ئەنفلۆنزای بەراز لە ئێران بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و مەترسى بۆ سەر هەرێم-یش دەبێت

هەواڵ / کوردستانی :: 08/12/2019‌ :: 519‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی  

لەماوەی یەك هەفتەی رابوردوودا لە شارە جیاجیاكانی ئێران بەهۆی پەتای ئەنفلۆنزای بەراز-ه‌وه‌ (81) كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هه‌شت هەزار كەسیش سەردانی ناوەندە تەندروستییەكانیان كردووە، هەرێمی كوردستان-یش ئامادەكاریی بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو نەخۆشییە دەكات.   


محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 8ى كانونى یه‌كه‌مى 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: كۆمەڵێك رێنمایمان لەسەر خۆپارێزیی له‌ ئەنفلۆنزای بەراز لە بەغدا-وە پێگەیشتووە، ئەم رێنماییانە گشتاندنی بۆ دەكەین لەگەڵ هۆبەی خۆپارێزیی لە وەزارەتی تەندروستی بۆ سەرجەم نەخۆشخانە و بەڕێوه‌بەرایەتیەكانی تەندروستی دەنێرین.

وتیشی: "ئەو نەخۆشییە لە ئێران مەترسیی گەورەی دروستكردووە، بێگومان ئێمەیش دراوسێی ئێرانین و مەترسیی بۆ ئێمەیش دەبێت، بۆیە لەمڕۆوەوە كاری خۆمان دەكەین و نه‌خۆشخانەكان ئاگاداردەكەینەوە كە لە حاڵەتی لەو شێوەیەدا وەزارەت ئاگاداربكەنەوە". 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئه‌وه‌شى رونكرده‌وه‌: لە هەرێمی كوردستان تائێستا هیچ  حاڵەتێكی ئەو نەخۆشییە تۆمارنەكراوە.

پێشتر وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە راگەیەنراوێكیدا ئاشكرایكرد: بەپێویستی دەزانین جەخت لەو راستییە بكەینەوە كە ئەنفلۆنزای (H1N1) ئێستا بەشێكە لە ئەنفلۆنزای وەرزی، كە پەتایەكی ساڵانەی چاوەڕوانكراوە لە هەموو وڵاتانی جیهان بە شێوەی وەرزی روودەدات.

رونیشیكرده‌وه‌: لەڕووی مەترسی و ترسناكی جیاوازە لەو پەتایەی ئەنفلۆنزای بەراز (H1N1)  كە لە ساڵی 2009 روویداو جیهانی گرتەوە، ئەوكات كوتانی دژی ڤایرۆسەكە نەبوو، ڤایرۆسەكە نوێ بوو و خەڵك هیچ بەرگریەكیان نەبوو دژی ڤایرۆسەكە، بەڵام ئێستا كوتانی دژی ڤایرۆسەكە هەیە و هەموو كەسێك بەتایبەت ئەوانەی مەترسیان لێدەكرێت وەك كەسانی بەتەمەن و منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ و نەخۆشانی دڵ و سینگ و ئەوانەی بەرگری لەشیان كەمە دەتوانن كوتانی ئەنفلۆنزا وەربگرن بۆ خۆپارێزی.

تەندروستی هەرێم روونیشیكردۆتەوە: زۆربەی هەرەزۆری حاڵەتەكان بەسوكی دەبێت و پێویستە نەخۆشەكان لە ماڵەوە پشوو بدەن و شلەمەنی زیادە بخۆنەوە و نەچنە شوێنی قەرەباڵغ.

پ: ل. م 
ب: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure