سەرۆکایەتی هه‌رێم له‌سه‌ر به‌رده‌واميی خۆپیشاندانه‌كانی عێراق راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 07/12/2019‌ :: 375‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی

سەرۆکایەتی هه‌رێمی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت "به‌ نیگه‌رانییه‌كی زۆره‌وه‌ له‌ به‌رده‌وامیی ڕووداو و توندوتیژییه‌كانی به‌غدا و پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق ده‌ڕوانین، ئه‌و كوشتاره‌ی به‌رامبه‌ر به‌ خۆپیشانده‌رانی سڤیل له‌ پردی سنه‌ك و گۆڕپانی خللانی له‌ به‌غدا كرا، تاوانی بێ پاساون".


(ئه‌مشه‌و شه‌ممه‌ 7ی كانوونی یه‌كه‌می2019) سه‌رۆكایه‌تی هەرێمی کوردستان له‌ راگه‌یەندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ئه‌وانه‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران ئه‌نجام ده‌ده‌ن تاوانكاران هه‌ر كێ و له‌ هه‌ر لایه‌نێكه‌وه‌ بن، داموده‌زگا و لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كانی عێراق ده‌بێ بیاندۆزنه‌وه‌ و به‌پێی یاسا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، له‌كاتێكدا پرسه ‌و سه‌ره‌خۆشیی قووڵمان ئاڕاسته‌ی كه‌سوكاری قوربانییان ده‌كه‌ین و هاوخه‌میانین، هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌ش‌ بۆ برینداران ده‌خوازین، دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ خۆپیشاندانی ئاشتییانه‌ و سڤیل، مافێكی ده‌ستووریی ڕه‌وا و پارێزراوه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵكراو نییه‌ ئه‌و زێده‌ڕۆییه‌ له‌ توندوتیژی‌ به‌رامبه‌ر به‌ خۆپیشانده‌ر‌ان به‌كار بێت و بكرێنه‌ ئامانجی ده‌ستڕێژ و هێرشی له‌وجۆره‌.

له‌ كۆتاییشدا هاتووه، ئه‌ركی هه‌موو لایه‌كه‌ به‌ گیانێكی نیشتمانیی به‌رپرسیارانه‌وه‌، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا بكه‌ن تاكو له‌ ده‌ست ده‌رنه‌چێت و پێشهاتی ترسناكتر ڕوو نه‌ده‌ن، چیتریش خوێن نه‌ڕژێت و هه‌مووان له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا بجووڵێنه‌وه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure