کاڵای ئێرانی لەبازاڕەکانی عێراقدا بایکۆت کراوە

هەواڵ / عێراق :: 08/12/2019‌ :: 192‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد

رەوشی بازرگانی لەھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا خاوبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و بازرگانانیش ھۆکارەکەی بۆ خۆپیشاندانەکانی بەغدا دەگێڕنەوە.

بەرھەم بورھان، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای بورھان بۆ بازرگانی خۆراک بۆ دواڕۆژ وتی: "بەردەوامی خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق کاریگەری ھەبووە لەسەر کاری بازرگانی کوردستان لەگەڵ ئەو شارانەدا".

وتیشی: "لەپێش خۆپیشاندانەکان گەر لە یەک مانگدا ئێمە پێنج کۆنتێنەرمان بناردایە بۆ بەغدا ئێستا سێ کۆنتێنەر دەنێرین و ئەوەش خاوبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە بەھۆی درێژەکێشانی خۆپیشاندانەکان".

محەمەد علی، دابەشکاری خۆراک لەبەغدا بەدواڕۆژی وت: "لەئێستادا لەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکانی بەغدا بایکۆتی کاڵای ئێرانی بەتەواوی کاری لەسەر دەکرێت ھاووڵاتیان کاڵای ئێرانی بەکار ناهێنن".

وتیشی: "بەشێکی زۆری بریکارە گەورەکانی کۆمپانیا ئێرانییەکان لە بەغدا تووشی زیانی زۆر بوون و کارەکانیان وەستاوە، ئەمەش بەھۆی درێژبوونەوەی بایکۆت و پشتیوانی ھاووڵاتیان بۆ بەکارنەھێنانی کاڵا و شتومەکی ئێرانی".

بازرگانانی ھەرێمی کوردستان پشتیان بە بازاڕی بەغدا بەستووە بۆ ساغکردنەوەی بەشێکی زۆری کاڵا و شتومەک کە لە وڵاتانی ئەوروپاوە دەیھێنن، لەئێستاشدا بەردەوامی خۆپیشاندانەکان کاریگەرییان لەسەر رەوشی بازاڕی ھەرێم دروستکردووە.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure