ئەمساڵ دەرزی دژە ئەنفلەوەنزا دابەش ناکرێت

هەواڵ / کوردستان :: 08/12/2019‌ :: 415‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو


ساڵانە لەسەرەتای مانگی 10 و پێش دەستپێکی وەرزی زستان وەزارەتی تەندروستی لەڕێگەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانەوە دەرزی دژە ئەنفلەوەنزا بەهاوڵاتیان دەدات بۆ بەرگریکردن لە ئەنفلەوەنزای قوڕگ و لوت و گوێ و ئازاری جەستە، بەڵام تاوەکو ئێستا دابەشنەکراوە و لەکاتی خۆی دواکەوتووە.

دکتۆر سەرهەنگ جەلال، بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی هەولێر، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "هەموو ساڵێک ئەو جۆرە دەرزییە لە سەرەتای مانگی 10 دابەشی سەر نەخۆشخانە و بنکەکانی تەندروستی دەکەین، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی بەغدا تاوەکو ئێستا بەشە دەرزی هەرێمی کوردستانی نەناردووە، بۆیە نەمانتوانیوە لەوادەی خۆی دابەشی سەر نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی بکەین".

دکتۆر سەرهەنگ جەلال، ڕاشیگەیاند "ئەو جۆرە دەرزییە بۆ بەرگریکردنە لە سەرمای زستان و دوور بوون لەپەتا و ئەنفلەوەنزای قوڕگ و لوت و گوێ، کە ساڵانە بۆ کوردستان بڕی 250 هەزار دەرزی دەنێرێت کە ئەوەش بەشی هەموو هەرێم ناکات".

ئاماژەی بەوەشدا "تاوەکو ئێستا بەغدا ئەو جۆرە دەرزییەی بۆ نەناردووین، بۆیە ئێستاش وادەکەی بەسەرچووە، چونکە دەبوو لە مانگی 10 بکاربهێندرێت، بەڵام ئێستا نزیکدەبینەوە لە مانگی یەک، بۆیە ئەگەر ئێستا دابەشیش بکرێت، سوودی نابێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure