێشانەی روویان كردبووە سنووری قەزاكەمان، كە خۆی لەدابین نەكردنی سوتەمەنی و كەم بوونەوەی كارەبای نیشتیمانی دەبینیەوە، بۆیە نیگەرانی پێنجوێنیەكانی لێكەوتەوە.

وتیشی: "لەبەرئەوەی پێنجوێن، ناوچەیەكی ساردە، داواكارییەكان رەوان بوون و وەكو ئیدارە قائیمقامیەت و هێزە ئەمینەكان پشتگیری داواكاریەكانمان كرد و نوسینگەی جێگری سەرۆك حكومەت و پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی هاتوونەتە سەرخەت و  بەڵێنیان داینێ  كە ئەم هەفتەیە كارەباكە چاك دەكرێت و خودی قوباد تاڵەبانی، لەگەڵ وەزارەتی كارەبا لەسەر خەت دەبێت، تاوەكو چەند میگایەك كارەبا بۆ پێنجوێن زیاد بكرێت".

روونیشیكردەوە: هاوكات داواكاری دووەمی هاووڵاتیان  و خۆپیشاندەران بریتی بوو لەدابەشكردنی نەوت و بەو هۆیەشەوە سبەینێ چوارشەممە 11/12/2019، دابەشكردنی نەوت لەسنوورەكە دەستپێدەكات.

قائیمقامی قەزای پێنجوێن، ئەوەشی خستەڕوو: داواكارییەكی تری خۆپیشاندەران بەگەڕخستنەوەی پڕۆژە راگیراوەكانی سنوورەكە و تەرخانكردنی رێژەیەك لەداهاتی هەردوو مەرزی باشماخ و سەیرانبەنە و بەڵێندراوە كە بەجدی كار لەسەر ئەوانەش بكرێت.

ک. س





  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure