داوای دانیشتنێكی به‌په‌له‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێـت

هەواڵ / عێراق :: 07/12/2019‌ :: 911‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا


ئه‌ندامێكی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 7ی كانونی یه‌كه‌می 2019 داوای كرد، دانیشتنێكی به‌په‌له‌ی په‌رله‌مان بكرێت، به‌ ئاماده‌بوونی فه‌رمانده‌ ئه‌منییه‌ باڵاكان، بۆ تاوتوێكردنی به‌ئامانجكردنی خۆپیشانده‌ران.

حه‌سه‌ن كه‌عبی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێت: "داواده‌كه‌ین رۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو كاتژمێر یه‌كی دوای نیوه‌ڕۆ دانیشتنێكی به‌په‌له‌ی په‌رله‌مان ببەسترێت، به‌ ئاماده‌بوونی فه‌رمانده‌ ئه‌منییه‌ باڵاكان، به‌تایبه‌ت فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی به‌غدا، بۆ تاوتوێكردنی به‌ئامانجكردنی خۆپیشانده‌ره‌ ئاشتیخوازه‌كان له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراو، له‌ ناوچه‌ی سنه‌كی ناوه‌ڕاستی به‌غدای پایته‌خت كه‌ ژماره‌یه‌ك كه‌سی كرده‌ قوربانی".

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، فه‌رمانده‌ ئه‌منییه‌كان ده‌بێت به‌پرسیارێتی پاراستن و ئاسایشی خۆپیشانده‌رانی ئاشتیخواز هه‌ڵگرن، كه‌ داوای چاكسازی و گۆڕانكاری و بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن.

پێداگریشی كردووه‌ له‌سه‌ر، توندكردنی رێوشوێنی ئه‌منی بۆ پاراستنی گیانی خۆپیشانده‌رانی ناڕازی له‌ به‌غدا و پارێزگاكانی تری.

ده‌شڵێت: "ده‌بێت سزای هه‌موو ئه‌و لایه‌ن و كه‌سانه‌ بدرێت، كه‌ تێوه‌گلانیان ده‌سه‌لمێنرێت، له‌ كوشتنی خۆپیشانده‌رانی به‌غدا و پارێزگاكانی تر، سه‌رباری به‌ ئامانجكردنی ئاسمانی ناوچه‌ی حه‌نانه‌ له‌ شاری نه‌جه‌ف".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure