دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ "دیارنه‌مانی 63 ملیار دینار" ده‌كات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 07/12/2019‌ :: 1406‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی عیسا عه‌بدولقه‌هار


له‌سه‌ر داواكاری سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان، دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ "دیارنه‌مانی 63 ملیار دینار" ده‌كات، كه‌ نزیكه‌ی شه‌ش ساڵ پێش ئێستا بڕیاری خه‌رجكردنی دراوە، به‌ڵام پاره‌كه‌ به‌ چه‌ند وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌یه‌ك نه‌گه‌یشتووه‌.


له‌ كۆتایی مانگی ئازاری 2013 حكومه‌تی هه‌رێم بڕی 106 ملیار دیناری له‌ بودجه‌ی بەكاربردنی دامه‌زراوه‌كانی (سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، په‌رله‌مان، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، ده‌زگای ئاسایش و یه‌ده‌گی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوروی هه‌رێم)ی بڕی، دواتر وه‌زاره‌تی دارایی به‌ بڕیاری ژماره‌ (4642) له‌ هه‌مان ساڵدا بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌تی جێبه‌جێكرد.


به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، ده‌بوو پاره‌كه‌ بڕی 40 ملیار دیناری بدرێت به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌خشینی به‌و پێشمه‌رگانه‌ی مووچه‌كانیان له‌ 600 هه‌زار دینار كه‌متره‌، 10 ملیار دینار بۆ پاڵپشتی مووچه‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان كه‌ مووچه‌ی ئه‌وانیش له‌ 600 هه‌زار دینار كه‌متره‌، هه‌روه‌ها 10 ملیار دینار بۆ دروستكردنی خانوو بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان و 20 ملیار دیناریش بۆ پایته‌ختی رۆشنبیری و 10 ملیار دیناری دیكه‌ بۆ كۆمه‌كی سندوقی تووشبووانی شێرپه‌نجه‌، پێنج ملیار بۆ ئه‌و كه‌مئه‌ندامانه‌ی رێژه‌ی كه‌مئه‌ندامییان له‌ 49%ه‌، پێنج ملیار دینار بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خوێندنگه‌كان، سێ ملیار دینار بۆ ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ و دوو ملیاریش بۆ ده‌سته‌ی ژینگه‌و ملیارێكیش بۆ ئه‌نجومه‌نی خانمان.


دوای به‌دواداچوونی په‌رله‌مانتار سۆران عومه‌ر، ده‌ركه‌وتووه‌ له‌ كۆی 106 ملیاره‌كه‌دا، بڕی 63 ملیار دینار دیارنه‌ماوه‌.


وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌كۆتایی مانگی كانوونی یه‌كه‌می 2014 وه‌ڵامی سۆران عومه‌ریان داوه‌ته‌وه‌ كه‌ 40 ملیار دیناره‌كه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌، هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی كار به‌ ره‌سمی له‌ مانگی ئابی 2014 رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و پێنج ملیار دیناره‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌.


دوای وه‌ڵامی هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كه‌، سۆران عومه‌ر به‌دواداچوون بۆ پاره‌كانی دیكه‌ ده‌كات و بۆی ده‌ركه‌وتووه‌‌، ئه‌و 10 ملیار دیناره‌شی كه‌ بۆ دروستكردنی خانوو بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان بڕیاری لێ درابوو، به‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ نه‌دراوه‌.


جگه‌ له‌وه‌، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ش به‌ نووسراوی ژماره‌ (395) له‌ 25ی ئایاری 2015 به‌ سۆران عومه‌ر-ی راگه‌یاندووه‌، كه‌ ئه‌وانیش پێنج ملیاره‌كه‌یان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌، هه‌روه‌ها ده‌سته‌ی ژنیگه‌ش به‌ نووسراوی ژماره‌ (526) له‌ 2ی نیسانی 2015 كه‌ بۆیان دانرابوو، جێبه‌جێنه‌كراوه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ش ئه‌نجومه‌نی كاروباری خانمانیش ره‌تیانكردۆته‌وه‌  پاره‌كه‌یان وه‌رگرتبێت.


له‌ماوه‌ی ئه‌و شه‌ش ساڵه‌، چه‌ند جارێك دیارنه‌مانی ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌به‌ر باس، به‌ڵام تائێستا حكومه‌ت به‌ره‌سمی هۆكاری "دیارنه‌مانی" ئه‌و 63 ملیار دیناره‌ی ئاشكرا نه‌كردووه‌.


له‌ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان جارێكی دیكه‌، سۆران عومه‌ر بڕیاریدا كار له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌ بكاته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌یلولی ئه‌مساڵ داوا له‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌كات داوا له‌ لیژنه‌ی ده‌سپاكی و كاروباری په‌رلەمان و سكاڵا بكرێت به‌دواداچوون بكەن بۆ دیارنه‌مانی 63 ملیار دیناره‌كه‌، بۆیه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌ 5ی تشرینی دووه‌می 2019، دۆسیه‌ی دیارنه‌مانی پاره‌كان بۆ چاودێری دارایی هه‌رێمی كوردستان ده‌نێرێت و تیایدا داوا له‌ دیوانی چاودێری هه‌رێم ده‌كات به‌دواداچوون بكات بۆئه‌وه‌ی هۆكاری "به‌هه‌ده‌ردان و دیارنه‌مان"ی پاره‌كه‌ی دیاری بكرێت؟.


له‌ وه‌ڵامی داواكارییه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان، دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێمی كوردستان به‌ نووسراوی ژماره‌ (601) له‌ 19ی تشرینی دووه‌می 2019 بڕیاریداوه‌ به‌ پێكهێنانی پێنج كه‌س له‌ (كه‌سانی پسپۆڕو شاره‌زا) لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دیارنه‌مانی 63 ملیار دیناره‌كه‌.


دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ دوای ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی لێ ئاگادارده‌كه‌نه‌وه‌.


سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "كار له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌ ده‌كه‌ن و تاوه‌كو ئه‌نجامی راست و دروستی دیارنه‌مانی ئه‌و 63 ملیار دیناره‌‌ ئاشكرا نه‌كه‌ن واز له‌و دۆسیه‌یه‌ ناهێنن".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure