دوایین زانیاری لەبارەی بەستنی كۆنگرەی یەكێتی

هەواڵ / کوردستان :: 08/12/2019‌ :: 5042‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


چاوەڕواندەكرێت سبەینێ دووشەممە و دوو سبەی سێشەممە كۆنفرانسی مەڵبەندەكانی یەكێتی دەستپێبكات و سكاڵاكانیش تاوتوێدەكرێن، هاوكات رۆژی چوار شەممەش لایەنەكانی دەسەڵات لەناو یەكێـتی هێزی خۆیان بۆ دەردەكەوێت.


دواڕۆژ زانیاری نوێ لەسەر دوایین پێشهاتەكانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڵاودەكاتەوە، بەپێی ئەو زانیارییانە، كۆسرەت رەسوڵ دەبێتە كەسی یەكەمی ناو ئەو حیزبە و بەرهەم ساڵحیش وەك سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبەردنی یەكێتی پۆستی دەبێت، سبەینێش كەوادەی بەستنی كۆنفرانسی مەڵبەندەكانە، تا ئێستا دیار نییە كۆنرگەكە لەكاتی خۆی دەكرێت یان نا. 

بەپێی زانیارییەكانی دواڕۆژ، 65%ی ئەوانەی لەهەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی حیزبەوە سەركەوتوون، لەگەڵ ماڵی مام جەلال-دان و دەچنە پێشەوە.

زانیارییەكانی دواڕۆژ ئەوەی یەكلاكردۆتەوە، بەپێی ئەو دابەشكارییە بێت كە بڵاوكراوەتەوە، 5 كەس دەبن بە ئەنجومەنی جێبەجێكردن و بەڕێوەبردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان.

دواڕۆژ زانیوێتی، سەرۆكی ئەنجومەنەكە بەرهەم ساڵح-ە و لاهور شێخ جەنگی دەبێ بە بەرپرسی لایەنی ئەمنی حیزب، هاوكات بافڵ تاڵەبانی دەبێتە بەرپرسی پەیوەندییەكان و شاڵاو كۆسرەت رەسوڵیش، بۆ مەلەفی ئابووری دیاریكراوە.

دواڕۆژ ئەوەشی زانیوە، كە رەفعەت عەبدوڵا بۆ مەكتەبی رێكخستن دانراوە و بەرپرسی سەركردایەتی هەولیریش بۆ ئەرسەلان بایز یەكلابۆتەوە و دەڤەری گەرمیانیش بۆ عەدنانی حمەی مینا دەبێت.

هاوكات لەپارێزگای دهۆكیش عەبدولباری زێباری دەبێتە بەرپرسی سەركردایەتی یەكێتی و لە پارێزگای كەركوكیش ئاسۆ ئەڵمانی بەرپرسە و سلێمانیش پاڵێوراوی گەورە حاكم قادر-ە.

بەپێی زانیارییەكانی دواڕۆژ، ئەمانەی سەرەوە باس كران، هەموویان قەوارەیەك دەبن و كۆسرەت رەسوڵ عەلی دەبێتە سەرۆكی قەوارەی یەكێتی.

لەهەمانكاتدا هەندێك چاودێر دەڵین دوای رۆژی چوار شەممە یەكلادەبێتەوە كۆنگرە دەكرێت یان نا، لەبەرئەوەی هەندێك لایەن گەر رازی نەبن بەو ئەنجامانەی بۆیان دێتەوە، رەنگە رەوتەكە بەئاڕاستەیەكی دیكەدا بڕوات.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure