خوێندكارێكی خاوەن پێداویستیی تایبەت هاوڕێكانی بەكۆڵ دەیبەن بۆ هۆڵی خوێندن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 08/12/2019‌ :: 390‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی، لەئێستاوە دەیەوێت پلان بۆ ساڵی داهاتوو دابنێت تا بزانرێت بە چ شێوەیەك گونجاوە لە بەڕێوەبەرایەتییەكاندا مامەڵە لەگەڵ كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بكرێت.


بەڕێوەبەری ئەو بەڕێوەبەرایەتییەیش نیگەرانە لەوەی هەندێك ناوەندی رەسمی، پێداویستییان بۆ ئەو كەسانە دابین نەكردووە و دەڵێت: "خوێندكارێكی خاوەن پێداویستی تایبەت لە زانكۆیەك، هاوڕێكانی بە كۆڵ دەیبەن بۆ هۆڵی خوێندن".

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی، بە ئامادەبوونی نوێنەری فەرمانگە پەیوەندیدارەكان، سیمینارێكی بۆ چۆنیەتی جێبەجێكردنی یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2011ی پەرلەمانی كوردستان رێكخست، ئه‌و یاسایه‌ تایبەتە بەدابینكردنی پێداویستیی كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە فەرمانگە و شوێنە گشتییەكان.

عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی بە، دواڕۆژی راگەیاند: "دەمانەوێت شاری سلێمانی بكەینە باشترین ژینگە بۆ كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، هەرچەندە تائێستاش زۆر باشە، بەڵام ئەمڕۆ هەڵسەنگاندن بۆ ئەو كارانە دەكەین كە دەكرێن و چ كارێكیش نەكراوە بۆ داهاتوو بكرێت، ئەوەش بەڕەچاوكردنی دۆخی هەرێمی كوردستان".

ده‌شڵێت: "هەندێك فەرمانگە بۆ دابینكردنی پێداویستی كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، باشن، بەڵام لەڕووی پەروەردەییه‌وه‌ كێشە هەیە و رێگەنادەن هەندێجار خوێندكار بخوێنن. بۆ شەقام و رێگەكان و هۆشیاریی هێشتا كاری زیاتریان دەوێت، ئێستا لە كوردستان نزیكەی 80 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت هاوكاری دارایی وەردەگرن و 20 هەزار خاوەن پێداویستیش چاوەڕێی هاوكاریی دەكه‌ن".

بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی، وتی: "بۆ نموونە گەنجێكی خاوەن پێداویستی تایبەت لە زانكۆیەك، هاوڕێكانی بەكۆڵ دەیبەن بۆ نهۆمی پێنجەم بۆ هۆڵەكانی وانە خوێندن كە ئەوە عەیبەیەكی گەورەیە، بۆیە دەبێت ئەو باڵەخانانەی دروست دەكرێن تایبەتمەندیی خاوەن پێداویستی تایبەتی تیادا رەچاو بكرێت".

سامان حسێن، سكرتێری رێكخراوی كەمئەندامانی كوردستان، بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: "ئەم سیمینارانە درێژەپێدەری جێبەجێكردنی یاساكەن، دەبێت بەكردار ئەو یاسایە جێبەجێ بكرێت و بەڕێوەبەرەكان پاساو نەهێننەوە بۆ جێبەجێكردن. هەندێك فەرمانگە زۆر باشن بۆ نموونە هاتوچۆ و پاسپۆرت و تەندروستی و خانووبەرە، بەڵام هەندێك بەڕێوەبەرایەتیش بەهۆی خراپیی بیناكان دەڵێن ناتوانین پێداویستی كەمئەندام دابین بكەین".

جگە لەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی كه‌ كێشەی قاچ یان دەستیان هەیە، نابینایانیش بەهەمان شێوە گرفتیان هەیە. له‌مباره‌یه‌وه‌ مافناس (رێبوار رەسوڵ) راوێژكاری یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری كۆمەڵایەتی سلێمانی كە نابینایە، بە دواڕۆژی وت: "كێشەكانی ئێمه‌ جگە لەوەی قورسترە، دابینكردنی پێداویستییەكانیشمان قورسترن. بۆ نموونە پێویستمان بەوەیە دەنگ-ئامێری كوردیمان بۆ دابین بكرێت تا رێنوێنی بۆ شوێنەكان بكرێین كە لە هەندێك ئەسانسۆردا هەیە یان نووسینی برایل لە شوێنەكاندا هەبێت بیخوێنینەوە، ئەوانە قورس نییە، بەڵام دابین نەكراون یان تائێستا بەزمانی كوردی هیچمان نییە بۆ نابینا".

لەسەرەتای خوێندنی ئەمساڵدا ژمارەیەك خێزان كه‌ منداڵى خاوەن پێداویستی تایبەتیان هه‌یه‌، گلەییان كرد له‌وه‌ى منداڵەكانیان لە هەندێك قوتابخانە وەرناگیرێن، بەڵام ئیبراهیم عەبدوڵـڵا بەڕێوەبەری فێركردنی نائاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، بۆ دواڕۆژ وتى: "ئێمه‌ بەرنامەی لەخۆگریمان هەیە واتە (دەمج)، بۆ ئەو خوێندكارانەی گرفتی كەم تواناییان هەیە لە ئەقڵ یان هزر یان جەستە یان هەڵسوكەوتدا، بۆیە لە قوتابخانەكان وەردەگیرێن. وەرنەگرتنی ئەو خوێندكارانە لە بەرنامەی پەروەردەدا نییە، ئەوانەش كه‌ وتویانە وەرناگیرێن، بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن و هیچ هۆشیارییان سەبارەت بەخاوەن پێداویستی تایبەت نییە".

بەڕێوەبەری فێركردنی نائاسایی ده‌ڵێت: "لەگەڵ رێكخراوی رۆشنبیریی بەریتانیا هەستاوین بە كردنەوەی چەند خوولێك لە بەڕێوەبەرایەتی مەشق و راهێنان بۆ مامۆستایان تا بتوانن لە چەمكی پەروەردەی تایبەت یان لە چەمكی خاوەن پێداویستی تایبەت تێبگەن". 

پ: ل. م
بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure