لەبارەی سزای بەسەرچوونی مۆڵەتی شۆفێری روونکردنەوە دەدرێت

هەواڵ / کوردستان :: 09/12/2019‌ :: 1112‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
دوای ئەوی رۆژی ۲۷ تشرینی دووەمی ۲٠۱۹ بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم سزای نوێنەکردنەوەی مۆڵەتی هاتوچۆی راگەیاند بۆ دوو هێندە، ئەندامێكی لیژنەی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت: "قەرەباڵغییەکی ئێگجار زۆر لە پشکنینی پزیشکی دروستبووە و شەکەتییەکی زۆر ڕووبەڕووی هاوڵاتیان بۆتەوە، لەکاتێکدا بڕیارەکە کۆتایی ساڵی ۲٠۲٠ جێبەجیدەکرێت نەک کۆتایی ئەمساڵ، بۆیە پێویست ناکات هاوڵاتیان پەلە بکەن.

عباس محەمەد ئەندامی لیژنەی ناوخۆ لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، بەدواڕۆژی راگەیاند "بەهۆی ئەو بڕیارەی لە وەزارەتی ناوخۆ دەرچووە، كە غەرامەی بەسەرچوونی ساڵیانە لە ۱٥ هەزار دینارەوە دەبێتە ۳٠ هەزار دینار، قەرەباڵغییەکی ئێجگار زۆر لە پشکنینی پزیشکی دروستبووە و شەکەتیەکی زۆر ڕووبەڕووی هاوڵاتیان بۆتەوە".
دەشڵێت: "دوای بەدواچوونمان بۆ ئەو بابەتە لەڕێگەی لیژنەی ناوخۆ ئەو زانیارییانەمان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر وەرگرت کە ئەو بڕیارە لە بەرواری ۲٠ کانوونی یەکەمی ۲٠۲٠ جێبەجێدەکرێت نەک لە ۲٠ی ئەم مانگە واتا ۲٠ی مانگی ۱۲ی ساڵی ۲٠۲٠.
هەروەها دەشڵێت: "بەشێک لەهاوڵاتیان بەهەڵە لەبڕیارەکە گەیشتوون کە پێیانوایە مانگانەیە، بەڵام سزای مۆڵەت بەسەرچوون ساڵانەیە نەک مانگانە، واتا بۆ هەر ساڵێک دەبێتە ۳٠ هەزار دینار نەک مانگانە ۳٠ هەزار دینار ".
ئەوە لەکاتێکدایە کە کۆتایی مانگی رابردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم بەنوسراوی فەرمی ژمارە ۱٥٠۲۷ سزای بەسەرچوون و نوێنەکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری دیاریکرد کە بۆ هەر سالێکی بەسەرچوون سزاکەی ۳٠ هەزار دینارە لەکاتێکدا پێشتر ۱٥ هەزار دینار بوو".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure