(ده‌روازه‌ى به‌غدا) داڕووخا

هەواڵ / کوردستان :: 08/12/2019‌ :: 462‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

له‌ گه‌رمیان شه‌ش دووكانى ناو (قه‌یسه‌ریى كفرى) داڕووخان كه‌ شوێنه‌وارێكى مێژوویى و گرنگى ناوچه‌كه‌ن و ئه‌وه‌ش كه‌ ماوه‌ته‌وه‌ به‌هۆى بارانه‌وه‌ مه‌ترسیى داڕووخانى له‌سه‌ره‌.

 
عوبێد محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى شوێنه‌وارى كفرى، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 8ى كانوونى یه‌كه‌مى 2019) به‌هۆى بارانبارینه‌وه،‌ ئه‌و به‌شه‌ى قه‌یسه‌ریى كۆنى كفرى داڕووخا كه‌ به‌ (ده‌روازه‌ى به‌غدا) ناسراوه‌ و بریتییه‌ له‌ ‌ ‌شه‌ش دووكان".

به‌ڕێوه‌به‌رى شوێنه‌وارى كفرى وتى: "ئه‌و قه‌یسه‌رییه‌ سێ ده‌روازه‌ى هه‌یه‌ كه‌ پێكهاتوون له‌ ده‌روازه‌كانى سلێمانى و خۆرهه‌ڵات و به‌غدا، به‌ڵام له‌ ساڵانى رابوردوودا ده‌روازه‌كانى سلێمانى و خۆرهه‌ڵات داڕووخاون، ئه‌وه‌ى مابووه‌وه‌ ده‌روازه‌ى به‌غدا بوو وا ئه‌مڕۆ به‌شێكى ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ش داڕووخا، ئێستا دوو به‌شى قه‌یسه‌رییه‌كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ ئه‌وانیش مه‌ترسیى داڕووخانیان له‌سه‌ره‌".

عوبێد محه‌مه‌د ده‌شڵێت: "قه‌یسه‌ریى كفرى یه‌كێكه‌ له‌ قه‌یسه‌رییه‌ گه‌وره‌ و گرنگه‌كانى باشوورى كوردستان، مێژووه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ده‌ى نۆزده‌یه‌م، ژماره‌یه‌كى زۆر دووكانى هه‌بووه‌، بێجگه‌ له‌ چه‌ندین خان-ى وه‌ك (خانى خه‌ڵوز و خانى مه‌لا عه‌باس ناسراو به‌ خانى گه‌نم و خانى موحسن ئاغا)".

قه‌یسه‌ریى كفرى كه‌ ئێستا نزیكه‌ له‌وه‌ى به‌ ته‌واوه‌تى له‌ ناوبچێت، كۆمه‌ڵێك یه‌كه‌ى بیناسازیى ناوازه‌ و جوانى بۆ كراوه‌، وه‌ك گومه‌ز و تاق-ی كه‌وانه‌یی جۆراوجۆر و ده‌روازه‌ى فراوان و تونێل، هه‌روه‌ها سیستمى خان و بیناى دوو نهۆمیى سه‌رنجڕاكێش و چه‌ند كارێكى دیكه‌.
 
پ: ل. م
بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure