گۆڕان له‌ پارتى نیگه‌رانه‌

هەواڵ / کوردستان :: 08/12/2019‌ :: 938‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌هۆى "جێبه‌جێنه‌كردنى به‌ڵێنه‌كانى چاكسازى" بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ ره‌سمى نیگه‌رانییه‌كانى خۆى به‌ پارتى گه‌یاندووه‌، به‌ڵام پارتی ده‌ڵێت: "پابه‌نده‌ به‌ رێككه‌وتنه‌كانیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى به‌شدار له‌ حكومه‌ت".


چالاكى موهه‌ندیس، ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 8ى كانوونى یه‌كه‌مى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: گۆڕان نیگه‌رانه‌ له‌ جێبه‌جێنه‌كردنى به‌ڵێنه‌كانى چاكسازى به‌ تایبه‌تى ئه‌و چاكسازییه‌ گشتییه‌ى هه‌ر سێ لایه‌نى پێكهێنه‌رى حكومه‌ت (گۆڕان و یه‌كێتى و پارتى) له‌سه‌ری رێككه‌وتبوون، بۆیه‌ گۆڕان به‌ ره‌سمى نیگه‌رانییه‌كانى به‌و حیزبه‌ گه‌یاندووه‌.

وتیشى: "ئێمه‌ له‌پێناو چاكسازى چووینه‌ته‌ حكومه‌ت، نه‌ك وه‌رگرتنى چه‌ند پۆستێكى وەزارى، بۆیه‌ ئه‌وه‌ى كراوه‌ له‌ كابینه‌ى نۆیه‌م له‌ئاست داخوازى ئێمه‌ و هاووڵاتیانى كوردستان نییه‌، ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ى ساڵێكدا داخوازیى چاكسازى راسته‌قینه‌ ئه‌نجامى نه‌بێت، ئه‌وا گۆڕان قسه‌ى جددى له‌سه‌ر كابینه‌ى نۆیه‌م ده‌بێت".

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ژوورى رۆژنامه‌وانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌باره‌ى وتاره‌كه‌ى دوێنێى سه‌رۆكى حكومه‌ت كه‌ به‌شێكى بۆ چاكسازى له‌ كه‌رتى گشتى ته‌رخانكراوبوو، روونكردنه‌وه‌یه‌كى بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌: روانگەی بزوتنەوەی گۆڕان ئاشکرایە لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆ، بەرنامەیەکی سیاسیی گشتگیری ھەیە و پرسی چاکسازی وەک ئەولەویەت سەیر دەکات. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش بەشداری کابینەی نۆیەمی حکومەتی کردووە و بەگرنگییەوە دەڕوانێتە ھەموو ھەوڵێک و ھەنگاوی چاکسازی.

گۆڕان، راشیگه‌یاندووه‌: لەم چوارچێوەیەدا، بڕوامان وایە ھێشتا ھەنگاوەکانی چاکسازی لە ئاست خواست و داواکاری خەڵکی ھەرێمی کوردستان نییە و پێویستە ھەنگاوەکان خێراتر و کاریگەرتر بکرێن و سەرجەم بوارەکانی ژیانی ھاونیشتمانیان بگرێتەوە.

نیگه‌رانییه‌كانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌كاتێكدایه‌ كه‌ مه‌حمود محه‌مه‌د، وته‌بێژى پارتى دیموكراتى كوردستان رایگه‌یاندووه‌: پابەندی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانیانن لەگەڵ لایەنەکانی بەشدار لە حکومەت و ئێستاش کار بۆ ئەوە دەکەن کە تەواوی رێککەوتنەکان بچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

مەحمود محەمەد، بە میدیاى ره‌سمى گۆڕانى راگه‌یاندووه‌: پارتی پابەندە بە جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنەکانیان لەگەڵ لایەنەکانی بەشدار لە کابینەی حکومەتی هەرێم و ئێستاش لەناو ئەنجومەنی وەزیرانەوە کار بۆ جێبەجێکردنی دەکەن.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure