وردەکاری هێرشەکەی سەر گۆڕەپانی خەلانی

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 08/12/2019‌ :: 477‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

وەکو هەموو هەر هەینیەکی دیکە، دوای وتاری مزگەوت و حوسێنییەکان، خەڵکێکی زۆر لەبەغدا و پارێزگاکانی دیکە بۆ بەشداربوون لەخۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریر کۆببوونەوە.


قەرەباڵغی و زۆریی ژمارەی خۆپیشاندەران وادەکات بەوردی پشکنین بۆ هەموو خەڵک نەکرێت بەتایبەت ئەو خۆپیشاندەرانەی بەناوی پارێزگاکانەوە خۆیان خزاندە نێو گۆڕەپانەکە، پشکنینی خەڵک لەلایەن کۆمەڵێک گەنجەوە ئەنجامدەدرێت کە بەشێکیان خۆبەخشن و بەشێکیشیان لایەنگرانی سەدرن کە پێیان دەوترێت كڵاو شینەکان.

پاش نیوەڕۆی ئەو رۆژە "هەینی ٦ی کانونی یەکەم" لەلایەن لیژنەی هەمەهەنگکاری خۆپیشاندەرانەوە، گەنجی پارێزگاکان دەگوازرێنەوە بۆ گۆڕەپانی خەلانی، بەهۆی ئەوەی کە دەیانەوێت بمێننەوە، بۆیە دەبرێنە نێو گەراجی سنەک کە لەچوار نهۆم پێکدێت و جێگا و خێوەتگەیان بۆ دابیندەکرێت."

نزیک کاتژمێر ٦ی ئێوارە کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلی جۆری پیکاب دەبڵی نوێ، مینی پاس و هۆندای ستارێکس گەمارۆی گۆڕەپانی خەلانی دەدەن.

لەپڕ ئەو خۆپیشاندەرانەی بەناوی خەڵکی پارێزگاکانەوە شوێنیان بۆ دابینکراوە، لەگەراجەکە دێنە خوارەوەو لەلایەن ئۆتۆمبێڵەکانەوە چەک و تەقەمەنییان بەسەردا دابەشدەکرێت، ئیدی چیرۆکی کۆمەڵکوژییەکەی گۆڕەپانی خەلانی دەستپێدەکات.

چەکدارەکان کە ژمارەیان زۆر بووە، دەستدەکەن بەتەقەکردن، چەکی سوک و مامناوەند بەکاردەهێنن، ژمارەیەکیشیان دەست بەسەر گەراجەکەدا دەگرن کە دوای چێشتخانەی تورکی "شاخی ئوحد" گرنکترین شوێنە لەلای خۆپیشاندەران بەو پێیەی ستراتیجییەوە و دەڕوانێتە سەر پردی سنەک کە یەکێکە لەدەروازەکانی ناوچەی سەوز.

ساڵح سویدی یەکێک لەچالاکوانانی گۆڕەپانەکە بۆ دواڕژ دەڵێت: "مۆبایل و جزدانی گەنجەکانیان بردووە و چوار کەسیش ئامادە نەبوون پابەندی داواکارییەکانیان بن، بۆیە لەپردی سنەکەوە خراونەتە خوارەوە".

دەشڵێت: "دەسترێژی سێکسی کراوەتە سەر دوو کچی چالاکوان و پرچی پەرستیارێکیش بڕدراوە وەکو ئەتک کە میدیاکان لێی بێ ئاگان".

پێنج رێگای سەرەکی دەچنەوە سەر گۆڕەپانی خەلانی، کە بریتین لە دوڕیانی گەیلانی، وەسبە، گۆڕەپانی تەیەڕان، گۆڕەپانی تەحریر و پردی سنەک.

زۆربەی ئەو رێگایانە لەنزیک گۆڕەپانەکە لەلایەن کڵاو شینەکانەوە چاودێری دەکرێن و دەپارێزرێن، لەتەوقی دوەمیشدا پۆلیسی نەهێشتنی ئاژاوەو هێزە سەربازییەکانن کە لەسەر داوای سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشراو، بێ چەکن، بەڵام لەدەوریی ئەوان دەیان بازگە بوونیان هەیە.

بەوتەی خالد شەهدانی یەکێک لەچالاکوانانی گۆڕەپانی تەحریر کە شەوی رووداوەکە ئامادە بووە و قسەی بۆ دواڕۆژ کردووە "لەگەڵ کۆمەڵێک گەنجدا لەتەحریرەوە بەرەو گۆڕەپانی خەلانی چووین بۆ بەهاناوەچوونی خۆپیشاندەران، بەڵام بەهۆی دەستڕێژی گولەوە نەمانتوانی بگەین".

ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات کە چەکدارەکان بێ بەزەییانە تەقەیان دەکرد و خەڵک لەشەقامەکاندا دەکەوتن، ئەگەر خێرایی بڵاوەپێکردن و کشانەوەمان نەبوایە بەئاڕاستەی ساترەکانی نێوان خەلانی و تەحریر، ئەوە قوربانییەکان زیاتر دەبوون.

دوای زیاتر لەسێ کاتژمێر چەکدارەکان لەگۆڕەپانەکە دەکشێنەوە بەبێ ئەوەی لەو ماوەیەدا هیچ هێزێکی سەربازی دەستوەردان بکات یاخود رووبەڕوویان ببێتەوە.

بەپێی ئامارەکان، لەئەنجامی هێرشەکەدا ٢٩ خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە١٣٠ کەسی دیکەش برینداربوون، دڕندەیی تاوانەکە وایکرد زۆربەی ناوەند و رێکخراوە جیهانییەکان ئیدانەی بکەن و بەکۆمەڵکوژی ناوی بێنن.

کەناڵی حوڕەی عێراق، کە ناوەندی سەرەکی لەئەمریکایە و لەئێستادا لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە کارکردنی قەدەغەکراوە، لەراپۆرتێکدا ناسنامەی چەکدارە هێرشبەرەکانی ئاشکرا کردووە.

کەناڵەکە پشتی بەستووە بە نوسراوێکی نهێنی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی بەغدا کە بەیانی ئەو رۆژە ئاڕاستەی کراوە، تێیدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات کە نزیکەی ٤٠٠ چەکداری یەکینەی حزبوڵای عێراق لەنێو مزگەوتی بەقیعوڵای شەقامی فەڵەستین کۆکراونەتەوە کە هەر ئەوانیش بوون کۆمەڵکوژییەکەیان ئەنجامداوە.

ئەو نوسراوەیش ئەوەندەی دیکە کەمتەرخەمی هێزە ئەمنییەکانی بەغدا بەرامبەر بەپاراستنی خۆپیشاندەران نیشاندەدات بەتایبەت کە زانیاری پێشوەختیان هەبووە.

یەکینەکانی حزبوڵای عێراقی، گروپێکی چەکداری شیعە مەزهەبن، ساڵی ٢٠٠٣ دروستبووە و تەمویل و چەک و راهێنانیان لەلایەن وەڵاتی ئێرانەوەیە، ئەبو مەهدی موهەندس سەرپەرشتی گروپەکە دەکات و دیارترین دروشمیان دەرکردنی ئەمریکایە لەعێراق و بەرگریکردنیشە لەپیرۆزییەکانی شیعە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure