سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو ره‌خنه‌ له‌ وتاره‌كه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت ده‌گرێت

هەواڵ / کوردستان :: 08/12/2019‌ :: 495‌ جار بینراوە
شێركۆ جه‌وده‌ت، سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانى كوردستان

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، ره‌خنه‌ له‌ وتاره‌كه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت ده‌گرێت و ده‌ڵێت: "ئێمە ناڵێین ھیچ نەکراوە، بەڵام تاوه‌كو ئاڕاستەی چاکسازییەکان لە سیستمی دادوەری و داھات و خەرجی حکومەت و دەزگاکانی دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی نەزاھە و سیستمی وەبەرھێنان و گرێبەست و بەڵێندەرایەتیەوە دەستپێنەکات، ئەوا بەدڵنیاییەوە لە پینە و پەڕۆ زیاتر ھیچی تر ناھێنێتەدی". 


دوێنێ 7ی کانوونی یەکەمی 2019 مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ وتارێكى ڤیدیۆییدا باسى له‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ كرد كه‌ له‌ ماوه‌ى 100 رۆژى رابوردووى كابینه‌ى نۆیه‌مدا به‌ده‌ستهاتوون، به‌ڵام وتاره‌كه‌ى كاردانه‌وه‌ى به‌دواى خۆیدا هێنا.

شێركۆ جه‌وده‌ت، سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ وتاره‌كه‌یدا، سه‌رۆكى حكومه‌ت ده‌ڵێت داهاتى نه‌وت شه‌فافه‌، به‌ڵام له‌ڕاستیدا تەواوی داھاتی نەوت و گاز و داھاتی ناوخۆی ھەرێم شەفاف نییه‌، بۆیه‌ نەک ھاووڵاتی ئاسایی، بەڵکو وەزیرەکانی حکومەتیش نازانن داهاتى نه‌وت چەندە و چۆن خەرجدەکرێت، بە وەزیری داراییشەوە.

وتیشى: "دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم، بە رەسمی ئاگاداری کردووینه‌ته‌وه‌ کە رێگرییان لێ دەکرێت بۆ وردبینیكردنى داھات و خەرجی و گرێبەستەکانی چەند وه‌زارەتێکی حکومەتی ھەرێم، له‌وانه‌ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رێگه‌نادات چاودێرى دارایى وردبینیى بكات. هه‌روه‌ها له‌ خاڵە سنوورییەکانی ھەرێم بە بەرچاوتانەوە جارجارە قافڵەی بارھەڵگری تایبەت تێدەپەڕێنن بەدەر لە سیستمی کۆنترۆڵی جۆری و گومرگی و ھێز ھەیە سەرانە لە بارھەڵگرەکان دەسەنێت، بۆچى سه‌رۆكى حكومه‌ت ئه‌وانه‌ ناوه‌ستێنێت؟"

ئه‌وه‌شى وت: "چاکسازیی بە چارەسەری کاتیی و پینەکردن ناکرێت، بەڵکو بڕۆن فریای سەروەریی یاسا و قەیرانەکانی دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی نەزاھەی ھەرێم بکەون. دەبوو لەم 100 رۆژه‌ى دەستبەکاربوونی حکومەتدا، سندوقی کوردستان بۆ داھاتى نەوت و گازی ھەرێم دامه‌زرایه‌ کە یاساکەی له‌ 10ى ئایارى 2015 دەرکراوە، سندوقه‌كه‌ وردبینی و کۆنترۆڵ و ئاڕاستەکردنی داھاتی نەوت و گازی ھەرێمی لە ئەستۆدایە، به‌ڵام تائێستا دانه‌مه‌زراوه‌. لە سەد رۆژی یەکەمی حکومەتی ھەرێمدا، یاسای مرۆڤسازیی قبوڵ نەکرد و گەڕاندیه‌وه‌ بۆ پەرلەمان کە ئەرکی یاساكه‌ بونیادنانەوەی ئیرادە و ھزر و بەھا مرۆییە داڕماوەکانی له‌ خوێندنگەکانه‌وه‌، گرتبووە ئەستۆ".

سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، ده‌شڵێت: "ئێمە ناڵێین ھیچ نەکراوە، بەڵام دەڵێین تاوه‌كو ئاڕاستەی چاکسازییەکان لە سیستمی دادوەری و داھات و خەرجیی حکومەت و دەزگاکانی دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی ده‌ستپاكى و سیستمی وەبەرھێنان و گرێبەست و بەڵێندەرایەتییەوە دەست پێنەکات، ئەوا بەدڵنیاییەوە لە پینەوپەڕۆ زیاتر ھیچی تر ناھێنێتەدی".

پ: ل. م

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە