ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پڕۆژه‌یاسای چاكسازی په‌سه‌ند ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 08/12/2019‌ :: 1240‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر


پڕۆژه‌یاسای چاكسازی كە له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ ئاماده‌ كراوه،‌ وابڕیاره‌ له‌ دانیشتنی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌مه‌به‌ستی په‌سه‌ند كردنی گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌، ره‌شنووسی یاسای چاكسازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌ پێداچوونه‌وه‌و داڕشتنه‌وه‌ی پڕۆژه‌یاساكه‌ ته‌واو بووه‌ له‌ ئێستاشدا ئاماده‌یه‌ بۆ په‌سه‌ندكردنی لەلایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و حكومه‌تی هه‌رێمیش ئه‌و لیژنه‌یه‌ی كه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی فرسه‌ت ئه‌حمه‌د وه‌زیری داد پێكیهێنابوو بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ پڕۆژه‌كه‌ هه‌ڵیوه‌شانده‌وه‌.

دوێنێ شه‌ممه‌، 7ی كانونی یه‌كه‌م، مه‌سرور بارزانی له‌ میانه‌ی وتاری هه‌ڵسه‌نگاندنی كاره‌كانی كابینه‌ی نوێ له‌ماوه‌ی 100 ڕۆژ رایگه‌یاند "پڕۆژه‌یاسای چاكسازی ئاماده‌یه‌ بۆ په‌سه‌ندكردن و ناردنی بۆ په‌رله‌مان".

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژیش بڕیاربوو له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی رابوردوو، ئه‌و ره‌شنووسه‌ بخرێته‌ به‌رده‌م سه‌رۆكی حكومه‌ت و كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ په‌سه‌ند كردنی، به‌ڵام دواخراوە بۆ دانیشتنی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.

لای خۆیه‌وه‌ حاكم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی پێداچوونه‌وه‌و داڕشتنه‌وه‌ی پڕۆژه‌یاسایی چاكسازی له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند "پڕۆژه‌یاسایه‌كه‌ ته‌وابووه‌ و چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن له‌ ڕۆژانی داهاتوو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران په‌سه‌ندی بكات و تاوه‌كو  ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت."

به‌پێی زانیارییه‌كان ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌ یاسایه‌كه‌ خۆی له‌ شه‌ش ته‌وه‌ر ده‌بینێته‌وه‌و ره‌شنووسی پڕۆژه‌ یاساكه‌ی ئه‌مجاره‌ جیاوازه‌ له‌و یاسایه‌ی كه‌ له‌ خولی رابردووی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ناوی یاسایی "پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی و ڕێكحستنه‌وه‌ی كه‌رتی وه‌زیفی گشتی و خانه‌نشینی و موچه‌ و ده‌رماڵ‌و به‌خشین و ئیمتیازه‌كانی تر" په‌سه‌ندكراو دواتر گه‌ڕێنرایه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان، چونكه‌ ئه‌مجار ده‌ستكاری هه‌ندێ ماده‌و بڕگه‌ كراوه‌و زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندكراوه‌.

به‌شێكی ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌ یاساكه‌ بریتییه‌ له‌ راستكردنه‌وه‌ی و یان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خانه‌نشینی سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ پله‌كه‌یان له‌ پله‌ی شایسته‌ی خۆیان وه‌رنه‌گرتووه‌، له‌گه‌ڵ راستكردنه‌وه‌ی موچه‌ی خانه‌نشینی كه‌ گونجاو بێت له‌گه‌ڵ یاسا كارپێكراوه‌كان. جگه‌ له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و خانه‌نشیانه‌ی كه‌ به‌ده‌ر له‌ یاسایی خانه‌نشین كراون.

به‌پێی پڕۆژه‌كه‌ی ئێستا ئاماده‌كراوه‌، خانه‌نشینی پله‌ی تایبه‌ت به‌ وه‌زیرو بریكاری وه‌زیرو به‌رێوه‌به‌ری گشتیی وراوێژكاران هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌و دووباره‌ لیسته‌كه‌ وردبین و پاككردنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ده‌رهێنانی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ ناشایسته‌ خانه‌نشینی پله‌ی تایبه‌ت وه‌رده‌گرن. سه‌رجه‌م ئه‌و پله‌و مه‌رته‌بانه‌ی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نا یاسایش وه‌رگیراون هه‌ڵده‌وه‌شێندرێته‌وه‌.

به‌پێی پڕۆژه‌كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و یاساو رێنمایانه‌ی كه‌ رێگه‌ ده‌ده‌ن به‌ پێدانی دوو موچه‌ و سێ موچه‌، یاخود هه‌ر ئیمتیازاتێكی دیكه‌ راده‌گیرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا موچه‌ی واریسی شه‌هیدان و زیندانییانی سیاسی كه‌ به‌ده‌ر له‌ رێنمایی و یاسا سوود مه‌ندبوون راده‌گیرێت.

راگرتن و كه‌مكردنه‌وه‌ی ماف و ئیمتیازاته‌كانی پله‌ تایبه‌ته‌كان له‌وانه‌ پاسه‌وان و ئۆتۆمبێل  یه‌كێكه‌ له‌ بڕگه‌كانی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌، هه‌موو ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رجه‌م خوله‌كانه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی خانه‌نشین بن، پێویسته‌ ته‌مه‌نیان له‌سه‌رووی 45 ساڵ بێت و 15 ساڵ خزمه‌تیان هه‌بێت، تاوه‌كو خانه‌نشین بكرێن، به‌ پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌ بچنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانی پێشووتریان، بۆ خانه‌نشینكردنیشیان پشت به‌ یاسایی خانه‌نشینی عێراقی ساڵی 2014 ده‌به‌سترێت.

به‌پێی ره‌شنووسه‌كه‌ ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران كه‌ له‌ 24 جۆر ده‌رماڵه‌یه‌، ته‌نها رێكخستنه‌وه‌ی بۆ كراوه‌، پێویسته‌ ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ی جۆره‌كانی ده‌رماڵه‌ی جێگیرو ناجێگیره‌كان وه‌رده‌گرن پێویسته‌ خزمه‌تی فیعلی بكه‌ن له‌ بوارو ئه‌ركه‌كه‌ی خۆیان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە