داوا ده‌كرێت ئه‌نجومه‌نی فه‌توا داوای لێبوردن بكات

هەواڵ / کوردستان :: 09/12/2019‌ :: 1192‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جه‌مال
ژماره‌یه‌ك رێكخراو و په‌رله‌مانتار و چالاكوانی مه‌ده‌نی، داوا له‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توای هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن كه‌ ده‌رباره‌ی فه‌تواكه‌یان به‌رامبه‌ر ژنان و شۆفێرانی (پیاو و ژن)ی تاكسیی، داوای لێبووردن بكات.


پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ(دووشه‌ممه‌ 9ی كانونی یه‌كه‌می 2019) له‌ (رێكخراوی ئازادبوون) له‌ شاری سلێمانی، ژماره‌یه‌ك چالاكوانی مه‌ده‌نی ژنان، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییان سه‌باره‌ت به‌ فه‌تواكه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا دژی سه‌ركه‌وتنی ژنان له‌گه‌ڵ (شۆفێری تاكسیی پیاوان و به‌پێچه‌وانه‌وه‌)، سازكرد.

نیاز عه‌بدوڵـڵا چالاكوان له‌ لێدوانێكدا بۆ میدیاكان رایگه‌یاند"پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا، فه‌تواكه‌ی بكێشێته‌وه‌ و ده‌ستهه‌ڵبگرێت له‌ هه‌ر فه‌توا و روونكردنه‌وه‌یه‌ك به‌ناوی ئایین كه‌ سووكایه‌تیكردن بێت به‌ ژنان و زه‌وتكردنی مافه‌كانیان. ده‌بێت یه‌كێتی زانایان رێز له‌ ئازادیی تاكه‌كه‌سی و مافه‌كانی مرۆڤ بگرێت و داوای لێبووردن له‌ ژنان و پیاوانی كاسبكارانی شۆفێری تاكسی بكه‌ن كه‌ وه‌ك مه‌ترسی بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ باسیان كردوون".

نیاز عه‌بدوڵـڵا وتیشی:"پێویسته‌ زه‌مینه‌ی ئه‌نجامدانی تاوان به‌رامبه‌ر ژنان نه‌هێڵدرێت، بۆئه‌و مه‌به‌سته‌یش ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و دادگاكان له‌ڕێگه‌ی جێبه‌جێكردنی یاسا به‌ركاره‌كان، رۆڵ و ئه‌ركی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و مامۆستایانی ئایینی رۆڵ ببینن له‌ به‌رجه‌سته‌كردنی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ سووكایه‌تیكردن به‌ ژنان به‌ناوی ئایینه‌وه‌".
پ: ل. م 
 بڵاوكردنه‌وه‌ :هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure