نوسراوێكی وه‌زیری كشتوكاڵ ساختە ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 07/12/2019‌ :: 355‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 


وه‌زیری كشتوكاڵی هه‌رێم دڵنیایی ده‌داته‌ هاوڵاتیان كه‌ ئه‌و نوسراوه‌ی به‌ناوی ئه‌وه‌وە كراوه،‌ بۆ رێگه‌دان به‌ هاورده‌ كردنی دوگی به‌ستوو، ته‌زویره‌ و رێككاری یاسایی دژ به‌م كاره‌ ده‌گرنه‌ به‌ر. 


بەپێی نوسراوێكی وەزیری کشتوکاڵ بە ژمارە (٨٤٠٤٣) كه‌ رۆژی 24ی مانگی رابوردوو ده‌رچووه‌ تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌: ره‌زامه‌ندی دراوە به‌ كۆمپانیای ئه‌نسكۆ بۆ بازرگانی گشتی سنووردار كه‌ 10 هه‌زار ته‌ن دوگی به‌ستوو له‌ڕێگه‌ی مه‌رزی باشماخه‌وه‌ هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات. 

له‌وباره‌یه‌وه‌ بێگه‌رد تاڵه‌بانی وه‌زیری كشتوكاڵی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئەم نوسراوە ساخته‌ كراوه‌و به‌یانی ڕێکكاری یاسایی دژ به‌م كاره‌ ده‌گرنه‌ به‌ر".

هاوكات سۆران عومه‌ر، ئه‌ندامی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ به‌ دواداچوونی بۆ ئه‌م كه‌یسه‌ كردووه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "کارەساتەكه‌ لەوەدایە بەم نوسراوە لە مەرزی باشماخەوە دوگی قاچاخ بھێنرێته‌ ناو هه‌رێمی كوردستان". 

وتیشی: "پێویستە ئەو كه‌سه‌ی ئەم نووسراوه‌ی ساخته‌ كردووه‌ بدۆزرێتەوەو دەستگیر بکرێت، چونكه‌ ده‌بێت بزاندرێت  ئاخۆ نوسراو و مۆر و واژۆی وەزارەتی تەزویر کردووە یان لەوەزارەت بەبێ ئاگاداری وەزیر ئه‌م كاره‌ كراوه‌". 

نوسراوە ساختەکە

 

وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمیش لەوبارەیەوە راگەیەنراوێكی لەوبارەیەوە بڵاوكردۆتەوە كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:

ڕاگەیەنراوێک لە وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
کەسێکی ساختەکار ، بە نووسراوێکی ساختە هەوڵی هاوردەکردنی بڕێکی یەکجار زۆر دوگ (دوونگی مەڕ)ی بەستووی داوە، کە زیاتر لە ۱۰ ساڵە هاوردە کردنی بە گوێرەی یاسای کەرەنتینەی ڤێتەرنەری لە سەرتاسەری عیراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە قەدەغەیە.
نووسراوەکە لەسەر کڵێشەیەکی ساختە و دروستکراو کە جگە لە ساختەیی کڵێشەکە و لەیەکنەچوونی لەگەڵ کڵێشەی وەزارەتمان، دەقی نووسراوەکەش پڕە لە هەڵەی تەکنیکی و ئیداری زەق، هەر وەها ئیمزای ساختە بە ناوی وەزیری کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو خراوەتە سەر نووسراوەکە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی باشماخ کراوە.
خۆشبەختانە ستافی گومرگی باشماخ وریایانە درکیان بە ساختەیی نووسراوەکە کردووە.
ڕێکاری یاسایی گیراوەتەبەر ، لە ئێستادا لە پێناو بەڕێوەچوونی بەدواداچونە یاساییەکان تەنیا هێندە زانیاری دەخەینە بەردەست و لە داهاتوودا ووردەکاریی زیاتر دەخەینە ڕوو.
وتەبێژی فەرمی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure