پاقلە و شێلم-یش هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت

هەواڵ / ئابوری :: 09/12/2019‌ :: 260‌ جار بینراوە
رنینى پاقله‌ له‌ شاره‌زوور فۆتۆ: ئه‌رشیف

دواڕۆژ، راپۆرتى سەنگین خۆشناو

لە وەرزی زستاندا خواست لەسەر کڕینی پاقلەی وشک و شێلم زۆر دەبێت، ئەمە لەکاتێکدایە بەرهەمی پاقلەی خۆماڵیی بڕێکی زۆرکەم وشکدەکرێتەوە و دەخرێتە بازاڕ، هاوكات شێلم خواستی بازاڕ پڕدەکاتەوە.


بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ساڵی رابوردوو بڕی 24هەزار و 964 ته‌ن پاقلە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان فرۆشراوە، لەو بڕە 6هەزار و 827 ته‌ن بەرهەمی خۆماڵیی بووە کە بەشێکی زۆری بە سەوزیی فرۆشراوە و ئه‌ودواى وشککراوەتەوە، 9هەزار و 449 ته‌نیش هاوردە کراوە.

هەر بەپێی ئامارەکان، ساڵی رابوردوو بڕی 11هەزار و 449 ته‌ن شێلم لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە، ئەمەیش پێویستیی ناوخۆ پڕدەکاتەوە.

حاجی فازڵ عەبدوڵـڵا، بازرگانێكی شاری هەولێر-ە و خۆراكی وشك لە وڵاتانی چین و هیندستان و تورکیا بۆ هەرێمی كوردستان هاوردە دەکات، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "زۆربەی بەرهەمی پاقلە لە هەرێمی کوردستان بە سەوزیی دەفرۆشرێت، بۆیە ئێمە ساڵانە بڕێکی زۆر پاقلەی وشک لە چین هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەین".

حاجی فازڵ دەڵێت: "پاقلەی خۆمانە بەشێكی دەنكی بچووكە، بۆیە پاقلەی چین-ی فەردەیەكی 25 كیلۆیی بە 67 هەزار دینار بە دەستی كاسبكار دەگات و نرخێكی زۆر باشە".

دیدار قاسم كه‌ كاسبكارێكی ناو گومرگی هەولێر-ە، بۆ دواڕۆژ وتى: "شێلم نرخی زۆر هەرزانە، تەنیا ئەو رۆژەی باران بێت نرخی هەر كیلۆیەك200دینار زیاد دەبێت، ئەگەرنا كیلۆی لەنێوان 450 بۆ550 دینار زیاتر نابێت. به‌ڵام رۆژانی باران كە جووتیار كاتی نابێت بۆ دەرهێنانی شێلم و كەشوهەوا سارد بێت، خواستی زیاتر هەیە بۆ كڕینی شێلم لە گومرگ، بۆیە نرخەكە كەمێك گران دەبێت".

وەزارەتی کشتوکاڵ لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، یەکێک لە پلانەکانیان کارکردنە لەسەر دامەزراندنی کارگەی پیشەسازیی لەقوتوونان و وشکردنەوەی بەروبوومی خۆماڵی.

حسێن حەمە کەریم وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بۆ دواڕۆژ وتی: "ساڵانە بەرهەمێکی باشی پاقلە و شێلم دەچێندرێت، بەڵام پاقلەکە لەلایەن هاووڵاتیانەوە زیاتر بە تەڕیی لێدەندرێت بۆیە رێژەیەکی زۆرکەمی وشک دەکرێتەوە".

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت: "پلانمان هەیە و کارمان بۆ کردووە تا ئه‌و بەروبوومانەی کە لە وەرزی پێگەیشتنیان زۆرن، کارگەیان بۆ دادەمەزرێنین و لە قوتوو و کیس دەکرێن بۆئەوەی زیاتر پشت بە بەرهەمی خۆماڵیی ببەسترێت. وەک چۆن سوودمان لە کارگەی زەیتی زەیتوون بینیووە ئاوایش سوود لەو بەروبوومە خۆماڵییانە دەبینین و کارگەیان بۆ دادەمەزرێنین".

پ: ل. م 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure