ئەمڕۆ كۆنفرانسی مەڵبەندەكانی یەكێتی دەستپێدەكات

هەواڵ / کوردستان :: 09/12/2019‌ :: 218‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


ئەمڕۆ (دووشه‌ممه‌ 9ی كانونی یه‌كه‌م) كۆنفرانسی سه‌رجه‌م مه‌ڵبه‌نده‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق ده‌ستپێبكات و زیاتر له‌ 4 هه‌زار كه‌سیش خۆی كاندید كردووه‌.


به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، ئەمڕۆ له‌ سه‌عات 8ی به‌یانییه‌وه‌ تا سه‌عات 3ی پاشنیوه‌ڕۆ كۆنفرانسی سه‌رجه‌م مه‌ڵبه‌نده‌كانی یه‌كێتیی بۆ كۆنگره‌ی چواره‌م به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

دواڕۆژ زانیویه‌تی زیاتر له‌ چوار هه‌زار كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یه ‌و زیاتر له‌ هه‌زار و چوار سه‌د و سی و چوار كه‌سیش خۆیان كاندیدكردووه‌.

زۆرترین رێژه‌ی به‌شداربوونیش له‌ مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی-یە له‌كۆی 363 كاندید 73 كاندید كه‌ ده‌نگی پێویست به‌ده‌ستده‌هێنن، به‌شداری كۆنگره‌ی چواری یه‌كێتیی ده‌كه‌ن و 969 ده‌نگده‌ریش ده‌نگده‌ده‌ن، دواتر پارێزگای هه‌ولێر دێت كه‌ 560 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یه ‌و 178 كه‌س خۆیان كاندید كردووه ‌و 49 كه‌س ده‌بنه‌ ئه‌ندامی كۆنگره‌.

له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی رابوردوو، یه‌كێتی كۆنفراسه‌ ناوخۆییه‌كانی له‌ كۆمیته‌كانی خۆی له‌ سه‌رجه‌م شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ته‌واوكرد، ڕۆژی 9ی كانونی یه‌كه‌می ئه‌م مانگه‌ش هه‌ڵبژاردنی مه‌ڵبه‌ند و سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌كانی ئه‌و حیزبه‌ بۆ دیاریكردنی زیاتر له‌ 800 ئه‌ندامی كۆنگره‌ ده‌ستپێده‌كات.

به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی یەكێتی، جگه‌ له‌ ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی و به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ند و مه‌كته‌به‌كان و 120 كه‌س له‌ مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی یه‌كێتی  و ئه‌ندامانی ئێستای فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان و وه‌زیره‌كان كه‌ راسته‌وخۆ ده‌بنه‌ ئه‌ندامی كۆنگره‌، پێویسته‌ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه‌ به‌پێی كێبڕكێی هه‌ڵبژاردن ببنه‌ ئه‌ندامی كۆنگره‌.

دیاریكردنی پشكی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی یه‌كێتیی له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك به‌گوێره‌ی ده‌نگی مه‌ڵبه‌نده‌كانه‌ بۆ دوو هه‌ڵبژاردنی یه‌ك له‌ دوای یه‌كی عێراق و هه‌رێمی كوردستان.

دوای 9 ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر واده‌ی ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ی سێهه‌می ئه‌و حیزبه‌، وابڕیاره‌ 21ی كانونی یه‌كه‌می مانگی داهاتوو یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان كۆنگره‌ی چواره‌می خۆی به‌ به‌شداری هه‌زار ئه‌ندامی كۆنگره‌ له‌ سلێمانی به‌ڕێوه‌ببات.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure