هەموو خانوویەکی زیادەڕه‌و بە سوودمەند هەژمار ناکرێت

هەواڵ / ئابوری :: 08/12/2019‌ :: 718‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عەزیز

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی تاپۆکردنی خانووی زیادەڕه‌و  ده‌ڵێت: "تاپۆکردنی زەوی بەپێی شار و شارۆچکەکان جیاوازە و ئەو زەویانەش ناگرێتەوە کە رووبەری زیادەڕه‌وییه‌کەیان کەمە".


نزار مەلا غەفار، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بە دواڕۆژی راگەیاند: "تاپۆکردنی خانووی  زیادەڕه‌و بەپێی شار و قەزا و ناحیەکان جیاوازە و ئەو خانوانە ناگرێتەوە کە رووبەری زیادەڕه‌وییه‌کانیان کەمە. بەپێی ناوەڕۆکی یاسای تاپۆکردنی خانووی زیادەڕه‌و، هەر خانوویەک لەناو سەنتەری شارەکان ئەگەر رووبەرەکەی لە 200 مەتر زیاتر نەبێت بەسوودمەند هەژمارناکرێت، لە قەزاکانیش نابێت لە 300 مەتر کەمتر بێت، بەڵام لەناو سەنتەری ناحیەکان هەر خانوویەک رووبەرەکەی لە 500 مەتر زیاتر بوو ئەوا بە سوودمەند هەژمار دەکرێت. یاساکە لەدوای پەسەندکردنی بە مەبەستی واژۆکردن ئاڕاستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێت و پاشان گشتاندنی بۆ دەکرێت و دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنه‌وه‌".

وتیشى: "یاساکە ئەو زەوییانە ناگرێتەوە کە زیادەڕه‌ون، چونکە رێژەی زەوییە زادەڕه‌وه‌کان زۆرە و ئەگەر تاپۆ بکرێن کێشەی کۆمەڵایەتی دروست دەکات، بۆ نموونە زەوی هەیە چەندین هاووڵاتی چاوی لەسەرە و رەنگە کێشەی لەسەر بێت، بۆیە لەبەر بەرژەوەندیی گشتی ئەو زەوییانە تاپۆ ناکرێن".

بەپێی ئامارەکانی شارەوانییەکان: نزیکەی 250 تا 300 هەزار خانووی زیادەڕه‌و هەیە و ئەگەر تاپۆ بكرێن ئەوا زیاتر لە 300 هەزار خێزان سوودمەند دەبن.

پ: ل. م
بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure