ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران سبەی پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی یەکلایی دەکاتەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 10/12/2019‌ :: 254‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
وابڕیاره‌ سبه‌ی چوارشه‌ممه‌ 11ى كانوی یه‌كه‌مى 2019  یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران گفتووگۆكردن بێت له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی و ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایش رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران یاساكه‌ په‌سه‌ند ده‌كات.


ڕۆژی 7ی كانونی یه‌كه‌م، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی وتاری هه‌ڵسه‌نگاندنی كاره‌كانی كابینه‌ی نوێ له‌ماوه‌ی 100 ڕۆژ رایگه‌یاند پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی ئاماده‌یه‌ بۆ په‌سه‌ندكرد و ناردنی بۆ په‌رله‌مان.


 به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ بڕیاربوو له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی رابوردوودا، ئه‌و ره‌شنووسه‌ بخرێته‌ به‌رده‌م سه‌رۆكی حكومه‌ت و كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ په‌سه‌ندكردنی، به‌ڵام دواخرا.


وابڕیاره‌ سبه‌ی چوارشه‌ممه‌، 11ی كانونی یه‌كه‌م، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی گفتووگۆ له‌باره‌ی ره‌شنووسی پڕۆژه‌ یاسایی چاكسازی گفتووگۆبكات كه‌ له‌ لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران نوسراوه‌.

 

هێڤیدار ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆیدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌: حكومه‌ت رۆژی چوارشه‌ممه‌ پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی په‌سه‌ند ده‌كات و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستانی ده‌كات.


به‌پێی زانیارییه‌كان ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌ یاسایه‌كه‌ خۆی له‌ شه‌ش ته‌وه‌ر ده‌بینێته‌وه‌و ره‌شنووسی پڕۆژه‌ یاساكه‌ی ئه‌مجاره‌ جیاوازه‌ له‌و یاسایه‌ی كه‌ له‌ خولی رابوردووی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ناوی یاسای "پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی و ڕێكحستنه‌وه‌ی كه‌رتی وه‌زیفی گشتی و خانه‌نشینی و موچه‌ و ده‌رماڵه‌ ‌و به‌خشین و ئیمتیازه‌كانی تر" په‌سه‌ندكراو دواتر گه‌ڕێنرایه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان، چونكه‌ ئه‌مجار ده‌ستكاری هه‌ندێك مادده‌و بڕگه‌ى كراوه‌و زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندكراوه‌.

به‌شێكی ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌ یاساكه‌ بریتییه‌ له‌ راستكردنه‌وه‌ یان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خانه‌نشینی سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ پله‌كه‌یان له‌ پله‌ی شایسته‌ی خۆیان وه‌رنه‌گرتووه‌، له‌گه‌ڵ راستكردنه‌وه‌ی موچه‌ی خانه‌نشینی كه‌ گونجاو بێت له‌گه‌ڵ یاسا كارپێكراوه‌كان. جگه‌ له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و خانه‌نشیانه‌ی كه‌ به‌ده‌ر له‌ یاسا خانه‌نشین كراون.


به‌پێی پڕۆژه‌كه‌ی ئێستا ئاماده‌كراوه‌، خانه‌نشینی پله‌ی تایبه‌ت به‌ وه‌زیرو بریكاری وه‌زیرو به‌رێوه‌به‌ری گشتیی وراوێژكاران هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌و دووباره‌ لیسته‌كه‌ وردبین و پاككردنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ده‌رهێنانی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ ناشایسته‌ خانه‌نشینی پله‌ی تایبه‌ت وه‌رده‌گرن. سه‌رجه‌م ئه‌و پله‌و مه‌رته‌بانه‌ی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نا یاسایش وه‌رگیراون هه‌ڵده‌وه‌شێندرێته‌وه‌.

 پێداچوونه‌وه‌:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە