پرسی هاتوچۆی ژنان و كچان بەتاكسی دەنگدانەوەی زیاتر بەدوای خۆیدا دێنێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 08/12/2019‌ :: 888‌ جار بینراوە
وێنەکە ئەرشیفە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی


دوای ئەوەی رۆژی ٤ تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ئەنجومەنی باڵای فه‌توای یه‌كێتی زانایانی ئیسلامی ده‌رباره‌ی شۆفێریكردنی ته‌كسی له‌لایه‌ن ژنان و حوكمی سوار بوونی ژنان له‌گه‌ڵ شۆفێرانی پیاودا دەرکرد ناڕه‌زایه‌تی جۆراوجۆری به‌دوای خۆیدا هێنا، سەرۆکی یەکێتی زانایان دەڵێت: "ئەوە فەتوا نییە و رونکردەنەوەیە، هۆکارەکەشی بۆ هەڵسوکەوتی شۆفێرانی تاکسی دەگەڕێنینەوە" پارێزەرێکیش دەڵێت: "لەڕووی یاساییەوە هیچ کاریگەری نییە، هاوکات شارەزایەکی بواری ئاینیش ئەوە دەخاتەڕوو کە "لە قورئاندا هاتووە پێغەمبەرانیش نەیانتوانیوە فەتوا بدەن، چ جای لیژنەیەک بێت".


ئەنجومەنی فەتوای هەرێم لەدوایین کۆبوونەوەی خۆی ٨ بڕیاری بە نوسراوێکی فەرمی کە کڵیشەی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستانە، لە رۆژی ٤ کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ دەریکردووە، تیایدا ٨ خاڵی ئاماژە پێداوە و لەژێر ناوی (حوکمی سەرکەوتنی ئافرەت بەتەنیا لەگەڵ شۆفێری تاکسی و حوکمی ئەو پارەیەی کە شۆفێرەکە وەریدەگرێت)" بڵاو كراوەتەوە.

ئەنجومەنی فەتوا لە نوسراوەکەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، بەهۆی زۆربوونی رووداوی ناشەرعی و تاوانی کۆمەڵایەتی، بوونی پرسیاری زۆری هاوڵاتیان سەبارەت بە حوکمی سەرکەوتنی ئافرەت بەتەنها لەگەڵ شۆفیری تاکسی ئەنجومەنی باڵای فەتوا رونکردنەوەیەكی ٨ خاڵی بڵاودەكاتەوە".

ئەو روونکردنەوەیەی ئەنجومەنی باڵای فەتوا ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتەوە و لەوبارەیەوە، پارێزەرێک بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "سەبارەت بەو فەتوایەی یەکێتی زانایانی کوردستان ئەنجومەنی باڵای فەتوا کە ئاماژەی بە کۆمەڵێک بابەت داوە سەبارەت بە هاتوچۆی ڕەگەزی مێینە و وەرگرتنی پارە و شۆفێرانی تاکسی، ئەو فەتوایە لە ڕووی یاساییەوە هیچ کاریگەری و قاڵبێکی یاسایی نییە، کاری یاسایی پێناکرێت".

رێبین سەباح بۆ دواڕۆژ وتیشی: "ئەوە تەداخولکردنێکی راستەوخۆی ژیانی تاک و پێشێلکردنی ئازادی تاکە کەسە، من داوایان لێدەکەم کە ئەگەر بەڕاست یەکێتی زانایان لە خەمی خەڵکی هەرێمی کوردستان دایە، واباشە بە فەتوایەک حکومەت ناچار بکا بە دانەوەی قەرزی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرو مامۆستایان و خانەنشینان".

دوای بڵاوبوونەوەی نوسراوکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هاوکات لە میدیا لۆکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان، کاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.

لەبارەی نوسراوەکە، دکتۆر یونس راوی، شارەزا و رەخنەگری ئاینی لەبارەی ئەو روونکردنەوەیەی ئەنجومەنی باڵای فەتوا بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "زۆر نا لۆژیکییە لە سەدەی ٢١، کە ترۆپکی زانست و زانین و فەلسەفە و جیهانگیرییە، تۆ بێیت بەناوی خودا ژنان ئامۆژگاری بکەیت، چۆن چۆنی لەگەڵ تاکسی هاتووچۆ بکەن، لەکاتێکدا زۆرینەی ئەو ژنانەی تۆ ئامۆژگارییان دەکەیت، ئەکادیمیست و خوێنەوار و دونیادیدە و تێگەیشتون".

هەروەها دەشڵێت: "بەپێی هەموو بنەمایەک کەس بۆی نییە فەتوا بدات، تەنانەت پێغەمبەریش ئەو مافەی نییە، چونکە ئایەتی (176) سوڕەتی (النساء) دەفەرموێت: "ئەی موحەممەد داوای فەتوات لێدەکەن، بڵێ بەتەنها خودا فەتوا دەدات، هەروەها لە ئایەتی (127) هەمان سوڕەت دەفەرموێت: "دەربارەی ژنان داوای فەتوات لێدەکەن، بڵێ خودا فەتوایان بۆ دەدات، بۆیە ئەوە نالۆژیکییە".

یونس راوی ئەوەش دەخاتەڕوو،  ئەم جۆرە فەتوایانە سوکایەتییە بە پیاوان، کە لەتەنهایی ژن دەرفەت وەردەگرن بۆ تەحەروش و پەلاماردانیان، هەروەها توندتوژییە دژ بە ژنان، کە ناقصی عەقڵ و دین و ئیرادە و هێزن، ناتوانن بەرگە بگرن بەرامبەر پیاو، پرسیارەکەش ئەوەیە ئەو ژنانەی سینگڵن، ئۆتۆمبێلیشیان نییە، خوێندن یان کار یان ئەرکیان لەسەرە، چیبکەن؟".

هەریەک لە دوو ناوەندی باڵای هەرێم رەخنەی توند لە رونکردنەوەکە دەگرن ئەوانیش هەریەکە لە ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و ناوەندی سیکۆلارە و بە ئازادی پێشێلکردن و نالۆژیکی و پێشێلکردنی ئازادی تاک و کەمکردنەوەی هەیبەتی دەزگا یاساییەکانی هەرێم ناوی دەبەن".

لەوبارەیەوە ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان کە سەربە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە رەخنە لە رونکردنەوەكە دەگرێت و بەفەرمی دوێنێ هەینی لەراگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا "وروژاندنی ئه‌م بابه‌تانه‌ خزمه‌ت به‌ ئاشته‌وایی و هاوژیانی و یه‌كسانی و مافه‌كانی مرۆڤ ناكات، ئه‌م فه‌توایه‌ پێشێلكردنی كه‌رامه‌تی ژن و پیاوه‌، به تایبه‌تی برایانی شۆفێری ته‌كسی".

هەروەها، ناوەندی سیکۆلار لە هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو روونکردنەوەیەی ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: "خودی بوون و کاری ئەم لیژنەیە دەستوەردانی ئیسلام و شەریعەتەکەیەتی لە ژیانی مەدەنی خەڵکی کوردستاندا و پێویستە هەموو فەتوا و بڕیارەکانی وەک کارێکی نایاسایی و دوور لە شێوازی بەڕێوەبردنی مەدەنیانەی کۆمەڵگە دابنرێت، هەیبەتی دەزگا شەرعی و یاساییەکان کەمدەکاتەوە".

هەروەها هاتووە، پێویستە ژنان و خەڵکی سێکولار و ئازادیخوازی کوردستان داوای جیایی تەواوی دین لە دەوڵەت و دەستێوەردانی شەریعەتی ئیسلامی لە ژیانی گشتیدا و خواستی قەدەغەکردنی ئەم لیژنەی فەتوا و هەموودەزگایەکی فەرمی دینی بەڕوی دەسەڵاتداراندا بەرز بکەنەوە."

لەبارەی کاردانەوەکان، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "خەڵک و ئەوانەی رەخنەش دەگرن لە بابەتەکە نەگەیشتوون و لەدوورەوە بڕیاریان داوە و ناکرێت ئاوا بەبێ زانیاری قسە لەسەر بابەتەکە بکرێت".

دکتۆر عەبدوڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان لەوبارەیەوە تایبەت بۆ دواڕۆژ وتی: "ئەو نوسراوەی ئەنجومەنی باڵای فەتوا تەنیا روونکردنەوەیە و فەتوا نییە زۆربەی ئەوانەی قسەی لەسەر دەکەن لێی تێنەگەیشتوون و نازانن چۆنە و چییە، بۆیە ناکرێت لەدوورەوە بڕیاری لەسەر بدرێت".

دەشڵێت: "ئێمە ئەو روونکردنەوەیەمان گشتگیر نەکردووە بۆ هەمووان، تەنیا بۆ دوو حاڵەتمان دیاریکردووە، یەکەم هاتووچۆی ژنان و ئافرەتان بە تاکسی بۆ دەرەوەی شار، دووەم بۆ ئەو ژنانەی کە گومانیان لە شۆفیری تاکسی هەیە و هاوکات ئەو شۆفئیرانەشی گومانیان لە ژنێک هەیە".

سەرۆکی یەکێتی زانایان بۆ دواڕۆژ، رونیشدەکاتەوە، بەهیچ جۆرێک رونکردنەوەکە تەداخولکردن نییە لە ئازدی تاکە کەسی، ئەوانەی وادەڵێن لە رونکردنەوەکە حاڵی نەبوون و بۆ رونکردنەوەکەش سودمان لە وڵاتی ئوردون و میسر وەرگرتووە، ئەوەش بۆچوونی دکتۆر عەلی جومعەیە کە بەناوبانگە لە جیهانی ئیسلامیدا".

هەروەها دەشڵێت: "ئێمە وتومانە واباشترە ئەو کارە نەکرێت نەک بڵێین حەرامە و نابێت ئەوەش فەتوای قەتعی نییە و تەنیا رونکردنەوەیە و هیچی تر".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure