سەعدی پیرە: دەبێت پاداشتی ماندووبوونی هاووڵاتیان بدرێتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 08/12/2019‌ :: 278‌ جار بینراوە
سەعدی ئەحمەد پیرە، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتیی نیشتیمانى كوردستان

تاگ :: یه‌كێتى

دواڕۆژ، بڕیار محەمەد 

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی رایده‌گه‌یه‌نێت: سبەینێ‌ كۆنفڕانسی مەڵبەندەكان دەستپێدەكات، كە دەبنە نوێنەری كۆنگرە و ده‌شڵێت: هاووڵاتیان دەبێت پاداشتی ئەو ماندووبوونەیان بدرێتەوە، كە ساڵانێكی زۆر هاوكاری پێشمەرگە و شۆڕشیان كردووە.


سەعدی ئەحمەد پیرە، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتیی نیشتیمانى كوردستان (ئەمڕۆ یەکشەمە 8ى کانوونی یەکەمی 2019) لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر رایگەیاند: سبەینێ‌ كۆنفڕانسی مەڵبەندەكان دەستپێدەكات، كە دەبنە نوێنەری كۆنگرە، كە قۆناغێكی گرنگە و هیوادارین كەس خۆی بە دۆڕاو دانەنێت، چونكە ئەو هەموو كاندیدەی هەیە هەموویان دەرناچن، بەڵكو گرنگی لە ئەنجامدانی كۆنگرەدایە.

بڕیاره‌ سبه‌ى كۆنفرانسى مه‌ڵبه‌نده‌كانى یه‌كێتى وه‌ك دوایین قۆناغى ئاماده‌كارییه‌كانى كۆنگره‌ى گشتى ئه‌و حزبه‌ ده‌سپێبكات.

ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێم و عێراقیش سه‌عدى پیره‌ وتى: هەرێم و عێراق لە پەیوەندی بەردەوامدان و دوو شاندی هەرێم چوونە بەغدا و چەند رێككەوتنێك لەسەر بودجە و شایستەكانی هەرێم كراوە.

ئه‌وه‌شى وت: دۆخی عێراق زۆر ئاڵۆزە و لەئێستادا بەهۆی نەبوونی سەرۆك وەزیرانەوە كارەكان لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە رادەپەڕێنرێت تاوەكو سەرۆك وەزیرانێكی نوێ‌ دیاری بكرێت و كۆتایی بەو ئاڵۆزیانە بێت.

سەبارەت بە پڕۆژەی چاكسازی-ش سەعدی پیرە وتی: "پەرلەمان و حكومەت لە هەماهەنگی بەردەوامدان بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و هەوڵدراوە بە باشترین شێوە ئامادەبكرێت و هیواداریشین بەزووترین كات پەسەندبكرێت، چونكە هاووڵاتیان دەبێت پاداشتی ئەو ماندووبوونەیان بدرێتەوە، كە ساڵانێكی زۆر هاوكاری پێشمەرگە و شۆڕشیان كردووە و ئێستاش چاوەڕێی بەرووبوومەكەی دەكەن بەتایبەتی ژنان و گەنجان".

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure