چاندنی هەزاران بەڕوو لە شاخ و ناوەندەكانی خوێندن دەستیپێكرد

هەواڵ / کوردستان :: 08/12/2019‌ :: 157‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید


لەقەزای سەیدسادق و بۆ پاراستنی ژینگە، لەهەڵمەتێكی چند رۆژەدا شاخ و ناوەندەكانی خوێندن سەوز دەكرێت. 

بەمەبەستی زیاتر گرنگیدان بەژینگە و زیاتر سەوزكردنی شاخ و ناوەندەكانی خوێندن، سەرۆكایەتی شارەوانی سەیدسادق بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی بێخود بۆ پاراستنی ژینگە، هەڵمەتی ناشتنی هەزار بەڕوو لە شاخی سەیدسادق و ژمارەیەك لە ناوەندەكانی خوێندن دەستیپێكردووە و هەڵمەتەكەش ماوەی چەند ڕۆژێك بەردەوامی دەبێت.

بێرون محەمەد، بەرپرسی ڕێكخراوی بێخود، بۆ پاراستنی ژینگە بە دواڕۆژی ڕگەیاند "بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا وەرزی چاندنی بەڕووە و هاوكات شاخی سەیدسادقیش وەك پێویست ڕێژەی سەوزایی نییە و ژینگەی ناوچەكە پێویستی بە سەوزایی زیاتر هەیە، بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی شارەوانی سەیدسادق هەڵمەتی ناشتنی هەزار بەڕوومان لە شاخی سەیدسادق دەستپێكردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم هەڵمەتەمان درێژەی دەبێت و لە باخچەی ژمارەیەك لە ناوەندەكانی خوێندنیش بە هەمان شێوە هەڵمەتی ناشتنی دار بەڕوو ئەنجام دەدەین، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆكایەتی شارەوانی سەیدسادق ئامادەی هەموو هاوكارییەكیان بۆ دەربڕیوین.

بەرپرسی ڕێكخراوی بێخود، بۆ پاراستنی ژینگە ئەوەشی خستەڕوو، مەبەست لە ئەنجامدانی ئەم هەڵمەتە بۆ زیاتر كردنی ڕێژەی سەوزایی و هەروەها پاراستنی ژینگەی ناوچەكەیە بۆ ئەو مەبەستەش پێویستیمان بە هاوكاری و هەماهەنگی هاوڵاتیانیش هەیە كە پارێزگاری لە ژینگە بكەن و نەمام و درەختەكان لە مەترسی لە ناوچوون بپارێز و نەیانشكێننەوە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure