كارگەی ریسایكلین لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان دروستده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 08/12/2019‌ :: 437‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر 

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شت و گوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت "بۆ پارێزگاریكردن لە ژینگەی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی كۆمپانیای پێشكەوتووەوە كارگەی ریسایكلین لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان دروستده‌كه‌ن".

به‌پێی ئاماری وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، مانگانه‌ بڕی شەش ملیارو 945 ملیۆن و 820 هەزار دینار بۆ فڕێدانی زبل و خاشاك ته‌رخانده‌كرێت كه‌ زۆرترینی ئەو پارەیەش بۆ كۆكردنەوەی زبڵی پارێزگای هەولێره‌ كە بڕه‌كه‌ی دوو ملیارو 645 ملیۆن و 820 هەزار دینارە.

ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتو گوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی فه‌رمی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی رایگه‌یاندووه "لەپێناو پارێزگاریكردن لە ژینگەی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی كارنامەی ئەم كابینەیەدا بایەخێكی زۆر بە كارگەی ریسایكلین دەدەین و ئەو شوێنانەیشی كارگەی ریسایكلینیان نییە، لەڕێگەی كۆمپانیای پێشكەوتووەوە كارگەی ریسایكلینیان بۆ دروست دەكرێت".

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو: یەكێك لەو شتانەی خەریكە لەسەر ژینگەی كوردستان دەبێتە مەترسی، دروستنەبوونی پڕۆژەكانی ریسایكلینی ستاندەرە، بۆیە ئەمەش یەكێكە لە بایەخە گرنگەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە دەیەوێت لەم كابینەیەدا كارگەی ریسایكلین لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان دروستبكرێت.

ئاماژه‌شی به‌وه‌كردووه، دروستكردنی كارگەی ریسایكلین بەشێكە لە بەرنامە گرنگەكانی وەزارەتی شارەوانی بەوەی هەوڵدەدات پەرە بەو كارگە ریسایكلینانە بدات كە ئێستا لە كوردستاندا هەن، وەك كارگەكانی دهۆك، ئاكرێ، سلێمانی و ئامێدی كە لەژێر دروستكردندایە، ئەویش بەڕێگەی چارەسەركردنی ئەو خاشاك و پاشەڕۆیانە بەڕێگەیەكی زانستی كە هیچ زیانێكی بۆ ژینگەی كوردستان نەبێت.

وتیشی: "ئەو شوێنانەیشی كارگەی ریسایكلینیان تێدا نییە، هەوڵدەدەین كۆمپانیای پێشكەوتوو بانگهێشت بكەین بۆ ئەوەی باشترین كارگەی ریسایكلین لە شارەكانی كوردستان دروست بكەین".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure