ئاوەڕۆی شار ژینگە و خاكی هەولێر دووچاری مەترسی ده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 08/12/2019‌ :: 380‌ جار بینراوە

دواڕۆژ ، فەرمان رەشاد

بەگوێرەی بەدواداچوونی رێكخراوێكی كۆمەڵی مەدەنی، ئاوەڕۆی هەولێر لە چەند ساڵی داهاتوودا كێشەی گەورە بۆ ژینگە و خاكی شاره‌كه‌ دروستدەكات، رێكخراوەكە ده‌ڵێت: "ئەگەر لەچەند ساڵی داهاتوودا ئاوەڕۆی هەولێر چارەسەرنەكرێت، جۆرەها مادەی زیانبەخش لە چەند شوێنێكی هەولێر دەردەكەون".


چەندین ساڵە لە هەولێر گرفتی چارەسەرنەكردنی ئاوی ئاوەڕۆ و قورس، سەریهەڵداوە و بەردەوامیی هەیە. 

لە چەند ناوچه‌یه‌كیش ده‌رئه‌نجامه‌ خراپه‌كانى ده‌ركه‌وتوون. ئه‌مه‌ش له‌ چوارچێوه‌ى راپۆرتى رێكخراوێكدا له‌ ژێر ناونیشانى (چارەسەرکردنى ئاوەڕۆ لە شاری هەولێر-ئاستەنگ و ئاسۆ) به‌ روونى تیشكى خراوه‌ته‌سه‌ر.

خەتاب عەزیز، بەرپرسی توێژینەوە و راپرسی لە رێكخراوی ستۆپ و ئاماده‌كارى راپۆرته‌كه‌ به‌ دواڕۆژی راگەیاند: ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر  ە چەند ناوچەیەكی دیاریكراو، دیارترینیان تورەق و مامزاوا، بە روونى کاریگەرییە خراپەكانی بەشێوەی جۆراوجۆر هەستپێدەكرێت و دەرەنجامی خراپی لێكەوتووه‌تەوە.
 
خەتاب عەزیز لە بارەی كاریگەرییە خراپەكانی كۆبوونەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر، وتیشى: "بۆ ساڵانى داهاتوو زۆر بە زەقی شوێنەوار و کاریگەرییەکانى دەردەکەون، تا ئەو رادەیەى لە چەند دەیەى داهاتوودا هەولێر شارێک دەبێت لە ئاوەڕۆ یاخود شارێکى سەرئاوەڕۆ کەوتوو دەبێت، رێژەیەکى زۆرى فۆسفات و نیترون، دێنە سەر زەوى، لەو کاتەیشدا هیچ کشتوکاڵ و بەرهەمێکى سروشتى ناڕوێت".

بۆ چارەسەركردنی كێشەكه‌یش، رێكخراوەكه‌ پێشنیاری دانانی یەكەی چارەسەركردنی ئاوی كردووە، بۆ ئەوەی بتوانرێت ئاوی ئاوەڕۆ و بەكارهاتووی هەولێر بە رێگای تەكنیكی دووبارە چارەسەربكرێت و بەكاربهێنرێتەوە.

لەمباریەوە خەتاب عەزیز وتی: "دانانی یەكەی چارەسەری ئاو، تاكە رێگەیە بۆ دەربازبوون لەو كێشەیە، ئێستا بەگوێرەی رێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2013ی دەستەی ژینگە، پێویستە هەموو پڕۆژەكانی وەبەرهێنان یەكەی چارەسەری ئاو دابنێن، بەڵام رێژەیەكی زۆر كەم نەبێت پڕۆژەكانی وەبەرهێنان پابەندی ئەو رێنماییە نەبوون".

لەبارەی هۆكاری پابەندنەبوونەكەیش وتی: "بەوپێیەی ئەو پارەیەی وەك پێبژاردن دانراوە، كەمە. بۆیە خاوەنی پڕۆژەكان لەجێی ئەوەی پابەندی بەكارخستنی یەكە چارەسەرییەكەی ئاو بن، پێبژاردنەكە دەدەن".
 
پێشتر لەكاتی خوێندنەوەی كارنامەی خۆیدا، فرسەت سۆفی، پارێزگاری نوێى هەولێر رایگەیاند: "ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی پیشانداوە لەسەر قەرزێكی یابانی کە بڕەکەی 288 ملیۆن دۆلارە بۆ پاڵاوتنی ئاوی قورسی پارێزگای هەولێر، ئەو پڕۆژەیەیش لە عێراق رەزامەندیی لەسەر دراوە لەلایەن وڵاتى یابان-ەوە سەرپەرشتى دەکرێت، لەماوەی دوو ساڵدا ئەو پڕۆژەیه‌ بڕیارە تەواو بێت و ئاوی هەولێر پاڵاوتنی بۆ دەكرێت بۆ دووبارە بەكارهێنانەوە".

لە كۆتایی راپۆرتەكه‌دا و بۆ چارەسەركردنی كێشەكە، رێكخراوى ستۆپ پێیوایە دیاریکردنى سیستمێکى دیاریکراو بۆ چارەسەرکردنى ئاوەڕۆ و تەرخانكردنی بودجەی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە، هاوكاردەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكە.

ده‌شڵێت: پێویستە رێنمایی دەستەی ژینگە بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بۆ دانانی یەكەی چارەسەركردنی ئاو جێبەجێبكرێت. حكومەتیش خۆی پڕۆسەی دانانی یەكەی چارەسەركردنی ئاو خێراتر بكات.

پ: ل. م 
ب: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure