کوێریی

هەواڵ / که‌لتور :: 09/12/2019‌ :: 100‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


نووسەری بەناوبانگی پرتۆگالی "ژۆزێ ساراماگۆ" لە رۆمانی "کوێری"دا ئاماژە بە کوێرییەکی سپی دەکات. مرۆڤەکان تووشی نەخۆشییەک دەبن کە رۆژ بە رۆژ پەرەدەستێنێت و لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە دەگوازرێتەوە. کوێرییەکی جیاوازە کە رەش نییە، سپییە و تەنیا رەنگێکی سپی بە چاوەکانیان دەبینن و هیچیتر. رەنگی سپی نیشانە و ئاماژەی رووناکییە و بە شێوەیەکی سیمبۆلیک لە لایەن نووسەرەوە هەڵبژێردراوە.

دەستپێکی رۆمانەکە لە چوارڕێیان و ترافیکلایت و ناو جمەی ئۆتۆمبێلەکان روو دەدات  و هەر لەوێیە کە یەکەم کەس تووشی کوێریی سپی دەبێت، پاشان دەیبەن بۆ لای دکتۆر و لەئاکامدا دکتۆریش ئەم نەخۆشییە دەگرێت و رۆژ بە رۆژ رێژەی کوێرەکانی شار زیاد دەبن و دەوڵەت بۆ ئەوەی پێش بە ئەم نەخۆشییە سەیرە بگرێت تا زیاتر تەشەنە نەکات و بۆ پارێزراوکردنی خەڵک، تووشبوان، واتە کوێرەکان لە شار دووردەخاتەوە، ئەوانەی کە کوێربوون لە لایەن چاوساخەکانەوە دەخرێنە نێو زیندانەوە و رۆژانە نان و ئاویان بۆ دەنێرن.
لەو بارودۆخەدا کە هیچ یاسایەک لە نێوان کوێرەکاندا نییە و بەدیی ناکرێ و بەرەبەرە کۆمەڵگەی کوێرەکان گەورە و گەورەتر دەبێتەوە و جمەی دێ لە کوێر، لەم کاتەدایە کە کوێری دەسەڵاتدار و زاڵم پەیدا دەبن کە بە پێی توانایان لەو زیندانە گەورەیەدا بە ئاسانی مافی کوێرەکانی تر پێشێل دەکەن و هەوڵدەدەن دەست بە سەر ئەو خۆراکانەدا بگرن کە لە دەرەوەی زیندان رۆژانە بۆیان دەنێردرێ. سەرەنجام چەکداریش دەبن و بە زۆری چەک یاساکانی خۆیان بە سەر کوێرەکانی تردا دەسەپێنن و لەپێناو پێدانی خۆراک بە کوێرەکانی تر داوای زێڕ و زیو و دراو دەکەن، تەنانەت پێشنیاری بێشەرمانە بە کوێرەکان دەدەن گوایە "دەبێ لەپێناو وەرگرتنی خۆراکدا چێژ لە ژنەکانتان وەربگرین و لە گەڵیان جووت بین".
ساراماگۆ زۆر بە وردی و جوانی باسی رووداوەکانی ئەو کۆمەڵگەیە دەکات ودەبینین لەو زیندانە گەورەیەدا تەنیا خێزانی دکتۆرە کە تووشی ئەم نەخۆشییە نابێت و بینایی هەیە، بەڵام دوای تووشبوونی مێردەکەی (دکتۆر) بۆ ئەوەی پارێزگاریی لێ بکات وا دەنوێنێ کە کوێرە. تەنیا ئەم خانمەیە کە هەموو رووداوە تاڵەکان دەبینێ و تەنانەت لە کۆتاییشدا دەوری رێبەرایەتی و چاوساخیش دەگێڕێت. 
لە میانەی چیرۆکەکەدا و لەو بارودۆخە هەستیارەدا، کوێرەکان ئیتر نان و ئاویان لە دەرەوەی زیندانەوە بۆ نایەت، ئەوان سەرکەوتوودەبن لە زیندانەکە بڕۆنە دەرەوە، بەڵام لە دەرەوە چ قەوماوە؟! تەواوی خەڵکی شار تووشی کوێریی بوون، هەندێک کوێر لێرە و لەوێ ئیدیعای رێبەرایەتی و پێشەنگایەتی کوێرەکانی دیکە دەکەن و هەر دەستەکوێرێک لێرە و دەستەیەکیش لەولاتر لە دەوری کوێرە پێشەنگێکی خۆیان ئاپۆڕەیان داوە کە قسەیان بۆ دەکات. بەڵام ئیتر کێ هەیە کە کوێرەکان رزگار بکات لە کاتێکدا کە رزگاریدەرەکان بە خۆیشیان هەر کوێرن؟! 
لەکۆتاییدا  ژنی دکتۆر بە هۆی شڵەژانی دەروونییەوە پەنا بۆ کڵێسا دەبات، بەڵام  لەوێیش شتێکی سەیر دەبینێ! هەموو پەیکەرەکانی ناو کڵێسا لەلایەن قەشەکانەوە  چاویان بە پارچە  پەڕۆیەکی سپی  بەستراوە و داپۆشراوە. سەیرتر، چاوی هەموو وێنەکانی سەر دیوارەکانی کڵێسا بە  رەنگی سپی حەشار دراوە، سەرەنجام دوابەدوای ئەم رووداوە کوێرەکان بە دوای یەکدا بینایی چاویان  بەدەستدێننەوە.

• ساراماگۆ لە رۆمانی کوێری-یدا ئاماژە بە کوێریی هزر و بیر دەکات، ناوەرۆکی ئەم کتێبە شاکارە لە سەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤەکانە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم رۆمانە ئەوەیە کە هیچ یەک لە کەسایەتی رۆمان ناویان نییە و بە ئاوەڵناو یاخود بە پێ جۆری ئیش و پێگەی کۆمەڵاتییان ناویان دێت و نووسەر بەمجۆرە بە خوێنەری دەناسێنێت. تەنانەت شارەکەیش ناوی نییە و شەقامەکان بێ ناونیشانن. لەڕاستییدا کوێریی تەمسیل و نواندنێکە لە کوێربوونی عەقڵی مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە، ئەو مرۆڤانە کە عەقڵیان هەیە و خاوەنی عەقڵن بەڵام هیچ کات بیرناکەنەوە و بەکاریناهێنن.

سروە عەبدوڵـڵا 

---
پ: ل. م 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure