كێ‌ هیتلەری كرد بەو هیتلەرە؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 07/12/2019‌ :: 728‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

1ی نیسانی ساڵی 1924 ئەدۆڵف هیتلەر وێنەكێشێكی شەرمن و جوندییەكی پێشووی نەمساویی خرایە زیندانێكی هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیا، بە تۆمەتی ئەوەی بەشداریی كردووە لە رێكخستنی كودەتایەكی شكستخواردوودا كە 18 كەسی تێدا كوژراوە چواریان پۆلیس بوون. لەوكاتەدا هیتلەر تەمەنی 34 ساڵ بووە و سزانی پێنج ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە.

هیتلەر كە زیندانی كرا سەركردەیەكی نەناسراوی بزووتنەوەیەكی سیاسی بچكۆلە و هەژار و نەفام و دژەسامیی بوو، كە پێی دەگوترا پارتی كرێكارانی نەتەوەیی سۆشیالیستی ئەڵمانیی. نۆ مانگ پاشتر هیتلەر زیندانی بەجێ‌هێشت بەڵام پاش ئەوەی گۆڕانكارییەكی گەورە بەسەر كەسایەتیدا هاتبوو. لە كەسێكی شەرمن واوە كە متمانەی بەخۆی نەبوو بووبووە كەسایەتیەكی متمانەبەخۆبوو. گرنگترین كاری هیتلەر لەو ماوەیەدا نووسینی كتێبی (خەباتی من) بوو. كە لە دوو بەرگ پێكهاتووە و بریتین لە كۆمەڵێك بیرەوەریی و وتاری سیاسی.

كاریگەری ئەم كتێبە لە پلەی یەكەمدا ئەوەبوو كە نووسەر و بابەتەكەی كرد بە دوو بابەتی پیرۆز لەلای خەڵكی ئەڵمانیا بەگشتی. هیتلەر بوو بە حیزبی نازی و زیندانەكەش بووە تاقیگایەك بۆ هەردووكیان.

لە رابوردوودا گەلێك نووسین و توێژینەوە دەربارەی هیتلەر بڵاوكراونەتەوە بەڵام گرنگترین نووسین ئەو ژیاننامەیەی هیتلەرە كە (ئۆل ریچ) نووسیویەتی و تیایدا دەڵێت: (زۆر دەمێكە پیشەسازیی خۆشحاڵكردنی جیهانی هیتلەری كردووە بە سیمبولێكی وروژێنەری ترس.)

شانبەشانی ئەمە كتێبەكە ئاماژە بۆ راستییەكی دیكە دەكات سەبارەت بە هیتلەر و دەڵێت لێكۆڵینەوەكانی پێشتر هەمیشە بەلایەكیاندا شكاندووە، واتە یان زۆر گرنگی بە خەسڵەت و تواناكانی خودی هیتلەر دەدەن یان دەڵێن كۆمەڵێك هێزی سیاسی و رۆشنبیریی گەورە هیتلەریان كردووە بە سەركردە.

بەڵام گومانی تێدا نییە ئەو ماوەی زیندانیبوونە توانی باوەڕی هیتلەر بە خۆی و بە ئەركە مێژووییەكەی پتەو بكات. هاوڕێ‌ زیندانییەكانی كە لەسەر ئەو هەوڵە كودەتاییە زیندانی كرابوون هەموو رۆژێك بە رێوڕەسمێكی تایبەت هیتلەریان دەدایە پێش خۆیان لە زینداندا بەتایبەتی لەكاتی نان خواردن و وەكو سەركردەیەك رەفتاریان لەگەڵدا دەكرد.

مێژوونووسەكان دەڵێن زیندانەكەی ئەوكاتە بەلای هیتلەرەوە زۆر خۆش بوو، لەڕاستیدا زۆر خۆشتر بوو لە زوربەی شوقە داڕووخاوەكان و بەشە ناوخۆییە بچوكەكان كە هیتلەری لاو لەسەردەمی هەرزەكاریی و لاوێتیدا بەشێكی تەمەنی خۆی تێیاندا بەسەر بردبوو.

لەو سەردەمەدا كە هیتلەر زیندانی كرابوو بیروباوەڕی سۆشیالیستی نەتەوەیی لەبرەودا بوو، ئەمەش ترسێكی گەورەی لەلای حكومەتی باڤاریی دروست كردبوو. هیتلەر لە زینداندا كارئاسانی زۆری بۆكرابوو. زیندانەكەی بریتی بوو لە ژوورێكی گەورە كە رایەخی تێدا راخرابوو دەیڕوانی بەسەر دیمەنێكی جواندا و سێ‌ ژەمە خواردنی باشی بۆ ئامادە دەكرا.

هەوڵە كودەتاییە شكستخواردووەكەی هیتلەر و سزای زیندانییكردنەكەی بۆ جەماوەری ئەڵمانی سەلماند كە هیتلەر هەر پیاوی قسە نییە بەڵكو لە تەنگانەشدا ئامادەیە مەترسییەكان بهێنێتە سەر شانی خۆی. بۆ خودی هیتلەریش زیندان ئەركی خەرجی ژیانی رۆژانەی لەكۆڵ كردەوە و بوارێكی باشی بۆ رەخساند لەگەڵ هەوادارەكانیدا دیدار و گفتوگۆ بكات. هیتلەر هێندە حەساوە و دڵخۆش بوو كە كات و توانای ئەوەی هەبوو كتێبی (خەباتی من) بنووسێت و لەسەر ئامێرێكی چاپ كە لێپرسراوانی زیندان پێشكەشیان كرد.

هیتلەر لە زینداندا تەواو حەسایەوە و تواناكانی خۆی پێشخست لە بوارەكانی وتەبێژیی و سەركردایەتیدا. بەپێچەوانەی رەفتاری گشتییەوە، هیتلەر لە زینداندا فریشتەیەكی نموونەیی بوو، خۆی بەدوور دەگرت لە هەموو رووبەڕووبوونەوەیەك لەگەڵ دەسەڵاتدارانی زیندانەكەدا. هیتلەر لە زینداندا ئەو راستییە تێگەیشت كە توندوتیژی بۆ رووخاندنی حكومەت سوودی نییە چونكە دەوڵەت رەگ و ریشەی قووڵی هەیە و هەموو چەكەكانی بەدەستەوەیە.

بەم قەناعەتە تازەیەوە هیتلەر لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 1924دا پێش تەواوبوونی حوكمەكەی لە زیندان ئازاد كرا و دەستبەجێ‌ دەستی كرد بە رێكخستنەوەی حیزبەكەی و بانگەشەكردن بۆ كتێبەكەی. بارودۆخی سیاسی و ئابووریی ئەوكاتە یارمەتیدەر بون بۆ ئەوەی خەڵك لەدەوری كۆببنەوە و بكەونە ژێر كاریگەریی بیروباوەڕەكانی هیتلەر كە دژی سامیی بون. 

زیندانی لاندسبێرگ و ماوەی زیندانیكردنەكەی هیتلەریان ئامادە كرد ببێت بەو كەسایەتییە دیكتاتۆرەی ئەڵمانیا.

 

 

سەرچاوە: رۆژنامەی ناشیۆناڵ ئینترێست



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure