توندوتیژی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەیاسای توندوتیژی خێزانیدا نییە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 09/12/2019‌ :: 240‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی هۆشداری لەزیادبوونی توندوتیژییەكان دەدەن و هەمواری یاسای توندوتیژی خێزانی بەپێویست دەزانن، بەتایبەتیش بۆ ئەو توندوتیژییانەی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەكرێت، چالاكوانێكی ژنانیش دەڵێت: "تائێستا یاسای توندوتیژی خێزانی وەك خۆی جێبەجێ نەكراوە".

پەرلەمانی كوردستان ساڵی 2011 یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزانی دەركرد كە تائێستا ئەو یاسایە لەعێراقدا بوونی نییە، بەپێی ئەو یاسایەش زۆربەی كێشە خێزانییەكان بەو یاسایە چارەسەر دەكرێن، هەر لەچوارچێوەی یاساكەشدا بەڕێوەبەرایەتییەكانی توندوتیژی خێزانی و دادگای لێكۆڵینەوەی خێزانی دامەزراون، بەڵام لەڕۆژە كۆتاكانی ئەمساڵی هەفتە چالاكی توندوتیژی دژی خێزان، داوای هەمواركردنەوەی ئەو یاسایە دەكرێت.

دادوەر عومەر ئەحمەد، وتەبێژی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: بۆیان دەركەوتووە دادگاكان و رێكخراوەكان لەماوەی پیادەكردنی ئەو یاسایە نەیانتوانیوە بەتەواوی ئەركەكانی خۆی بەجێبهێنێت و پێویستییان بەهاوكاری میدیایە، چونكە هەر كاتێك لەخێزاندا تووشی توندوتیژی بوو، كۆمەڵگەش بەرەو توندوتیژی دەڕوات.

ناوبراو داوای لەڕێكخراو و میدیاكان كرد هاوكاریان بن بەپێگەیاندنی رۆشنبیری یاسایی بۆ تاكەكانی خێزان، خۆیشیان لەو بابەتانە بەدوور بگرن كە دەبنە مایەی هاندانی توندوتیژی خێزانی، چونكە هەستیان كردووە هەندێك بابەت كە كێشەی نێوان خێزانەكان بووە، بەڵام راگەیاندنەكان هێناویانەتە سەر شاشە و كێشەكانیان قوڵتر كردۆتەوە.

سەبارەت بەداواكردن بۆ هەمواركردنەوەی یاسای توندوتیژی خێزانی، وتەبێژی دادگای سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد: لەهەموو وڵاتێك كاتێك یاسایەك دەردەكرێت دوای ماوەیەكی دیاریكراو پێویستی بەپێداچوونەوەیە و ئەم یاسایەش پێویستی بەپێداچوونەوەیە، یەكێك لەكەموكوڕییەكان ئەم یاسایە لەكاتی جێبەجێكردنیدا ئەوەیە هەر دادگا و دادوەرێك بەشێوازی خۆی شرۆڤەی یاسایی بۆ دەكات لەبەرئەوەی كە یاسایەك دەقەكەی زۆر روون نەبوو دادوەر لەكاتی جێبەجێكردنی شرۆڤەی بۆ دەكات، هەندێجار دەردەكەوێت ئەو شرۆڤەیە لەجێی خۆیەتی و هەندێجاریش دەردەكەوێت شرۆڤەكە لەشوێنی خۆی نییە، بۆیە ئەوە كەموكوڕییە.

كاتێك ئەو یاسایە لەكوردستان دەرچووە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەك ئێستا چالاك نەبوون، بەپێی ئاماری ساڵانەی پۆلیس و دادگا و رێكخراوەكانیش، بەشێكی زۆری توندوتیژییەكان لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە.

دادوەر عومەر ئەحمەد وتی : "پێمان باشە ماددەكانی ئەو یاسایە زیاد بكرێن و دیاری بكات توندوتیژی خێزانی، ئایا ئەو توندوتیژییانەی لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سۆشیاڵ میدیا بەرامبەر تاكەكانی كۆمەڵ و رەگەزی ژن و پیاو دەكرێن بەشێكن لەتوندوتیژی خێزانی یان نا، چونكە لەیاساكەدا باسنەكراون".

ناوبراو روونیكردەوە: بەگشتی توندوتیژی زیادیكردووە ئەویش بەهۆی بەرەو پێشچوونی كۆمەڵگە و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و بەرەو پێشچوونی هۆكارەكانی تەكنەلۆجیای پێشكەوتوو.

هەروەها موقەدەم هیوا كەریم، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان لەسلێمانی بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: باڵانسی جێندە لەیاساكاندا نەپارێزراوە، بەشێكی زۆری قسەی حكومەتی هەرێم و رێكخراوەكانیش ئەوەیە دەبێت باڵانسی جێندەری بۆ هەردوو رەگەز وەك یەك بێت، بەڵام بەداخەوە هەندێجار لەیاساكەدا باڵانسی جێندەری تای تەرازووەكە بەلای رەگەزی مێینەیە، بۆیە دەكرێت ئەو باڵانسە بپارێزرێت.

نیاز عەبدوڵا، چالاكوانی ژنان بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەم یاسایە تائێستا وەك خۆی جێبەجێنەكراوە و دەسەڵاتی جێبەجێكردن زۆرجار پابەند نەبووە بەو فەرمانی دەستگیركردنانەی لەلایەن دادگاوە دەركراون تا لەڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە تۆمەتباران ئامادە بكرێن لەبەردەم دادگا، بەو هۆیەشەوە ژنكوژان لەسزا دەربازیان بووە.

بەوتەی نیاز: خاڵێكی دیكەی مەترسیدار ئەوەیە پەرلەمانی كورستان لەبری هەڵوێست وەرگرتن، یاسای لێبوردنی گشتی دەردەكات و بەهۆی لێبوردنەكانی سەرۆكایەتی پێشووی هەرێمیش تاوانبار ئازادكراون و بەداخەوە زۆربەی ژنكوژان دوای ئازادبوونیان تاوانی دیكەشیان ئەنجام داوەتەوە.

هاوكات بورهان عەلی، سكرتێری یەكێتی پیاوانی كوردستان بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: ئەوان لەگەڵ هەمواركردنەوەی یاساكەدان، پێشتر پێشنیاریان كردووە توندوتیژی خێزانی دەربڕی سەرجەم بەشەكانی خێزان بێت، چونكە ئەم یاسایە تەواوكەری یاسای توندوتیژی دژی ئافرەتانە، نادادپەروەری زۆری بەرامبەر پیاوان تێدایە.


پ: ک. س




  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure