ئه‌مڕۆ به‌غدا له‌چاوه‌ڕوانی ته‌نگژه‌یه‌كى گه‌وره‌دایه‌

هەواڵ / عێراق :: 10/12/2019‌ :: 529‌ جار بینراوە

 دواڕۆژ
 بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 10ى كانونی یه‌كه‌مى 2019 و له‌ یادى رزگاركردنى عێراق له‌ ده‌ستى گروپى داعش خۆپیشاندانێكى گه‌وره‌ له‌به‌غداى پایته‌خت ئه‌نجامبدرێت كه‌ به‌ر له‌ ئه‌نجامدانى چه‌ندین لایه‌ن هۆشدارییاندا له‌وه‌ى ته‌نگژه‌ى گه‌وره‌ترى لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

به‌پێى راپۆرتێك كه‌ سایتى ئه‌لعاله‌م بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ خۆپیشانده‌ران له‌شاره‌كانى دیكه‌شه‌وه‌ به‌شدارى له‌و خۆپیشاندانه‌ى به‌غدا ده‌كه‌ن.

له‌و راپۆرته‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر زۆره‌ ئه‌و خۆپیشاندانه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند لایه‌نێكى گومانلێكراوه‌وه‌ بقۆزرێته‌وه‌ و ئاڕاسته‌ى خۆپیشاندانه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ ببرێت كه‌ له‌دژى حه‌شدی شه‌عبی بێت.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى عێراق رێوشوێنى توندیان گرتووه‌ته‌به‌ر له‌ به‌غداى پایته‌خت و چه‌ندین یه‌كه‌ى ئه‌منى له‌ گۆڕه‌پانه‌ جیاجیاكان بڵاوه‌یان پێكراوه‌.

هاوكات كه‌ناڵى سكاى نیوزى عه‌ره‌بی له‌سه‌ر زارى سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرسی وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراقه‌وه‌ ئاشكرایكرد كه‌ فه‌رمان دراوه‌ به‌ پاشه‌كشێپێكردنى سه‌رجه‌م هێزه‌كانى حه‌شدی شه‌عبی له‌ به‌غدا ئه‌وه‌ش بۆ رێگرى له‌ دروستبوونى توندوتیژى.

له‌ هه‌نگاوێكیشكدا بۆ رێگرى له‌ دروستبونى گرژى دوێنێ دووشه‌ممه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى كاربه‌ڕێكه‌رى عێراق وه‌ك فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كان فه‌رمانیدا به‌ رێگرى له‌ده‌ستوه‌ردانى حه‌شدی شه‌عبی له‌ پرسه‌ ئه‌منییه‌كاندا .

ئه‌وه‌ى زیاتر مه‌ترسی دروستبونى گرژى زیاتر كرد هۆشداریه‌كه‌ى باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا بوو له‌ عێراق كه‌ تیدایدا داواى له‌ هاووڵاتیانى كردووه‌ له‌ به‌غدا له‌ ماڵ و شوێنى كاره‌كانیان نه‌چنه‌ده‌ر.
 ئا:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە