بۆ دەربڕینی هاوخەمی بۆ خێزانە هەڵەبجەییەكە فەرمانگەیەك دەوامی ڕاگرت

هەواڵ / کوردستان :: 09/12/2019‌ :: 386‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید


بەمەبەستی ئیدانەکردنی ئەو دەستدرێژیەی کرایە سەر خێزانێکی هەڵەبجەیی لە شاری ورمێی ئێران و دەربڕینی هاوخەمی بۆیان،  بەئامادەبوونی كەسوكارەكەیان فەرمانبەرانی شارەوانی هەڵەبجە بۆ ماوەی كاتژمێرێک كارەكانیان ڕاگرت.


کوێستان ئەکرەم سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "بەهۆی ئەوەی هێمن باقی کارمەندی شارەوانیمان بووە و بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر ڕوویان لە ئێران کردووە و ئەو ڕووداوە نەخوزراوەیان بەسەردا هات، وەک کارمەندانی شارەوانی بە ئەرکی خۆمان زانی ئیدانەی ئەو کارە بکەین و وەک هاوخەمییەک بۆ ماوەی کاتژمێرێک دەوام ڕابگرین".

ئوسامە یونس، هاوپیشەی هێمن فەرمانبەر لەسەرۆكایەتی شارەوانی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند "لەگردبوونەوەكەی ئەمڕۆماندا وەك فەرمانبەرانی سەرۆكایەتی شارەوانی، هاوخەمی خۆمانمان دەربڕی بۆ ئەو كارەساتەی بەسەر خێزانەكەیاندا هات لەوڵاتی ئێران، هیوادارین حكومەتی هەرێم لەئاست ئەو كارەساتە بێدەنگ نەبێت و هەڵوێستی هەبێت".

ڕۆژی شەممەی ڕابوردوو خێزانێكی هەڵەبجەیی بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی ڕوویان لەوڵاتی ئێران كرد، بەڵام تووشی ڕووداوێكی نەخوازراو بوون، لەئێستادا باری تەندروستی دوانیان جێگیرە و چیا ناسر كەدەكاتە خێزانی هێمن باقی باری تەندروستی زۆر ناجێگیرە و بەئۆكسجین ژیان بەڕێدەكات.

هێمن باقی ماوەی هەشت ساڵە فەرمانبەری گرێبەستە، لەسەرۆكایەتی شارەوانی هەڵەبجە، بڕوانامەی بەكالۆرێسیشی هەیە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure