رێكخراوێکی جیهانیى له‌ گیانه‌ڵـڵادایه‌

هەواڵ / ئابوری :: 08/12/2019‌ :: 351‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

له‌ ساڵانى رابوردوودا رۆڵى رێكخراوى بازرگانیى جیهانى به‌رده‌وام رووى له‌ لاوازبوون كردووه‌، ئه‌و رێكخراوه‌ پرەنسیپه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى هێشتا بنه‌ماى ئابوریى جیهانییان له‌سه‌ر راوه‌ستاوه‌.


نهێنییه‌ چه‌په‌ڵه‌كه‌ى ئه‌م رێكخراوه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ رێكخراوێكه‌ زیاتر له‌وه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كیى بایه‌خ به‌ مه‌سه‌له‌ بازرگانییه‌كان بدات، ده‌یه‌وێت جیهانگیریى زیاده‌ڕۆكار جێبه‌جێ بكات و پێداگریى ده‌كات له‌سه‌ر دانانى كۆمه‌ڵێك یاساى ناچاریى سه‌باره‌ت به‌ كاروباره‌ نابازرگانییه‌كان. 

ئه‌م رێكخراوه‌ ده‌ڵێت: "پێویسته‌ ده‌وڵه‌تان خۆیان بگونجێنن له‌گه‌ڵ یاسا و رێنماییه‌كانى رێكخراوى بازرگانیى جیهانیدا، خۆیان هاوئاهه‌نگ بكه‌ن له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیى دارایى كۆمپانیاكان و رێوشوێنه‌ ئیدارییه‌كانیشیان به‌جۆرێك دابڕێژن كه‌ ناكۆك نه‌بن له‌گه‌ڵ یاساكانى ئه‌و رێكخراوه‌دا".

ئه‌م داواكارییانه‌ش كۆت و پێوه‌ند دروست ده‌كه‌ن له‌سه‌ر سیاسه‌تى وزه‌ و سیستمى دارایى و ئاسایشى خۆراك و به‌رهه‌مه‌كان و شێوازى نوێى پاراستنى قۆرخكاریى بۆ ئه‌وه‌ى كۆمپانیاكانى ده‌رمان پاره‌ى زۆرتر له‌ به‌كاربه‌ران بماشنه‌وه‌. هه‌ر ده‌وڵه‌تێكیش فه‌رمانه‌كانى ئه‌م رێكخراوه‌ جێبه‌جێ نه‌كات ملیۆنان دۆلار سزا ده‌درێت. 



رێكخراوى بازرگانیى جیهانى به‌ بیانووى لابردنى رێگره‌ بازرگانییه‌ نایاساییه‌كان، ئه‌و چه‌سپانه‌ى له‌ به‌رهه‌مه‌كان كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئاماژه‌ن بۆ وڵاتى به‌رهه‌مهێن، بۆ نموونه‌ چه‌سپى سه‌ر گۆشت كه‌ پێشتر فرۆشگه‌كانى ئه‌مریكا زۆر پشتیان به‌و چه‌سپه‌ ده‌به‌ست.

وڵاته‌ تازه‌ پێگه‌یشتووه‌كان هه‌میشه‌ ئه‌و كه‌یسه‌ دادگاییانه‌ ده‌دۆڕێنن كه‌ دژى رێكخراوى بازرگانیى جیهانى تۆمارى ده‌كه‌ن. ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ رێگه‌ى ئه‌م رێكخراوه‌وه‌ كۆت و پێوه‌ندى زۆرى خستووه‌ته‌ سه‌ر وڵاتانى دیكه‌، به‌تایبه‌ت له‌و سیاسه‌تانه‌دا كه‌ به‌ مه‌به‌ستى گه‌شه‌پێدانى به‌رهه‌مى نیشتمانى دایده‌ڕێژێت. له‌ سایه‌ى رێكخراوى بازرگانیى جیهانییه‌وه‌ واشنتۆن توانیویه‌تى گوشارى زۆر بسه‌پێنێت به‌سه‌ر هیندستان و تایلاند و بڕازیل و ئه‌فریقاى باشوور له‌ بوارى ده‌رماندا. هه‌ر ئه‌م رێكخراوه‌ ئاژاوه‌یه‌كى گه‌وره‌ى دروست كردووه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى گۆڕانى کەشوهه‌وا و له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌م ئاژاوه‌یه‌دا ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان توانیویه‌تى به‌شێك له‌ به‌رنامه‌ جێگره‌وه‌كانى سووته‌مه‌نى په‌كبخات.

ئه‌م رێكخراوه‌ كه‌ ساڵى 1995 دامه‌زرا كۆمه‌ڵێك به‌ڵێنى گه‌وره‌ى ئابوریى راگه‌یاند، بۆ نموونه‌ وتى: "تێكڕا هه‌موو خێزانێكى ئه‌مریكیى ساڵانه‌ 1700 دۆلار بۆ سه‌ر داهاتیان زیاد ده‌بێت و كورتهێنانى چالاكییه‌ بازرگانییه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات و ده‌رفه‌تى زیاترى كار ده‌ڕه‌خسێنێت به‌ مووچه‌ى به‌رزتر". به‌ڵام یاساكانى ئه‌و رێكخراوه‌ به‌ جۆرێك دانه‌ڕێژرابوون بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئه‌و ئامانجانه‌ كه‌ هه‌رگیز به‌دی نه‌هێنران.



له‌برى ئه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندیى كۆمپانیاكان زاڵ بوو به‌سه‌ر وتووێژه‌ بازرگانییه‌كاندا و به‌رژه‌وه‌ندیى كرێكار و به‌كاربه‌ر و ژینگه‌ زۆر فه‌رامۆش كران. هیچ بڕیار و یاسایه‌كى نییه‌ بۆ رێگریكردن له‌ كۆمپانیا قۆرخكاره‌كان. له‌وه‌ته‌ى رێكخراوى بازرگانیى جیهانیى دروست بووه‌ وڵاتانى ئه‌ندام ملیۆنان هه‌لى كاریان له‌ بوارى پیشه‌سازییدا له‌كیس چووه‌ و له‌ ئه‌نجامدا نایه‌كسانیى زیاتر به‌رجه‌سته‌ بووه‌ له‌ نێوان داهاتى وڵاتانى هه‌ژار و وڵاتانى ده‌وڵه‌مه‌ند-دا. هه‌روه‌ها له‌ناو خودى وڵاته‌كانیشدا. 

ئێستا قه‌یرانه‌كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێكى ترسناك و پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌و رێكخراوه‌ ده‌توانێت بۆ رزگاركردنى خۆى كۆمه‌ڵێك ریفۆرمى پێویست جێبه‌جێ بكات. ئاماژه‌كان به‌و ئاڕاسته‌یه‌ نین كه‌ رێكخراوه‌كه‌ بتوانێت خۆى رزگار بكات. چونكه‌ له‌م ساته‌وه‌خته‌شدا هه‌ر بایه‌خ ده‌دات به‌ دانانى كۆت و پێوه‌ندى زیاتر له‌سه‌ر چالاكییه‌ بازرگانییه‌كان. به‌تایبه‌ت بازرگانییه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان. 

ئه‌م رێكخراوه‌ بازرگانییه‌ى ئێستا كه‌ له‌سه‌ر داروپه‌ردووى رێكخراوه‌كه‌ى ساڵى 1948 دامه‌زرێنرا، په‌یكه‌ره‌كه‌ى و سیاسه‌ته‌كه‌ى به‌جۆرێك نییه‌ كه‌ یاساى باشتر له‌ بوارى بازرگانیى جیهانیدا دابڕێژێت. به‌تایبه‌ت كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان رێگریى ناكات له‌ قۆرخكاریى و ساخته‌كردنى دراو و لاوازكردنى كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌ مۆنۆپۆڵه‌كان.

پ: ل. م 
بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure