کۆنفرانسی (زمانی راگەیاندن.. گرفت و چارەسەر) بەڕێوەده‌چێت

هەواڵ / کوردستان :: 08/12/2019‌ :: 154‌ جار بینراوە

تاگ :: میدیا

دواڕۆژ، بڕیار محەمەد

لەژێر دروشمی "زمان ناسنامەی نەتەوەییە" (ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 8ی  کانوونی یەکەمی 2019) لە هەولێر یەکەمین کۆنفرانسی زمانی راگەیاندن و گرفت و چارەسەرەکانی  بەڕێوەچوو.


بڕیارە لە کۆنفرانسەکەدا کۆی ئەو گرفتانە باس بکرێن کە لە زمانی راگەیاندنی کوردیدا بوونیان هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ تائێستایش زمانێکی یەکگرتووی ستاندارد نییە تا لە راگەیاندندا بخرێتەڕوو. 

سالار عوسمان، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانى حکومەتی  هەرێمی کوردستان له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا رایگەیاند: نەبوونی رێنووسی کوردی و خاڵبەندی و بەکارهێنانی وشەی بێگانە، لەوانە: تورکی و فارسی و عەرەبی،  زۆر بووە و خەریکە شوێن بە وشە کوردییەکان لەق دەکەن. 

وتیشى: "کاتی ئەوەیە حکومەت و ئێمەش وەک وەزارەت، بەجددی کار لەسەر رێکخستنی زمانی کوردی بکەین بە هەموو دیالێکته‌ جیاکانی ناوچەکانەوه‌، چونكه‌ گرفتێکی زۆر جددی هەیە کە خەریکە زمانی ناوچەیەک زاڵ دەکرێت بەسەر ناوچەیەکی دیکەدا، لەگەڵ ئەوەش زمانی نووسین گرفتی زۆری هەیە کە پێویستە حکومەتی هەرێم لە نووسراوی سەر  فەرمانگەکانەوە دەستپێبکات كه‌ گۆڕانکاریی گەورە دروست دەکات".

بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری ئه‌وه‌شى وت: "گرفتێکی دیکەى زمان  کە راگەیاندن ئێستا بەکاری دەهێنێت، ئەوەندە بێسەروبەرە كه‌ لە دەزگایەک بۆ دەزگایەکی تر دەگۆڕێت، ئەمەش بە جددی پێویستی بە کارکردنی بەپەلە هەیە، چونکە زمانی راگەیاندن و میدیا لە هەرێم خەریکە دەبێتە ئارەزوومەندی بەرپرسانی دەزگا و حیزبەکان".

کۆنفرانسەکە دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت و تیایدا چوار پانێڵ بەڕێوەدەچێت و شارەزایانی زمان و راگەیاندن بەشداریى تیادا ده‌كه‌ن بۆ دیاریکردنی هەڵە و چارەسەرەکان. 

لەکۆتایشدا راسپاردەكانى کۆنفرانس پێشکەش بە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت.

پ: ل. م

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure