زۆپاى غاز جێ به‌ زۆپاى نەوت لێژده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 08/12/2019‌ :: 764‌ جار بینراوە
له‌ وڵاتانى ئێران و تورکیا و چینه‌وه‌ هاوردەدەکرێن

دواڕۆژ، راپۆرتی سەنگین خۆشناو

ئه‌وانه‌ى له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانى زۆپاى غازدا راهاتوون، چیتر روو له‌ زۆپاى نه‌وت ناكه‌نه‌وه‌ كه‌ ساڵانى رابوردوو بۆ خۆپاراستن له‌ سه‌رماى زستان پشتیان پێده‌به‌ست، تێچووى كه‌م و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى دیكه‌ هۆكاره‌ بۆ په‌نابردنه‌به‌ر ئه‌وى یه‌كه‌میان كه‌ چه‌ند ساڵێكى كه‌مه‌ له‌ بازاڕه‌كانى هه‌رێمدا ده‌ستده‌كه‌وێت.


زۆربوونى بەکارهێنانی زۆپاى غاز بازاڕی فرۆشیارانی کەلوپەل و ئامێرەکانی ناو ماڵی گەرمکردووە هه‌ر بۆیه‌ به‌شێك له‌ بازرگانان روویان له‌ هێنانى كردووه‌، به‌هۆیه‌وه‌ تەنیا لە هەولێر 15 بازرگان سه‌رقاڵى هاورده‌كردنین.

زۆپاكان به‌ قه‌باره‌ى جۆراوجۆر له‌ وڵاتانى ئێران و تورکیا و چین هاوردەی دەکرێن، بەشێکی به‌تایبه‌ت بۆ كه‌ركوك و هه‌ندێكی تریشى بۆ خوارو و ناوەڕاستی عێڕاق هەناردە دەکرێت.

نەبەز کاوێس، بازرگانێکی هاوردەکاری زۆپاى غاز بۆ دواڕۆژ وتى: دوو ساڵە خەڵک بەشێوەیەکی بەربڵاو رووی لە کڕینی زۆپاى غاز کردووە، به‌هۆى ئه‌وه‌ى غاز لە نەوت هەرزانترە.

نەبەز وتیشى: "تەنیا بۆ ئەمساڵ زیاتر لە ملیۆنێک زۆپام لە چین و ئێران-ه‌وه‌ هاوردە کردووە و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 3000 دانەم لێیفرۆشتووە".

هه‌ندێك له‌ هاووڵاتیان ترسیان له‌ به‌كارهێنانى زۆپاى غاز هه‌یه‌، به‌ڵام به‌هۆى تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى به‌تایبه‌ت هه‌رزانى غاز و نه‌بوونى بۆن هه‌ندێكى تر له‌ هاووڵاتیان به‌ته‌واوى پشتیان له‌ به‌كارهێنانى زۆپاى نه‌وت كردووه‌ و ئه‌میان به‌كارده‌هێنن.

فەرهاد ئەحمەد، فرۆشیارێکی کەلوپەلی ناوماڵە لە بازاڕی تەیراوە بۆ دواڕۆژ وتى: رۆژانە خەڵکێکی زۆر زۆپاى غاز ده‌كڕن، چونکە کێشەی نییە و بەراورد بە زۆپاى نەوت بۆنی نایەت و بۆن ناکات و تێچووەکەشی کەمترە، چونکە ئەگەر تەنیا چاوێکی زۆپاكه‌ رۆژانە چەند کاتژمێرێک هەڵکرێت ئەوە غازەکە بەشی دە رۆژ دەکات.

فەرهاد، لەبارەی جۆری زۆپاكان و نرخەکانیان وتى: "زۆپاکان لە ئێران و چین هاوردە دەکرێن، چینییه‌كه‌ زۆرترین خواستی لەسەرە چونکە هەرزانترە لە ئێرانیەکە، نرخى چینییەکە 43 دۆلار و ئێرانییه‌كه‌ش نرخى له‌نێوان 55 بۆ 56 دۆلاردایه‌".

چاوه‌ڕوانیكردنى دابه‌شكردنى نه‌وت له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌، یه‌كێكه‌ له‌و گرفتانه‌ى ساڵانه‌ له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى وه‌رزى زستان به‌رۆكى خێزانه‌كان ده‌گرێت، هاووڵاتییه‌ك زۆپاى غاز به‌ جێگره‌وه‌ ناوده‌بات و له‌و روه‌شه‌وه‌ پێشنیارێك بۆ حكومه‌ت ده‌خاته‌ڕوو.

ئیلهام عەلی، هاووڵاتییەکی دانیشتووی دەورووبەری هەولێرە بۆ دواڕۆژ وت: "دوو ساڵە حکومەت نەوتمان پێنادات، ساڵی رابوردوو دوو بەرمیلم کڕی، ئەمساڵ لەبڕی نەوت زۆپاى غازم کڕیووە، به‌ راستى ئیسراحەتمان کردووە چونکە کێشەی بۆن و دوکەڵی زۆپامان نەما".

ئیلهام، وتیشى: "داواکارم حکومەتی هەرێم لەبڕی نەوت، غاز دابەشبکات، چونکە ئەگەر غازمان پێبده‌ن، كه‌ هى هه‌رێمى خۆمانه‌ نه‌ك هى به‌غدا، دەتوانین بەردەوام بەکاربهێنین و پێویستیمان بە هیتەری کارەبایی نابێت".

به‌كارهێنانى ئه‌و جۆره‌ى زۆپا بێ كێشه‌ نیه‌، به‌تایبه‌ت به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌كارهێنانى له‌ هه‌رێم تازه‌یه‌ و بۆ دوركه‌وتنه‌وه‌ش له‌ مه‌ترسییه‌كانى چه‌ند رێوشوێنێك پێویسته‌ بگیرێته‌به‌ر.

رائید سەرکەوت ئه‌حمه‌د، ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بە دواڕۆژی راگەیاند: بەکارهێنانی زۆپاى غاز مەترسی هەیە ئەگەر بەشێوازێکی تەندروست بەکارنەهێندرێت، بۆ نموونە نابێت سۆندەكه‌ى لێچوونى هه‌بێت و دەبێت له‌ جۆرى باش بێت و نابێت غازەکە لەناو زۆپاكه‌دا دابندرێت، به‌ڵكو پێویستە دوربێت لێى.

ئه‌وه‌شى وت: "زۆپاى غاز نابێت لە ژوورێکی داخراو کاری پێبکرێت و دەبێت شوێنەکەی کراوەبێت ناشبێت شەوانە بەپێکراوی بەجێبهێڵدرێت".

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە